كەركوك نامەی ناڕەزایی ئاراستەی بارزانی كردوە

kirkuknow1kurdish
نێچیرڤان بارزانی فۆتۆ: ماڵپەڕی روداو

نێچیرڤان بارزانی فۆتۆ: ماڵپەڕی روداو

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، نامەیەكی ناڕەزایی ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوە، تێیدا داوای رونكردنەوەی لێدەكات لەبارەی چۆنیەتی فرۆشتنی نەوتی كەركوكەوە، هۆشداریش دەدات كە رێگە نادەن ساڵی داهاتوو وەكو ئەمساڵ رێگەبدەن نەوتەكەیان بفرۆشرێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەمانگی (تەمموز/7)ی ساڵی 2014 پاش هێرشەكانی داعش، كۆنتڕۆڵكردنی سەرجەم كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكی راگەیاند، پاش ئەوەی هێزێك لەهەولێرەوە گەیشتە دوبزو دەستیگرت بەسەر تەواوی‌ كێڵگە نەوتیەكانی كۆمپانیای‌ نەوتی‌ باكور لەپارێزگاكە.

دواتر هەرێمی كوردستان لەكۆتایی ساڵی رابردوو رێككەوتنێكی نەوتی لەگەڵ بەغدا ئیمزاكرد، كە بەشێكی پەیوەستە بەهەناردەكردنی رۆژانەی 300 هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی بۆری نەوتبەری هەرێم -جەیهانەوە‌و دواتر رادەستكردنی بەبەغدا.

هەرچەندە هەرێمی كوردستان تائێستاش بەردەوامە لەهەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ دەرەوە، بەڵام هێشتا بەرپرسانی پارێزگاكە جەختدەكەنەوە كە ئاگاداری داهاتەكەی نین‌و تەنانەت پارەی پترۆدۆلاریشیان پێنەدراوە.

سەرەتای مانگی (تەمموز/7)ی ئەمساڵ، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك نامەیەكی ناڕەزایی ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كردوە، تێیدا داوای چارەنوسی داهاتی نەوتی پارێزگاكەی لێكردوە.

ئەحمەد عەسكەری، سەرۆكی لیژنەی نەوت‌و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، وتی “نامەیەكی پڕ گلەییمان ئاراستەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، تێیدا كێشەكانی پارێزگای كەركوك بەتایبەت كێشەكانی شێوازی فرۆشتنی نەوتمان خستەڕوو، داوامانكرد چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە”.

وتیشی “لەنامەكەدا داوامانكرد، ئەو نەوتەی لەكەركوكەوە دەبرێتە دەرەوە پارەكەی دیاربێت‌و ئێمە بزانین چی لێدێت‌و چۆن دەفرۆشرێت، چونكە ئێستا شێوازی فرۆشتنەكەی بەجۆرێكە كەس نازانێت پارەكەی چی لێدێت، پێشمان وتن ئێمە بەشێكین لەو وڵاتەو دەبێت كەركوكیش سود لەو نەوتە ببینێت كە دەفرۆشرێت”.

هەروەها باسی لەوەكرد، بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمیان نوسیوە، دەبێت كەركوك بەشی خۆی لەنەوتی فرۆشراو وەربگرێت، كە بەپێی یاسای عێراقی دەبێت لەهەر بەرمیلێك پێنج دۆلار بۆ شارەكە سەرف بكرێت، لەكاتێكدا ماوەی دوو ساڵە ئەو پارەیە بۆ كەركوك خەرجنەكراوەو نازانن پارەی نەوتەكە چی لێهاتووە.

بەوتەی ئەحمەد عەسكەری، رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت لەكەركوك بەرهەمدەهێنرێت، 150 هەزار بەرمیلی لەرێگەی كۆمپانیای نەوتی باكور‌و 150 هەزاریشی لەرێگەی كۆمپانیای كارو وەزارەتی سامانەسروشتیەكانی هەرێمەوە دەبرێتە دەرەوە.

كەركوك ناوچەیەكی جێناكۆكی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی عێراقە، بڕیاربوو بەپێی ماددەی 140 دەستور لەكۆتایی 2007 چارەنوسی یەكلابكرێتەوە بەچەند قۆناغێك، بەڵام تائێستا پرسی ئەو ناوچانە بەچارەسەرنەكراوی ماونەتەوە.

كێڵگەی نەوتی كەركوك كە لەساڵی 1927 دۆزراوەتەوەو بەهۆی نائارامیەكانەوە بەرهەمی رۆژانەی كەمیكردوە، بڕی نەوتی یەدەگی بە 13ملیار بەرمیل مەزەندە دەكرێت كە دەكاتە لەسەدا 12ی سەرجەم یەدەگی نەوتی عێراق.

كێڵگەیەكی نەوت لە كەركوك

كێڵگەیەكی نەوت لە كەركوك

كێڵگە نەوتیەكانی كەركوك بەپێنجەم گەورەترین كێڵگەی نەوتی جیهان دادەنرێن لەڕوی فراوانیەوە، كە درێژیەكەی 96 كیلۆمەترەو پانیەكەشی 4 كیلۆمەتر،و قوڵی بیرە نەوتەكانی لە نێوان 450 بۆ 900 مەتردایە.

دوای یەك هەفتە لەناردنی نامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەنامەیەك وەڵامی ئەنجومەنەكەی داوەتەوە، بەڵام وەڵامەكە قایلی نەكردون.

ئەحمەد عەسكەری دەڵێت “نامەكەی سەرۆكی حكومەت زۆر ئیجابی بوو، داواكانمانی بەڕەوا دانابوو، بەڵام تائێستا لەسەر ئاستی عەمەلی كاری بۆ نەكراوە، هەرچەندە بەڵێنی پێدابوین كار بكات بۆ جێبەجێكردنی داواكانمان”.

سەرۆكی لیژنەی نەوت‌و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئاماژەی بەوەدا، پێشتریش لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان قسەیان كردوەو ناڕەزاییان گەیاندۆتە ئەویش، لەبارەی فرۆشتنی نەوتی كەركوكەوە.

عەسكەری وتیشی “هەرچەندە وەڵامەكەی ئیجابی بوە، بەڵام هێشتا كار نەكراوە بۆ ئەوەی بەعەمەلی داواكانی خەڵكی كەركوك جێبەجێبكرێت كە مافی سەرەتایی خۆیانە”.

لەئێستادا ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك داوادەكات، نوێنەری هەبێت لەو وەفدە باڵایەی بڕیارە لەداهاتویەكی نزیكدا بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بچێتە بەغدا، بۆ تاوتوێكردنی پرسی نەوت‌و بودجە.

ئەحمەد عەسكەری بەپێویستیزانی كەركوك نوێنەری لەو وەفدەدا هەبێت نەك وەكو ساڵانی رابردو ئاگاداری هیچ شتێك پەیوەست بەشارەكەی خۆیان نەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەنامەكەدا بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێم، داوایانكردوە نوێنەریان لەهەر وەفدێكدا هەبێت كە دەچێتە بەغدا.

عەسكەری جەختیكردەوە “ناتوانین رێگەبدەین لەساڵی 2016 بەوشێوەیەی ئەمساڵ نەوتی كەركوك بفرۆشرێت، چونكە خەڵكی كەركوك مافی خۆیانە بەشیان هەبێت‌و لێشمان قبوڵناكەن لەوە زیاتر بێبەش بكرێن”.

كەركوك ناو، هاوڵاتی



سه‌رچاوه‌Kirkuk Now

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات