محەمەد كەمال: كەركوك 10 ملیۆن دۆلاری نەوتی وەرگرتوە

kirkuknow1kurdish

محەمەد كەمال لێپرسراوی لقی سێی پارتی

محەمەد كەمال لێپرسراوی لقی سێی پارتی

محەمەد كەمال، بەرپرسی لقی كەركوكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایدەكات، هەرێم 10 ملیۆن دۆلاری لەداهاتی نەوتی فرۆشراوی كەركوك داوەتە ئیدارەی شارەكەو دەڵێت “فرشتنی نەوتی كەركوك بەئاگاداری یەكێتی‌و پارتی بووە، رێككەوتنەكەش لەنێوان پارێزگار‌و سەرۆكی حكومەتی هەرێم‌و وەزیری سامانە سروشتیەكاندا كراوە”.

لەچاوپێكەوتنێكدا، محەمەد كەمال رەخنە لەیەكێتی دەگرێت بەوەی چەند پۆستێكی حزبەكەیانیان لەو شارە پێنادەن، جەخت لەوەدەكاتەوە ئەو پۆستانەی ئەوان لەكەركوك “لەلایەن مەڵبەندی یەكێتی‌و پارێزگارەوە كۆنتڕۆڵكراوە”.

هاوڵاتی: سەرەتا لەبارودۆخی كەركوكەوە دەستپێدەكەین، بەبڕوای ئێوە جێبەجێكردنی مادەی 140 كۆتاییهاتووە لەو شارە؟
محەمەد كەمال: مادەی 140 مادەیەكی دەستوریە وە دەبوایە پێش 31/12/2007 تەواو بوایە بەیاسا و بەپێی ئەو ماوەیەی بۆی دیاری كرابو، بەڵام حكومەتی عیراقی لەیەكەم رۆژەوە خۆی لێی دەدزیەوە تا ئێستا رەسمی جێی بەجێی نەكراوە بەڵام دوای هاتنی داعش دۆخێكی واقیعی تر دروستبوە كە پێشمەرگە بە نزیكەی 40 كیلومەتر كەوتوەتە خوار كەركوكەوە، راستە هەمو سنورەكانی كوردستان نیە بەڵام ئەتوانین بڵێن كەركوك گەڕاوەتەوە دەس كورد و پێشمەرگە، كەركوك پێویستی بەوەیە بە یاسا بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان.

هاوڵاتی : كەوابێت كەركوك چی ماوە بگەرێتەوە سەر هەرێم ؟ لەرای توركمان و عەرەبەكان دەترسن؟ حكومەتی ناوەندی رێگرە؟
محەمەد كەمال: كەركوك بەڕەسمی ماوەتەوە بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، ئیدارات‌و دامەزراوەكانی‌و زۆربەی شتەكانی ببەسترێتەوە بەهەرێمی كوردستانەوە، بەغدا رێگرە‌و هەندێك لەعەرەب‌و توركمانەكانیش رێگرن، ئێستا بەشێكی باشی عەرەب‌و توركمانمان لەگەڵدایە بۆ گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێم بەڵام هێشتا بەس نیە‌و دەبێت زۆربەی خەڵكمان لەگەڵدا بێت بۆ ئەوەی لەداهاتودا سەرئێشەمان بۆ دروستنەبێت.

هاوڵاتی: دەوترێت گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێم هاوكێشەی هێز دەگۆڕێت بەبەرژەوەندی یەكێتی، بەوهۆیەشەوە پارتی تەحەفوزی هەیە لەو هەنگاوە، رات لەوبارەیەوە؟
محەمەد كەمال: حەق نیە وڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، چونكە ئەوەی دیفاعی كردبێت لەكەركوك پارتی بوە، مەلا مستەفا بوە‌و شۆڕشێكمان لەسەر كەركوك داناوە چۆن دەتوانرێت موزایەدە لەسەر ئێمە بكرێت، دواتر بۆ هەڵبژاردنیش دەوترا پارتی حەز ناكات هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت چونكە كورسی كەم دەهێنێتەوە، مادەی 23 من هەڵموەشاندەوە، ئێمە ئیش دەكەین‌و باسیشی ناكەین، پارتی دەست لەكەركوك هەڵناگرێت‌و لەسەر سیاسەتی قەومی خۆی ئێستا هەموو لایەنەكان بون بەدوژمنی بەشێك لەدەوڵەتە ئەقلیمیەكانیش.

هاوڵاتی: ئەگەر وانیە بۆچی مەسعود بارزانی پێشتر وتی شتێك نەماوە بەناوی مادەی 140وەو بۆچی كەركوك ناگەڕێنێتەوە؟
محەمەد كەمال: ئەمە دۆخێكە قسە هەڵدەگرێت، قسەكەی بارزانی مانای ئەوەیە كە كەركوك لەژێر تەحەكومی كوردە بەڵام كەركوك بەرەسمی پێویستی بەریفراندۆم هەیە كە دەبێت لانیكەم لەسەدا 67ی خەڵكی كەركوك بڵێت بەڵی بگەڕێنەوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، چونكە لەدونیادا دو لەسەر سێی ئیرادەی میللەت رێزی لێدەگیرێت.

هاوڵاتی: ئێستا نەوتی كەركوك لەلایەن هەرێمەوە هەناردەدەكرێت، ئەوە گوشارنیە بۆ سەر بەغدا بۆ دەستبەرداربون لەكەركوك كە تائێستا لەروی ئیداریەوە سەر بەوانە؟
محەمەد كەمال: نەوتی كەركوك پێشتریش لەڕێگای هەرێمەوە دەرۆیشت، رەنگە رێگاكە دورتر بووبێت كە دەچوە بێجی‌و دواتر بەرەو موسڵ‌و دەسوڕایەوە لەكۆتاییدا لەسنوری هەرێمی كوردستانەوە تێدەپەڕی، بەڵام دوای داعش ئەو بۆریە تەرككرا‌و ئەو بۆرییەی كوردستان لەخورمەڵەوە نەوتی خۆی هەناردەدەكرد، هاتن ئەمەشیان لەسەر بەست، لەلایەكی ترەوە ئەمە زیاتر لەبەرژەوەندی حكومەتی عێراقە نەك هەرێمی كوردستان كە لەڕێگای هەرێمی كوردستانەوە نەوتەكە دەڕوات، چونكە هەتا 24/6/2015 پارەی ئەو نەوتەی لەوێوە هەناردە دەكرا لەسەدا 100ی سۆمۆ وەریدەگرت، بەرامبەر بەوەش دەبوایە بودجەی هەرێم بنێردرابایە، بەڵام وەك پێویست نەنێردراوە لەمانگی 2ی 2014وە بودجەی هەرێم بڕاوە‌و بودجەی پێشمەرگەش نەهاتوە.

هاوڵاتی: هەستناكەن بەغدا كەوتۆتە نێو هەڵوێستێكی دژوارەوە كە لەگەڵ ئەوەی دژ بەهەناردەی نەوتی كەركوكە لەرێگەی هەرێمەوە نایەوێت لەروی ئیداریشەوە دەستبەرداری شارەكە بێت؟
محەمەد كەمال: بەغدا ئەگەر بتوانێ كەركوك كۆنتڕۆڵ بكاتەوە كە مەحاڵە، رەنگە لەڕێگای ئوردونەوە نەوتەكەی رەوانە بكات كە پێشتر هەبوە، رەنگە ئەو رێگا كۆنە زیندوبكەنەوە‌و رێگەنەدات لەهەرێمەوە نەوتی كەركوك بڕوات، لەروی ئیداریشەوە بەغدا تا بۆی بكرێت دەستبەرداری كەركوك نابێت، چونكە ئەوان باوەڕیان بەكوردستانیبونی كەركوك نیە، بەڵام ئێستا بۆی ناكرێت‌و تازە ئەو دۆخە رۆیشت عێراقێكی مەركەزی بەهێز دروستبێت، ئەگەر بەغدا بۆی بكرێت هەرێمی كورستانیش كۆنتڕۆڵدەكات.

هاوڵاتی: بەڵام خەڵكی كەركوك گلەیی دەكەن لەوەی نەوتی شارەكەیان لەلایەن هەرێمەوە هەناردە دەكرێت‌و پارەیان پێناردێت لەلایەن هەرێمەوە، ئەو كێشەیە بۆ؟
محەمەد كەمال: راستە ئەمە هەیە بەڵام چارەسەركراوە، بەپێی ئەو رێككەوتنەی هەرێم لەگەڵ پارێزگاردا كردویەتی، پارێزگار خۆی بۆ من باسی كرد، بەفەرمیش لەكۆبونەوەی لیستی برایەتی ئەنجومەنەی پارێزگای كەركوك باسیكرد‌و وتی رێككەوتنێكمان ئیمزا كردوە لەگەڵ حكومەتی هەرێم، تەنانەت وتی ئەو رێككەوتنە بەئینگلیزیش نوسیومانەتەوە، ئەمە قسەی نەجمەدین كەریمە كە لەبەرانبەردا بۆ هەر بەرمیلێك دوو دۆلار وەك بودجەی پتڕۆدۆلار بدرێتە كەركوك، هەرچەندە ئیدارەی كەركوك هیچ ناڵێت بەڵام ئەوەی من زانیاریم هەبێت‌و لەهەرێم باسكراوە 10 ملیۆن دۆلار وەرگیراوە.

هاوڵاتی: رێككەوتنەكە لەنێوان كێ‌و كێدایە؟
محەمەد كەمال: دكتۆر نەجمەدین كەریم (پارێزگاری كەركوك) لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەكان رێككەوتووە.

هاوڵاتی: ئێوە وەك پارتی هەڵوێستتان لەم پرسەدا رون نیە، داواتانكردوە نەوتی كەركوك بۆ كەركوكیەكان بێت؟
محەمەد كەمال: ئەوەی مەوقفی رون بێت پارتیە، لەكاتی هاتنی سەلیم جبوری بۆ كەركوك بەئامادەبونی پارێزگاری كەركوك‌و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بەوەكالەت من وتم كەركوك ئەگەر نەوتەكەی لەڕێگای هەرێم یان بەغداوە بڕوات‌و هەر لایەكیش بیفرۆشێت ئێمە وەك كەركوكیەكان بەشی خۆمان دەوێت، لەحكومەتی هەرێمیش هەمان داوامان هەیە.

هاوڵاتی: لەگەڵ یەكێتی لەسەر هەناردەی نەوتی كەركوك پێشتر رێككەوتبون؟
محەمەد كەمال: دەبێت رێككەوتن هەبێت، چونكە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانە هەروەها ئەندامە لەئەنجومەنی نەوت‌و غازی هەرێم، پێشتریش عیماد ئەحمەد‌و دكتۆر بەرهەم لەوێ بون‌و لەمەسەلەی نەوتدا ئاگادارن، هەناردەی نەوتی كەركوك بەلای ئێمەوە شتێكی نوێیە بەڵام هەرشتێك كرابێت پارتی‌و یەكێتی لێی ئاگادارن.

هاوڵاتی: دەوترێت پارتی گلەیی ئەوەی هەیە كە لەبەشێك لەپۆستەكانی كەركوك بێبەشكراوە لەلایەن یەكێتیەوە، ئەو كێشەیە هێشتا ماوە؟
محەمەد كەمال: بێبەش نەكراوە، بەڵكو بەشێك لەپۆستەكانمان كۆنتڕۆڵكراوە لەگەڵ هاتنی پارێزگاری كەركوك بەهەوڵی مەڵبەندی دوی یەكێتی لەكەركوك، بەشێك لەپۆستەكانی ئێمە بۆ نمونە وەرزش‌و لاوان هەروەها دائیرەی حبوب (دانەوێڵە)‌و گرێبەستەكان ئەم پۆستانە كۆنتڕۆڵكرا لەلایەن مەڵبەند‌و پارێزگارەوە بەداخەوە، جگە لەوەش ئێمە رێككەوتنمان هەیە بەدانانی نەجمەدین كەریم وەك پارێزگار بەرامبەر بەوە حەسەن تۆران دابنرێت بەسەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەرامبەر بەوەش بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركوك بدرێت بەپارتی، پارێزگاری كەركوك چوە لای مەسعود بارزانی وتی “من تازەم‌و بەڕێوەبەری پۆلیسیش ئەگەر تازە بێت كەمێك زەحمەتە، كەمێك دوایبخەن بۆ ماوەی شەش مانگ، كاك مەسعودیش وتی ئاساییە‌و دوای شەش مانگەكە خستیانە ژێر لێوەوە‌و تائێستا جێبەجێی نەبووە”.

كەركوك ناو، هاوڵاتی



سه‌رچاوه‌Kirkuk Now

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات