وادەی دەستبەرداربوون لەپۆستەکەی رادەگەیەنێت مەسعود بارزانی

bozhin
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی رایدەگەیەنێت ئەگەر لایەنەکان لەسەر کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم رێکبکەون،مەسعود بارزانی ئامادەیە ئەو پۆستەی رادەست بکات، دەشڵێت: بارزانی وتویەتی ئەگەر لایەنەکان رێکناکەون، با لەپۆستەکەمدا بمێنمەوە تاوەکو ھەڵبژاردنی داھاتوو.
لەکۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێم و لایەنە سیاسییەکان، کە رۆژی سێشەممەی رابردوو لەھاوینەھەواری سەڵاحەدین بەڕێوەچوو، بارزانی کە ماوەی یاسایی سەرۆکایەتییەکەی بەسەرچووە، چەند جارێک تەئکیدی لەسەر ئەوەکردۆتەوە کە ئەگەر لایەنەکان لەنێوان خۆیاندا رێکبکەون لەسەر کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم، ئامادەیە پۆستەکەی پێبدات.
عەلی عەونی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی راگەیاند: لەو کۆبوونەوەیەدا سێ پێشنیازی بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم خراوەتەڕوو، (لایەنەکان لەنێوان خۆیاندا رێکبکەون لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ ئەو پۆستە، بارزانی ئامادەیە دەستبەرداری پۆستەکەی بێت، یان ھەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم بکرێت).
وتیشی: “مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەگەر لایەنەکان ھەر رێکناکەون، رێگا بدەن تاوەکو ھەڵبژاردنی داھاتوو لەپۆستەکەی خۆمدا بمێنمەوەو بەردەوام بم”.
دوابەدوای ئەو کۆبوونەوەیە، چەند کەناڵێکی راگەیاندن بلاویانکردەوە، قادر عەزیز سکرتێری حزبی ئایندە کە بەشداری کۆبوونەوەکەی نەکرد، ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ھەرێم دەربڕیوە.
لەوبارەیەوە، عەلی عەونی بە تەنزەوە وتی:” قادر عەزیز لەدەستی چوو، ئەگەر لەو کۆبوونەوەیەدا بوایە ئێستا سەرۆکی ھەرێم بوو”.
بە پێکەنینیشەوە وتیشی: ” ھەرچەندە ھیچ کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم دەستنیشان نەکراوە، بەڵام ئەگەر لایەنەکان لەسەر قادر عەزیز رێککەوتن، ئەوکاتە بەسەرچاو پۆستەکەی پێدەدرێت”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی، ئاماژەی بەوەشکرد کە “قادر عەزیز بەرپرسی مەلەفی کەرکوک بوو، ھیچی بەھیچ نەکردو وەکو ئۆپۆزسیۆنێک قسەی دەکرد، بووە ھۆکاری پارچەپارچەبوونی حزبێکی بچووکی وەک زحمەتکێشان، ئایا ئەھلیەتی ئەوەی ھەیە سەرۆکایەتی ھەرێمی پێ بسپێرێت”


سه‌رچاوه‌ماڵپەری بۆژین

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات