پەیامی “فوئاد مەعسوم” سەرۆک کۆماری عێراق بەبۆنەی ھاتنی ساڵی نوێوە

harem

لەگەڵ ھاتنی ساڵی نوێی میلادیی گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش دەکەین بە کچان و کوڕانی گەلی عێراقمان و گەلانی جیھان، لە پەروەردگارمان داوایە ساڵی ئایندە ساڵی خۆشیی و ئاشتیی و پێشکەوتن بێت بۆ ھەموان .

ساڵێکمان بردە سەر و روبەڕوی ھەڕەشەی زۆر بوینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەوپەڕی متمانە و ئیرادە و ورەی زیاترەوە ماڵئاوایی لەمساڵ دەکەین بۆ تێپەڕاندنی سەختییەکان .

ھاتنەوەی ساڵی نوێ کڵاو رۆژنەی ھیوای مرۆیی نوێبونەوەیە بە ژیانێکی ئازاد و پێشکەوتو و ئۆقرە کە درەختی سەوزی ژیان لەگەڵ خۆیدا نوێ دەکاتەوە .

دیارە لەماوەی ساڵی رابردو و ساڵانی پێشتر لە عێراق و ناوچەکە لە روبەڕوبونەوەیەکی خوێناوییدا بوین لەَگەڵ ھێزە توندڕەو و بوغزێنەرەکاندا، ئەوەی عێراقییەکانیش لەخۆیان نیشان دا چ لەشەڕ کردن یان قوربانیدانەکان،بەڵگەیەکی پراکتیکیی و خەباتگێڕیی بو لە پێناوی دوپاتکردنەوەی ھیوای مرۆیی بە ژیانێک کە پڕاوپڕ بێت لە ئاشتیی و ئۆقرەیی و قبوڵکردنی فرەیی و جیاوازیی.

سەرکەوتنەکانی سوپاکەمان و و ھێزە جیاجیاکانمان کە دژی تێرۆری تەکفیریی جەنگان و تا ئێستاش لە جەنگدان ، بەرھەمێکی مەزنی ئەم قوربانیانەیە کە عێراقییەکان درێژەی پێ دەدەن لەسەری بەردەوامن لە پێناوی شارەکانیان و یەکڕیزیی نیشتمانییان و فرەیی پێکەوەژیانیان لەسەر پێودانگەکانی خۆشویستن و دادپەروەریی و برایەتیی .

دوبارە گەرمترین پیرۆزبایی بۆ جەنگاورە دلێرەکانمان لە ھەر بەرەیەکی ھەڵمەتەکانن بێ جیاوازیی پێکھاتە سەربازییەکانیانەوە ، بە تایبەتیی پیرۆزبایی بۆ سەرکەوتنە بێ وێنەکانی ئەم دواییەیان لە ئەنبار .

بەرەو داستانی قارەمانانەی زیاتر، کە ساڵی نوێمان دەکاتە ساڵی عێراقی دور لە تێرۆر ، ساڵی عێراقی پێشکەوتو بە یەکڕیزییە نیشتمانییەکەیەوە بۆ پاراستنی دەوڵەتە ئازاد و سەربەخۆ و ئۆقرەکەی ،دەوڵەتی عێراقی ھەموان .

قوربانیدانەکانمان لە پێناوی داکۆکیکردن لە عێراق و عێراقییەکان پێشتر و ئێستاش ھەمان داکۆکیکردنە لە ئاسایش و ئاشتیی ناوچەکە و جیھان و لە شەڕانگێزیی تێرۆر و توندڕەویی ، ئەمە راستییەکە بۆ ھەموان چەسپیوە ، ھیوادارین ھەوڵی ھەمو دەوڵەتانی ناوچەکە و جیھانیش پەرەیان پێ بدرێت بۆ پشتیوانیکردنی خۆڕاگریی و سەرکەوتنەکانمان چ لە رێییارمەتیی لۆژیستیی و ھەواڵگریی پاڵپشتیکردنی ھەوایی یاخود لە رێی گەمارۆ دان و بەگژاچونەوەی یارمەتیدان و پشتیوانیکردنی داعش لە روی مرۆیی ، چەک و سەربازیی ، دارایی و پڕوپاگەندەی میدیاکانەوە کە ئەوانە سەرچاوەی ژیانی تێرۆرن.

ئاشتی بۆ جیھان دەستەبەر نابێت بێ بەدیھێنانی ئاشتیی لە عێراق و ناوچەکە و لەناوبردنی داعش و ئەو فاکتەرانەی کە بواری مانەوەی ئەم تاقمە تێرۆریستە دەڕەخسێنێت چ لە شێوەی تاقمی ئاشکرا یان شانە نوستوەکان ، بێ ویستی ھاوبەش و ئیرادەی ھاوبەش و کاری ھاوبەشی نێوان ھەموان ، ئەم خواستە بەدی نایەت.

ھەموان بەرپرسیارین بەرامبەرئاشتیی جیھان ، دیارە بوژانەوەی ھیوا بە ئاشتیی ،لەگەڵ ھاتنی ساڵی نوێ پێویستی بە ئیرادەیەکی نێودوڵەتییە بۆ قوتارکردنی جیھان لە مەترسیی ھەڕەشەکانی تێرۆر و توندڕەویی و بوغزاندن .

دەبا ھەموان کاربکەین لە پێناوی ئاشتییدا .

با ساڵی نوێ ساڵی خۆشیی بێت بۆ رۆڵەکانی گەلەکەمان و تەواوی گەلانی سەر گۆی زەمین .

با ساڵێک بێت ئاوارە بوەکان ، کۆچپێکراوەکان و کۆچبەران بە دڵنیایی و ئازادیی بگەڕێنەوە بۆ شار و گوندەکانیان .

سڵاو بۆ گیانی ئەوانەی قوربانییان دا …. شەھید بون ،لە پێناوی ئازادیی و لە پێناوی عێراق دا، شانازیی و شکۆیی بۆ خانەوادە بەڕێزەکانیان کە لە پێناوی عێراقدا قوربانییان بە رۆڵەکانیان دا .

چاکبونەوەی ھەرچی زوتر بۆ بریندارەکانمان .

ھەمو ساڵێک ھەموان لە ژیانێکی ئۆقرەیی و پێشکەوتن و شادی و ئاشتیی زیاتردا بن.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات