مەعسوم مەرسومی بۆ لە سێدارەدانی ژمارەیەك زیندانیی دەركرد

kirkuknow1kurdish
فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق

فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عیراق

سەرۆكایەتی كۆماری عیراق رایگەیاند فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری مەرسومی بۆ لە سێدارەدانی ژمارەیەك زیندانیی دەركردووەو ئەوەش سێیەم كۆمەڵە زیندانییە كە مەرسومی لە سێدارەدانیان بۆ دەردەكرێت.

وتەبێژیی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق خالید شوانی لە بەیاننامەیەكدا وتی ” سەرۆك مەعسوم مەرسومی كۆماری بۆ جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدان بەسەر ژمارەیەك زیندانیدا دەركردوە.”

رونیشیكردەوە ئەو كەسانەی بەهۆی تاوانی تیرۆریستی دژە بە گەلی عیراق‌و تاوانی تری مەترسیدار كە هەڕەشە لە ئاسایشی كۆمەڵگە دەكەن لە لایەن دادگاوە سزای لە سێدارەدانیان بەسەدا سەپێندراوە.

ئاشكراشیكرد مەرسومی كۆماری ئاراستەی دەسەڵاتی جێبەجێكردن كراوە بۆ ئەوەی سزای لە سێدارەدان بەسەر ئەو زیندانییانەدا جێبەجێ بكرێت دوای پێداچوونەوە بە دۆسییەكانیان لە لایەن لیژنەیەكی یاسایی تایبەتەوە كە بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنراوە‌و راشیگەیاند ئەو لیژنەیە بەردەوامە لە لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی ئەو كەسانەی كە سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە‌و دۆسیەكانیان رەوانەی سەرۆك كۆمار دەكات بۆ پەسەندكردنیان.

سەرۆكایەتی كۆماری عیراق كۆتایی ساڵی رابردوو رایگەیاند 500 زیندانیی سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوەو لەو ژمارەیەش 160یان كەیسی تیرۆرن‌و ئەوانەی دیكەش بە تاوانی تر سزاكەیان بەسەردا سەپێندراوە‌و ئەو كات ئاشكراشیكرد كە سەرۆك كۆماری عیراق فوئاد مەعسوك لیژنەیەكی بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەو زیندانییانە پێكهێناوە دوای تەواوبوونی كاری لیژنەكە مەرسومی كۆماری بۆ جێبەجێكردنی سزاكە دەردەكات.

جێی ئاماژەیە كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق ئاشكرایكرد دەسەڵاتدارانی عیراق لە ماوەی دوو ساڵی رابردودا سزای لەسێدارەدانیان بەسەر 236 كەسدا جێبەجێكردووەو 720ی تریش چاوەڕوانی ئەوەنن سزاكەیان بەسەردا جێبەجێبكرێت‌و داواشیكرد دادپەروەری لە جێبەجێكردنی ئەو سزایەدا لە وڵاتدا پەیڕەوبكرێت.

لە جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەداندا عیراق پلەی سێییەمی گرتووەو لە دوای هەردوو وڵاتی چین‌و ئێرانەوە دێت.

كەركوك ناو

ن.ر



سه‌رچاوه‌Kirkuk Now

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات