جوتیارانی ناڕازی سایلۆی كەركوكیان داخست

kirkuknow1kurdish
ژمارەیەك جوتیاری كەركوك لە كاتی دورینەوەی بەروبومدا  فۆتۆ- وریا سەید وەهاب

ژمارەیەك جوتیاری كەركوك لە كاتی دورینەوەی بەروبومدا  فۆتۆ: ئەرشیف

جوتیارانی ناڕازی سایلۆی شاری كەركوكیان داخست‌و بڕیاریشە بەردەوامی بەو هەنگاوەیان بدەن، ئەوەش دوابەدوای ئەوەی تاڕادەیەكی بێئومێدبون لەوەرگرتنی پارەی دانەوێڵەی هەردوو ساڵی 2014ەو 2015.

جوتیاران ئەمڕۆ یەكشەممە 31/1 بەدانانی بەربەستی خۆڵ‌و تایە سوتاندن لەبەردەم فەرمانگەی سایلۆی كەركوك، فەرمانبەرانیان ناچاركرد سایلۆ بەجێبهێڵن‌و بچنە ماڵەوە.

فەریدون فەلاح، یەكێك لەجوتیارە ناڕازییەكان بە (كەركوك ناو)ی وت “تاوەكو ئێستا پارەی گەنم‌و جۆی ساڵی 2014و 2015مان وەرنەگرتوە‌و چەندینجار هاتینە بەردەم فەرمانگەی سایلۆی كەركوك‌و تایەمان سوتان بەڵام بێ سودبوو.”

وتیشی “بۆیە ئەمڕۆ یەكشەممە فەرمانبەرانمان ناردەوە ماڵەوە، دوای ئەوەی دەرگای سەرەكی فەرمانگەی سایلۆمان بەدانانی بەربەستی خۆڵ داخست.”

ئەو ناڕەزاییە لەدژی ئیدارەی كەركوك‌و حكومەتی ناوەندی، بەهۆی ئەوەوەیە كە تائێستا جوتیاران پارەی گەنم‌و جۆی ساڵی 2014و 2015یان وەرنەگرتوە.

 فەریدون فەلاح وتیشی “بڕیارمانداوە سبەی دوشەممە پێش دەستپێكردنی دەوامی فەرمی تەواوی جوتیاران بێینەوە بەردەم سایلۆو بەهەمان شێوە رێگری بكەین  لەفەرمانبەران كە بڕۆنە نێو فەرمانگەكەیان”.

كاروان ساڵحی ـ كەركوك ناو



سه‌رچاوه‌Kirkuk Now

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات