به وينه بزانه ئه و نهێنییەکانی دەدرکێنێت لەنیا عەبدوڵا جيه

bozhin
لەنیا عەبدوڵا لەگەڵ ئەوەی دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانە و لە بواری شانۆدا خوێندوویەتی، بەڵام لە ئێستەدا وەک پێشکەشکارێکی زۆر عەجوول دەردەکەوێت. ئەو بەردەوام لە بەرنامەی “لە کوردستانە” لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی خۆیمان پێشان دەدات. ئێمەیش وەک “bozhin”، پێمان باش بوو لە دەرفەتێکدا بەسەر بکەینەوە و قسەمان بۆ بکات. لەم دیمانەیەدا، لەنیای 23 ساڵ کە ئێستە لە تووی مەلیکی سلێمانی نیشتەجێیە، وەڵامی چەند پرسیارێک دەداتەوە.
زیاتر لە بواری راگەیانداندا دەردەکەویت، ئەی شانۆ و کارەکانت لەو بوارە؟
لە بوارى شانۆیشدا چەند کارێکم هەیە، بەڵام وەک راگەیاندن هەڵبەت دیارە حەزێکى خۆمە و عاشق بوونمە بە بوارەوە، ئەگینا لە چەندین کارى شانۆیى و فیلمى سینەماییشدا بەشداریم کردووە، ئێستە من زۆر دیارم لە راگەیاندن وا بزانم هەمووان دەزانن nrt2 واتا لەنیا، بۆیە لە ئێستەدا ئەم کارە لە هەموویان باشترە بۆ من.
لەبوارى راگەیاندندا کێ هاوکارتە و بۆچى؟
هەر کە هاتمە nrt، دەروون گێژەن بەردەوام هاوکارم بووە، چونکە هەموو کات پێم دەڵێ تۆ لە شتێکی دیاریکراو خراپى و خراپییەکانم پێ دەڵێ، هیچ کات ناڵێ تۆ زۆر باشى تا بە خۆمدا بچمەوە و لە خۆبایی نەبم، بەردەوام هەڵم داوە سوود لە تێبینییەکانى وەرگرم، بۆیە باشترین هاوڕێ و هاوکارم بووە.
پڕۆگرامى “لە کوردستانە” بیرۆکەى کێ بوو و ئامانجتان چییە؟
بیرۆکەى ئەم پڕۆگرامە هى کاک توانا عوسمان بوو، هەر لەگەڵ دەست پێکردنى وەرزى تازەى کەناڵەکە، ئێمە دەستمان بەکار کرد و تازەترین بەرنامە بوو، دواى دوو سێ پڕۆگرام، هەستم کرد جێگەى خۆى کردووەتەوە لە ناو دڵى خەڵکدا، تا ئێستە 14 پڕۆگراممان پێشکەش کردووە، ئامانجمان ئەوەیە خەڵکى ئێمە لە وڵاتى خۆمان گەشت بکات و دەمانەوێ کوردستانى جوان و گەورە پیشان بدەین و بەرزکردنەوەى بارى ئابووریى وڵاتەکەمان و پێشاندانى کولتوورى کوردستان پێشان بدەین.
ماوەی چەندە لە بوارى راگەیاندندا کار دەکەیت؟
لە تەمەنى هەشت ساڵییەوە تێکەڵاوی ئەو بوارە بوومە، بەڵام یەکەم دەرکەوتنم بۆ ساڵى 2006 دەگەڕێتەوە کە سەرەتا بە ماوەى منداڵان دەستم پێ کرد، بۆیە ئێستە منداڵێکى زۆر منیان خۆش دەوێ.
لەکاتى پێشکەشکردندا هەندێک جار رەفتارى نامۆ دەکەى، پێت وا نییە منداڵان چاوت لێ بکەن؟
بە پێچەوانەوە بەرنامەکەى من پەروەردەییە و هەموو جارێک ئەگەر دەست بۆ شتێک ببەم، سەرەتا دەڵێم بێ زەحمەت، دووەم بەسەر شتەکە هەڵدەدەم و هاوارى بۆ دەکەم تا خەڵک بێ بیکڕێ، سێیەم خەڵک فێر دەکەم کارکردن ئاساییە و عەیب نییە، چوارەم بەسەر شتەکەدا هەڵدەدەم تا لە پێش چاوى بینەر جوانى بکەم و خۆش و پڕ فرۆشى بکەم، ئەگەر هەندێک جار هەڵەیەکیش رووى دابێ، ئاساییە و مرۆڤ بێ هەڵە نابێ.
ناخۆشترین گەشتت بۆ کوێ بووە؟
شارۆکەى رانیە، ناخۆشترین گەشت بووە بەلامەوە، چونکە یەکەم پڕۆگرامم بوو، هەرچەندە پڕ بوو لە شتى جوان و قەشەنگ ، بەڵام دەترسام پڕۆگرامەکە لەبەر چاوى بینەر ناخۆش بێت، بۆیە بۆ ئەو ژمارەیە هەندێک دڵەڕاوکێم هەبوو.
 ناخۆشترین رۆژ لە ژیانت کەى بووە؟
 پێش دوو ساڵ لەمەوبەر، ئەو بەیانییەى کە هەستام، بەیانییەکى زوو بوو، باوکم هەردوو چاوى لە دەست دابوو، بێگومان هەرگیز حەز ناکەم ئەو رۆژانە بگەڕێتەوە.
ئاواتت چیە؟
ئەگەر بەدەست من بێت، پزیشکێک بێت و بڵێ چاوەکانى تۆ دەربێنین و بیخەینە سەر چاوەکانى باوکت تا چاک بێتەوە، ئەوە من ئامادە دەبم، ئاواتم تەنیا و تەنیا گەڕانەوەى چاوەکانى باوکمە.
 باوک لەلاى تۆ چی دەگەیەنێت؟
باوک ئەو هەناسەیەیە کە هەڵى دەمژیت.
بۆ بەردەوام چاوەکانت فرمێسکى تێدا قەتیس ماوە؟ بۆ کێ ئەگرى؟
بۆ کەس ناگریم و کەسێکى تایبەت نییە بۆى بگریم، بەڵام کەسێکى زۆر عاتفیم، بۆ نموونە ئەگەر بڵێن لەنیا ئەوە چییە ئەو جلە لەبەرتە و زۆر ناشیرینە، یەکسەر دەست دەکەم بە گریان، یان زۆر جار بەدیمەنى تراژیدیا دڵم پڕ دەبێت.
لەگەڵ خوێندنەوە و وەرزش چۆنى؟
لەبەر کەمیى کات و ئامادەکاریم بۆ پڕۆگرام، زۆر کەم دەخوێنمەوە، لەگەڵ وەرزشدا زۆر باشم و زیاتر حەزم بە پیاسەکردن و رۆیشتنە.
 لە بوارى راگەیاندندا سەرسامی بە کێ؟
زۆر سەرسامی ئۆپێرام لە پێشکەشکردنى پڕۆگرامەکانیدا، ئۆپێرا ئافرەتێکى تا بڵێیت سەرکەوتووە، لە کوردستانیشدا کەسێک هەبێ عەجوول بێت و بەمن بچێ، ئەڤین ئاسۆیە.
 ژیانى هاوسەریت پێک هێناوە؟
لە رابردوو هاوسەرگیریک کردبوو و دوو مانگیش خۆشەویستیمان کرد، بەڵام بەیەکەوە نەگونجاین، ئەمەیش بەشتێکى سروشتى دەبینم ئەگەر دوو کەس پێکەوە نەگونجێن، باشترین رێز کە لە یەکترى بگرن، جیابوونەوەیە.
مەرجت چییە بۆ هاوسەرگیریى داهاتووت؟
خەمى ماڵ و منداڵى خۆى هەبێت، هەروەها نەگاتە رادەى ئەوەى دەست بۆ خەڵک پان بکەینەوە.
 خەونەکانت بۆ داهاتوو چییە؟
هیچ کات حەز ناکەم لە کەناڵى nrt2 دەربچم، بەڵام لە داهاتوودا ئەگەر پارەم هەبوو، حەز دەکەم کەناڵێکى تایبەت بەخۆمم هەبێت و بەرنامەکانى دوور بن لە سیاسەت، واتە هەمووى پڕۆگرامى خێزانى و تەرفیهی بن.
بیرت لەوە نەکردووەتەوە واز لە راگەیاندن بینێت؟
هەر کاتێک نەمتوانى چاوى بینەر راکێشم بۆ خۆم و چاوى بینەر تێر بکەم، ئەوکات وازى لێ دێنم.
بەزۆری گوێ لە دەنگی کام گۆرانیبێژ دەگریت؟
من ئەگەر گریان لەو دڵەم نەبێت، هەرگیز گوێ بۆ گۆرانیى خاو ناگرم، بەردەوام حەزم لە گۆرانیى هەڵپەڕکێیە.
کە بێزار بووى چى دەکەى؟
کە بێزار بم، یەکسەر سلفێک لە سەیارەکەم دەدەم و بەناو شاردا پیاسە دەکەم.


سه‌رچاوه‌ماڵپەری بۆژین

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات