خەڵاتی تۆپی زێڕین نیمار بە شایستە ئه م دوو ياريزه نه ى دەزانێت !؟

bozhin

نیمار دا سیلڤای بەڕازیلی و ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی رایگەیاند كە خۆی و هەردوو هێرشبەرەكەی تری یانەكەی لیۆنێل میسیی ئەرجەنتینی و لویس سوارێزی ئۆرگوایی كە بە MSN ناسراون شایستەن خەڵاتی تۆپی زێڕینی باشترین یاریزانی 20105ی جیهان ببەنەوە.

نیمار لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی (گلۆپ)ی بەڕازیلی گوتی: پێموایە من و هەردوو هاوڕێكەی ترم لە یانەی بەرشەلۆنە میسی و سوارێز شایستە بگەنە پاڵێوراوانی كۆتا بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان.

زیاتر گوتی: دڵخۆش دەبم ئەگەر هەرسێكمان ببینە پاڵێوراوی سەرەكی بەدەستهێنانی خەڵاتەكە، چونكە ئێستا هەرسێكمان مێژوویەكی نوێ و پڕ لە دەستكەوت بۆ یانەی بەرشەلۆنە دەنووسینەوە.

نیمار جەختشی كردەوە كە هەموو هەوڵێك دەدات بۆ سەركەوتنی یانەی بەرشەلۆنە و بەدەستهێنانی پاڵەوانیەتییەكان، رەتیشی كردەوە یاری بۆ ئەوە بكات تا خەڵاتی تۆپی زێڕینی باشترین یاریزانی جیهان بباتەوە.

هەرسێ هێرشبەرەكەی یانەی بەرشەلۆنە لەمساڵدا توانیویانە 125 گۆڵ تۆمار بكەن، میسی 44 گۆڵ، نیمار 41 گۆڵ و سوارێز 40 گۆڵ، ئەمە لە كۆی 160 گۆڵی سەرجەم یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە، واتە 78%ی گۆڵەكانی ئەمساڵی یانەكە لەلایەن هەرسێ هێرشبەرەكە هاتووەتە تۆماركردن.

لە ئێستاشدا هەرسێ یاریزانەكە پاڵێوراوی پێش كۆتای یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا)ن لەنێوان 23 یاریزان كە كێبەڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی تۆپی زێڕین دەكەن.

یەكەتییەكە دوو مانگ بەر لە ئێستا لیستێكی 23 یاریزانی دیاری كردبوو كە پاڵێوراون بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەكە، لە لیستەكەدا یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە پشكی شێریان بەركەوتبوو و ناوی 6 یاریزانیان لەنێو ئەو 23 یاریزانەدا هەبوو، ئەوانیش پێكهاتبوون لە لیۆنێل میسی، نیمار دا سیلڤا، لویس سوارێز، ئەندرێس ئینێستا، ئیڤان راكیتیچ، خافێر ماسكیڕانۆ.

لە ریزی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیش 5 یاریزان ناویان لە لیستەكەدا هاتبوو، ئەوانیش برێتین لە كریستیانۆ رۆناڵدۆ، گاریس بێڵ، كەریم بەنزیما، خامیس رۆدریگیز و تۆنی كڕووز.

لە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیش 5 یاریزان هەن ئەوانیش مانوێل نۆیەری گۆڵپارێز، ئارین رۆبن، تۆماس مولەر، رۆبەرت لیڤاندۆفسكی، ئەرتۆرۆ فیدال، هەروەها 3 یاریزانی یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزیش ناویان لە لیستەكەدا هاتووە ئەوانیش سێرجیۆ ئەگوێڕۆ، یایا تۆرێ، كیڤن دی بڕۆین.

ئەو یاریزانانەی تر كە ناویان لە لیستەكەدا هاتووە برێتین لە ئیدین هازارد لە یانەی چێڵسی ئینگلیزی، زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی هێرشبەری یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی، ئەلێكسیس سانچێزی هێرشبەری یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی و پۆڵ پۆگبای یاریزانی لاوی هێڵی ناوەڕاستی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی.

بڕیارە یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی بەهاوكاری رۆژنامەی (فڕانس فوتباڵ)ی فڕەنسی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم لیستەكە كەم بكاتەوە بۆ سێ یاریزانی سەرەكی، ئەو سێ یاریزانەش رۆژی 11ی مانگی یەكەمی ساڵی داهاتوو لە ئاهەنگێكدا كە لە شاری زیوریخی سویسڕا دێتە ئەنجامدان، كێبەڕكێ لەسەر ناسناوی خەڵاتی ئەمساڵی باشترین یاریزانی جیهان دەكەن.



سه‌رچاوه‌ماڵپەری بۆژین

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات