بەغداو هەرێم: دوو موچە بەپێشمەرگە نادرێت

kirkuknow1kurdish
هێزێكی پێشمەرگە لە كەركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

هێزێكی پێشمەرگە لە كەركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

هەردوو وتەبێژی حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستان، بێئاگایی خۆیان نیشاندەدەن لەخەرجكردنی دوو موچەی هێزەكانی پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانیش دەڵێت ئەو بڕیارە تەنیا قسە بووە.

لەچەند رۆژی رابردودا دەنگۆی دابەشكردنی دوو موچە بەسەر هێزەكانی پێشمەرگەدا بڵاوبویەوە بەبڕیاری حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بەڵام وتەبێژی حكومەتی عیراق دەڵێت بێ ئاگایە لەبڕیارێكی لەو شێوەیە.

سەعد حەدیسی، وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند “ئاگاری ئەو بڕیارە نیم، ناتوانم ئەوە پشتڕاستبكەمەوە یانیش رەتیبكەمەوە.”

هاوكات، سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوەی رەتكردەوە كە هیچ بڕیارێك هەبێت بۆ خەرجكردنی دوو موچەی هێزی پێشمەرگە لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق.

وتیشی “بەفەرمی هیچ نوسراوێك یان بڕیارێك نە لەمەكتەبی دكتۆر عەبادی یان وەزارەتی دارایی بەدەستمان نەگەیشتووە بۆ خەرجكردنی دوو موچەی هێزەكانی پێشمەرگە، بەڵكو ئەوەی هەیە تەنیا لەراگەیاندنەكان باسكراوە.”

هەروەها رونیكردەوە “جگە لەمەش، ئەو بڕە پارەیەی باسی دەكەن كە 35 ملیار دینارە، لەڕاستیدا كێشەی وەزارەتی پێشمەرگە چارەسەر ناكات، چونكە ئەوەی وەك موچە دەدرێت بەپێشمەرگە چوار بەقەد ئەو بڕە پارەیەیە كەئەوان دەستنیشانیان كردوە.”

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش رەتیكردەوە كە عەبادی بڕیاری دابێت دوو موچەی هێزەكانی پێشمەرگە خەرجبكات.

ئەحمەدی حاجی رەشید وتی “ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، ئەوەیان لەزاری هۆشیار زێباری بڵاوكردەوە گوایە زێباری پێیڕاگەیاندون كە قسەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی كردوە بۆ خەرجكردنی دوو موچەی هێزەكانی پێشمەرگە، بەڵام ئەوە تەنیا قسە بوو”.

كەركوك ناو، هاوڵاتی



سه‌رچاوه‌Kirkuk Now

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات