دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان حكومەتی هەرێم

bozhin

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە سەری ساڵ بڵاوكردووەتەوە تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە كە هیچ مافێكی خەڵك نافەوتێت.

حكومەت ساڵی ٢٠١٥ ساڵێكی پڕ لە “نەهامەتی” بووە بۆ گەلی كوردستان “بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و شەهیدبوونی چەندین رۆڵەی نەبەرد و قارەمانی ئەم وڵاتە، هەروەها بەهۆی بەردەوامبوونی قەیرانی ئابووری سەپێندراو بەسەر هەرێمەوە لەلایەن حكومەتی بەغداوە ، ئەمە جگە لە لێكتێنەگەیشتنی سیاسی نێو هەرێمی كوردستان و ئەو ئاڵۆزیانەی بەدوایدا هات”.

 

لە ڕاگەیەندراوەكەدا حكومەتی هەرێم هیوای خواستووە ساڵی ٢٠١٦ بتوانن بەسەر هەموو گرفت و قەیرانەكاندا زاڵبن و سوپاسی وڵاتانی هاوپەیمانان دەكات لە یارمەتیدانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا.

 

لەبەشێكی تری ئەو راگەیەنراوەدا هاتووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بێ وچانی خۆی بۆ چارەسەركردنی هەموو گرفتەكان بەردەوام دەبێت و دڵنیاتان دەكەینەوە لەوەی كە هیچ مافێكی ئەم خەلكە نافەوتێ.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێم

 

بەبۆنەی ساڵی تازەی زایینیەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەین بەو هیوایەی ساڵی تازە ببێتە ساڵی خۆشی و سەقامگیری زیاتری وڵاتەكەمان.

 

هاوكات پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەكانی سەنگەری شەرەف و فیداكاری و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی رێگای خەباتی كوردایەتی دەكەین و دووپاتیشی دەكەینەوە رۆلەكانیان هەمیشە لەیادن و ئەوان هەردەم سیمبوڵی ئازادی و سەقامگیری كوردستانن.

 

ساڵی 2015، ساڵێكی پڕ لە نەهامەتی بوو بۆ گەلی كوردستان بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و شەهیدبوونی چەندین رۆڵەی نەبەرد و قارەمانی ئەم وڵاتە، هەروەها بەهۆی بەردەوامبوونی قەیرانی ئابووری سەپێندراو بەسەر هەرێمەوە لەلایەن حكومەتی بەغداوە ، ئەمە جگە لە لێكتێنەگەیشتنی سیاسی نێو هەرێمی كوردستان و ئەو ئاڵۆزیانەی بەدوایدا هات.

 

بەڵام لە هەمان كاتیشدا ساڵی تۆماركردنی چەندین سەركەوتنی گەورە و مەزن بوو لەبەرەكانی جەنگ و ساڵی رزگاركردنی بەشێكی زۆری خاكی داگیركراوی كوردستان بوو لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بە هیممەت و فیداكاری پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان.

 

هیوادارین لە ساڵی 2016ـدا بتوانین بەسەر هەموو گرفت و قەیرانەكاندا زاڵ بین و ئەم ساڵە ببێتە ساڵی سەركەوتنی تەواو بەسەر تیرۆر و تیرۆریستان و تەواوبوونی گرفت و قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان.

 

هەر لێرەشەوە بە ئێوەی ئازیزی رادەگەیەنین، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بێ وچانی خۆی بۆ چارەسەركردنی هەموو گرفتەكان بەردەوام دەبێت و دڵنیاتان دەكەینەوە لەوەی كە هیچ مافێكی ئەم خەلكە نافەوتێ.

 

هاوكات سوپاس و پێزانینی خۆمان و رێزی بی پایانمان بۆ وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان رادەگەیەنین، بۆ پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و یارمەتیدانی گەلی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ هەرێمی كوردستان و سەركەوتن بەسەر تیرۆریستان و ئازادكردنی بەشێكی زۆری ئەو خاكەی كە لە ژێر دەستی تیرۆریستاندا بوو.

 

دیسانەوە ئەو پەڕی رێزمان بۆ خۆڕاگری گەلی كوردستان لەم بارودۆخەدا دووپات دەكەینەوە و بێگومانین لەوەی وەك چۆن ئەم گەلە گرفتی قورستری تێپەڕاند، ئەم گرفتەش تێدەپەڕێنێت.



سه‌رچاوه‌ماڵپەری بۆژین

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات