موچەی 12 هەزار پۆلیس لەپارەی بانكەكان دەدرێت

kirkuknow1kurdish
هێزێکی پۆلیسی کەرکوک

هێزێکی پۆلیسی کەرکوک

ئیدارەی كەركوك دەستیكرد بەدابەشكردنی موچەی 12 هەزار پۆلیسی پارێزگاكە لەپارەی بانكەكان، دوای ئەوەی بەغدا موچەكانیانی راگرت، بەهۆی ئەوەی داوایەكی وەزارەتی ناوخۆی رەتكردەوە بۆ گۆڕینی بەرێوەبەری گشتی پۆلیس.

لەناوەڕاستی مانگی رابردودا وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاریدا بەدروخستنەوەی لیوا جەمال تاهیر‌و پێنج ئەفسەری ئەمنی كەركوك، بەبیانوی ئەوەی زیاتر لە 10 ساڵە لەو پۆستەدان، بەڵام نەجمەدین كەریم پارێزگار‌و سەرۆكی لیژنەی باڵای ئەمنی رەتیكردەوە پابەندی بڕیارەكە بێت، لەبەرامبەریشدا وەزیری ناوخۆ پێدانی موچەی پۆلیسی بەستەوە بەجێبەجێكردنی ئەو بڕیارەوە.

موچە لەپارەی بانكەكان درا
نوێنەرانی كەركوك لەپەرلەمانی عێراق پەیوەندییانكردوە بەوەزیری ناوخۆی عێراقەوە، بەڵام پێیوتون موچە نانێرێت تاوەكو لیوا جەمال تاهیر لەپۆستەكەی دورنەخرێتەوە، بۆیە موچەی 12 هەزار پۆلیس دوێنێ‌ یەكشەممە بەفەرمانی پارێزگار لەپارەی بانكەكان دابەشكرا.

محەمەد عوسمان، پەرلەمانتاری یەكێتی لەبەغدا، بەهاوڵاتی وت “بەبڕیاری پارێزگاری كەركوك موچەی پۆلیس دابەشكرا، ئەوەش لەپارەی بانكەكانی كەركوك كە پارەیەكی زۆرمان هەیەو دەتوانین لەو پارەیە تەواوی موچەی پۆلیس بدەین‌و پێداویستیەكانی دابینبكەین”.

نەجمەدین كەریم دوێنێ لەكاتی پێشوازیكردنی لەژمارەیەك فەرماندەی باڵای پێشمەرگە، وتی “پۆلیسی كەركوك موچەكانیان وەردەگرن‌و هیچ كەسێك مافی ئەوەی نیە موچەكانیان راگرێت، وەزیری ناوخۆیش مەبەستێتی لەرێگای ئەم هەنگاوەیەوە دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت، بەڵام ئێمە لەعێراقی نوێدا دەژین‌و یاساو دەستور هەیەو هەنگاوەكەی وەزیری ناوخۆیش پێشێلكردنی یاساو دەستورە”.

ئەنجومەنی پارێزگا دێتەسەر خەت
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك داوادەكات وەزیری ناوخۆ بەبڕیارەكەیدا بچێتەوە، بۆ ئەوەش كوتلە جیاوازەكانی نێو ئەنجومەن بڕیارە هەڵوێستێكی هاوبەش بەرامبەر ئەو وەزارەتە بنوێنن.
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت، بەهاوڵاتی وت “لەگەڵ سەرۆكوەزیراندا قسەكراوە بۆ ئەو بابەتەو ئومێددەكەین وەزیری ناوخۆ پاشگەزبێتەوە لەبڕیارەكەی چونكە بەلای ئێمەوە رەتكراوەیە”.

وتیشی “ئەو بڕیارەی وەزیری ناوخۆ نایاسایە، ئەو سزایە روبەڕوی كەسانێك كراوەتەوە كە شەویان خستۆتە سەر رۆژ‌و رۆژیان خستۆتە سەر شەو بۆ پارێزگاری لەشارەكە‌و روبەڕوبونەوەی چەكدارانی داعش‌و تیرۆریستان”.

لەبارەی لابردنی بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسیشەوە، وتی “بەپێی یاسا دەبێت هەر گۆڕانكاریەك بەهەماهەنگی بێت لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئێمەش هەر بابەتێك یاسایی‌و دەستوری بێت پابەندی دەبین بەڵام ئەو بڕیارەی دەستوری‌و یاسایی نەبێت پابەندی نابین”.

كوتلەی عەرەبی: با پۆلیس نەبێتە قوربانی
بەلای كوتلەی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە راگرتنی موچەی پۆلیس پەیوەندی بەناكۆكی سیاسی نێوان ئیدارەو وەزارەتی ناوخۆوە هەیە، بەپێویستی دەزانن ئەو ناكۆكیە نەبێتە هۆی بڕینی قوتی كارمەندانی پۆلیس.

محەمەد خزڕ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لەكوتلەی عەرەبی، بەهاوڵاتی وت “ئەگەر ناكۆكیەكی سیاسی لەنێوان ئیدارەی شارەكەو وەزارەتی ناوخۆ هەیە پێویستە شۆڕ نەبێتەوە‌و كارمەندانی پۆلیس نەبنە قوربانی، پێویستە لەڕێگای دانوستان كێشەكان چارەسەر بكرێت”.
تائێستا ئەوەی بێدەنگە بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی كەركوكە لیوا جەمال تاهیرە، هاوڵاتی هەوڵی وەرگرتنی لێدوانی ناوبراویدا بەڵام وەڵامی پەیوەیەندیەكانی نەدایەوە.

لەپەرلەمانی عێراق باسدەكرێت
بڕیارە هەفتەی داهاتوو نوێنەرانی كورد لەپەرلەمانی عێراق كۆبنەوە لەگەڵ فراكسیۆنەكان بەمەبەستی بانگهێشتكردنی وەزیری ناوخۆ لەسەر ئەو بابەتە.

بێستون زەنگەنە، پەرلەمانتاری یەكێتی لەبەغدا –یەكێكە لەنوێنەرانی كەركوك-، بەهاوڵاتی وت “بڕیارەكە نایاساییە‌و دەبێت وەزیر پێیدا بچێتەوە، ناكرێت هەر وەزیرێك كێشەی لەگەڵ بەڕێوەبەرێك هەبو موچەی تەواوی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە رابگرێت”.

وتیشی پەیوەندییان بەوەزیری ناوخۆی عێراقەوە كردوە‌و وتویەتی تاوەكو بەڕێوەبەری گشتی پۆلیس لەپۆستەكەی لانەچێت ئامادەنیە موچەی پۆلیسی كەركوك خەرجبكات.

كەركوك ناو، هاوڵاتی



سه‌رچاوه‌Kirkuk Now

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات