٢٢ کۆچەر لە دەریای ئیجەدا خنکان

chalack

بەھۆی نقوم بوونی دوو بەلەمی گواستنەوەی کۆچەرانەوە، ٢٢ کۆچەر لە دەریای ئیجە خنکان کە لەناویاندا ٩ منداڵ ھەیە.

لەوبارەیەوە ھێزەکانی پاراستنی کەناراوەکانی یۆنان رایانگەیاندووە، توانیویانە ١٤٤ کۆچەر لە دوو رووداوی نقوم بوونی بەلەمی کۆچەراندا لە خنکان رزگار بکەن، بەڵام لەو دوو رووداوەدا ٢٢ کەس گیانیان لەدەستداوە کە لەناویاندا ٩ منداڵ ھەیە کە تەمەنی ژمارەیەک لەو منداڵانە چەند مانگێکە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە نقوم بوونی ئەو بەلەمانە بەھۆی خراپی بارودۆخی کەشوھەواوە بووە.

بەھۆی دووبارە بوونەوەی رووداوەکانی خنکانی کۆچەرانەوە لە ئاوەکانی دەریای ئیجە، سەرۆک وەزیری یۆنان حکومەتەکانی وڵاتانی خۆرئاوا تۆمەتبار دەکات بەوەی کە ئەوان ھۆکاری ئەوەن کە خەڵکی وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەراست ژیانی خۆیان رووبەرووی مەترسی مەرگ بکەنەوە بۆ ئەوەی بگەنە وڵاتانی ئەوروپا.

ئەلێکسیس سیپراس سەرۆک وەزیری یۆنان، رایگەیاندووە کە دەستێوەردانی سەربازی وڵاتانی خۆرئاوا لەناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەراست ھۆکاری نەھامەتی دانیشتوانی ئەو ناوچانەیە، چونکە ئەو دەستێوەردانانە بەمەبەستی سەقامگیری و ھێنانەدی دیموکراتیەت نییە وەک ئەوەی کە بانگەشەی بۆ دەکرێت، بەڵکو بۆ بەدیھێنانی بەرژەوەندی جیۆستراتیژی ئەو وڵاتانەیە.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات