ھەرێم ئەوکەسانەی قەرزیان وەرگرتوە بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکە ھۆشداریدەدەن

bozhin

یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان لەبارەی دیاریکردنی مانگێک مۆڵەت بۆ پێدانەوەی قەرزەکانی حکومەت ڕونکردنەوە دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ئەوکەسانەی قەرزیان وەرگرتوە ٥٠%یان وەبەرھێن نین، سەرۆکی یەکێتیەکەش ئاشکرایدەکات زۆربەی وەبەرھێنەرانی سلێمانی قەرزیان لەحکومەت کردوە.
حکومەتی ھەرێم ماوەی مانگێکی دیاریکردووە بۆ وەبەرھێنەران، تاوەکو قەرزەکانی کە ٧٢٠ ملیار دینارە وەربگرێتەوەو ھۆشداریشدەدات لەوەی، ھەر وەبەرھێنەرێک قەرزەکانی نەداتەوە، ئەو موڵک و ماڵەی لەبری پارەکە لەڕەھندایە، دەستی بەسەردادەگیرێت و دەفرۆشرێت.
ئەحمەد ڕێکانی سەرۆکی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان لەلێدوانێکدا  ئاماژەی بەوەدا، ئەوکەسانەی کە قەرزیان لەحکومەت وەرگرتوە، لە٥٠%یان وەبەرھێنەر نین و ھیچ پەیوەندیەکیشیان بەوەبەرھێنانەوە نییەو بۆ کاری تایبەت بەخۆیان قەرزەکەیان وەرگرتوە.
ڕێکانی ئەوەشی ئاشکراکرد، لە ٩٠%ی ئەوکەسانەی لەھەولێرو دھۆک قەرزیان لەحکومەت وەرگرتوە وەبەرھێنەرنین، وەبەرھێنەرەکانی سلێمانیش ڕاستە قەرزارن، بەڵام ئەوانیش پارەیەکی زۆریان لەلای حکومەتە، ئەوەشی وت:”وەرگرتنەوەی قەرزەکانی وەبەرھێنەران بەزیانی حکومەت دەشکێتەوە، چونکە وەبەرھێنەرانیش پارەیەکی زۆر زیاتریان لەلای حکومەت ماوەو دواجار ئەوانیش داوای دەکەنەوە”.
سەبارەت بەدابەشکردنی موچەی فەرمانبەران لەو قەرزەی حکومەت ئاماژەی بۆدەکات کە لەلای وەبەرھێنەرانە، سەرۆکی یەکێتی وەبەرھێنان نەیشاردەوە، حکومەت لەتەسفیەکردنی قەرزەکەی لەگەڵ وەبەرھێنەران زەرەر دەکات، دەڵێت:”ئەگەر وەریشی بگرێتەوە تەنانەت ١٠%ی موچەی فەرمانبەران ناکات”.
لەبارەی ھۆشداریەکەی حکومەت لەفرۆشتنی موڵک و سامانی ئەوکەسانەی قەرزیان کردووە ئەگەر لەماوەی مانگێکدا قەرزەکە نەگەڕێننەوە، سەرۆکی یەکێتی وەبەرھێنەران وتی:”لەکاتێکدا ئەگەر حکومەت دەستبەسەر موڵک و ماڵی وەبەرھێنەران و قەرزارەکانیشدا بگرێت، چارەكی پارەکەی خۆی ناکاتەوە، چونکە نرخی زەویی و زار بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە”.
ئەحمەد ڕێکانی پشتیوانی یەکێتی وەبەرھێنانیشی بۆ ھەنگاوەکانی حکومەت بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی دەربڕیی و ڕایگەیاند، “ئەمە ھەنگاوێکی خراپ نییەو پێویستە ھەنگاوی تریش سەبارەت بەقەیرانی دارایی بنرێت، ھاوکات ھەوڵبدرێت سەرچاوەی تری داھات بدۆزرێتەوە”.



سه‌رچاوه‌ماڵپەری بۆژین

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات