پێدانی کارەبا هاوڵاتیان چەند رۆژی داهاتوو زیاتر لە ١٠ کاتژمێر دەبێت.

bozhin

بەڕێوبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی، باس لە هۆکاری کەمی کارەبای چەند رۆژی رابردوو دەکات و هاوڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە لە چەند رۆژی داهاتوودا کارەبای ماڵان زیاتر لە ١٠ کاتژمێر دەبێت.

سیروان محەمەد، بەڕێوبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی  ڕاگەیاند، پێش رووداوەکانی تەقاندنەوەی بۆرییە غازەکەی چەمچەماڵ هاوڵاتیان رۆژانە ١٠ بۆ ١١ کاتژمێر کارەبای نیشتیمانیان پێدەدرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆرێک لە وێستگەکان بە غازی سروشتی کار دەکەن کە لە رێگای ئەو بۆرییەی چەمچەماڵەوە سوتەمەنیان بۆ دەنێردرا، ئێستا لە کار کەوتوون و پێدانی کارەبا بۆ ٦ کاتژمێر کەمبوەتەوە.

هەروەها ئەوەشی خستوەتە ڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵ دایە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە و چاککردنەوەی هێڵەکە، بەڵام پێدەچێت چەند رۆژێک بخایەنێت.

لەو بارەیەوە عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەکانی کەرکوک بە هاوڵاتی راگەیاندووە، بەردەوامین لە بەدواداچوون بۆ هۆکاری تەقاندنەوەی ئەو بۆرییە غازە، بەڵام هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە ئەو ناوچەیە ئارامە و کارەکە تیرۆرستی نییە.

بەڕێوبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم ئاشکرایکردووە” بڕی ٧٠٠ مێگاوات کارەبا لە هەولێر کەمی کردووە و چوار یەکەی کارەباش لە سلێمانی لەکار کەوتوون”.

جێی باسە شەوی پێنجشەممەی رابردوو ٢٨-١-٢٠١٦، هێڵی گواستنەوەی غازی چەمچەماڵ-هەولێر کە سوتەمەنی بۆ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەولێر دەگوازێتەوە تەقێنرایەوە و بەرپرسانی ئەمنیش هاوڵاتیان دڵنیا دەکەنەوە کردەوەکە تیرۆرستی نەبووە.



سه‌رچاوه‌ماڵپەری بۆژین

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات