یەپەگە ھۆشداری دایە سوپای تورکیا

helin

ھاوسەرۆکایەتی کانتۆنی جزیرە داوا لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکات کە کاربکەن بۆ راگرتنی دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆ سەر خۆرئاوای کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەلیش ھۆشداریاندایە ئەنقەرە بەوەی لەمەودوا لە ئاست دەستدرێژییەکانی سوپای وڵاتەکەیاندا بێدەنگ نابن.

یەپەگە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند رۆژانی ٢٨و ٢٩ی ئەم مانگە یەکەیەکی سوپای تورکیا لە نزیک گوندی “سرمساخ”ی خۆرئاوای شاری دێرک، سنووری خۆرئاوای کوردستانیان بەزاندووەو رۆژی شەممەی رابردووش بە چڕی تەقەیان لە گردبوونەوەیەکی جەماوەری کردووە کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژ بە لەشکرکێشییەکە لەناوچەکەدا کۆبوونەتەوە.

یەپەگە ھۆشداری دایە سوپای تورکیا بەوەی چیتر بەرامبەر بەو ھەڵسوکەوتانەی سوپاکەیان بێدەنگ نابن و لەکاتی دووبارەبوونەوەی ھەر جۆرە لەشکرکێشییەکدا، بەرگری لە خاک و گەلی خۆرئاوای کوردستان دەکەن و ئەوکاتیش بەرپرسیارێتی ھەر جۆرە رووداوێک دەکەوێتە ئەستۆی ئەنقەرە.

لەلایەکی دیکەشەوە ھاوسەرۆکایەتی کانتۆنی جزیرە داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد بەرووی دەستدرێژییەکانی تورکیا و بەزاندنی سنووری خۆرئاوای کوردستاندا بوەستنەوە کە بە ھەڵۆستێکی دژ بە بەڵێننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسفیان کرد.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات