نه‌وتی كه‌ركوك له‌ ساڵێكدا!

kirkuknow1kurdish

farhad hamza
فه‌رهاد حه‌مزه‌ محه‌مه‌د

دوای تێپەڕبونی ساڵێك بەسەر رێككەوتننامەی هەرێم و بەغدا، لە خوارەوە بە داتای وردو بە پشت بەستن بە دۆكیۆمێنتە رەسمیەكان بڕی ئەو نەوتە ئاشكرادەكەین كە لە كێڵگەكانی كەركوك و هەرێم لە 1/1/2015 تا 31/12/2015 لەڕێگەی بۆری هەرێمەوە هەناردە كراون.

لەماوەی ئەو ساڵەدا بڕی 193,560,355 ملیۆن بەرمیل نەوت لەڕێگەی بۆری هەرێمەوە فرۆشراوە كە 52,117,692 ملیۆن بەرمیلی نەوتی كۆمپانیای نەوتی باكورە، ئەوەی دەمێنێتەوە 141,442,663 ملیۆن بەرمیل نەوتی كێڵگەكانی بای حەسەن و ئاڤانا و كێڵگەكانی هەرێمە بە تێكەڵ كراوی و بێ ئەوەی جیاكرابێتنەوە.

شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2015 بە پێی دۆكیۆمینتەكان لە سەرەتای ساڵی 2015 تا كۆتایی مانگی حوزەیران نەوتی هەناردەكراوی كەركوك و هەرێم بڕەكەی 89,287,250 ملیۆن بەرمیلە، بەڵام لەم بڕە تەنها 53,700,000ملیۆن بەرمیلی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كراوە، هەروەها بەگوێرەی رێكەوتتنامەكەی هەرێم و بەغدا دەبوایە كۆمپانیای نەوتی باكور و كێڵگەی بای حەسەن و ئاڤانا هەر یەكەیان رۆژانهە‌150 هەزار بەرمیل هەناردە بكەن.

بە پشت بەستن بەدۆكیۆمینتە رەسمیەكان كۆمپانیای نەوتی باكور لەم شەش مانگەدا بڕی 25,288,219 ملیۆن بەرمیلی هەناردە كردوە. بە پێی رێكەوتنەكە لە هەردو كێڵگەی بای حەسەن و ئاڤاناوە 27,000,000 ملیۆن بەرمیل هەناردە كراوە كە كۆی هەناردەكراوی نەوتی كەركوك بەهەردو لایەكەوە دەكاتە 52,288,219 ملیۆن بەرمیل لەو شەش مانگەدا، ئەوەی دەمێنێتەوە 36,999,031 ملیۆن بەرمیل لە نەوتی هەرێم هەناردەكراوە. واتە لەم شەش مانگەدا تەنها نەوتی كەركوكی رادەستی سۆمۆ كردوەو نەوتی كێڵگەكانی هەرێمی سەربەخۆ فرۆشتوە. نەوتی كەركوك دوای فرۆشتنی بە سەربەخۆیی لە مانگی تەموزەوە تا كۆتایی ساڵی 2015 حكومەتی هەرێم سەربەخۆ نەوتی كەركوكی فرۆشتوە بەوەی كۆمپانیای نەوتی باكوریشەوە.

1- لەم شەش مانگەدا بە پێی دۆكیۆمێنتەكان كۆمپانیای نەوتی باكور بڕی26,829,373 ملیۆن بەرمیلی هەناردە كردوە.

2- هەردو كێڵگەی بای حەسە ن و ئاڤانا رۆژانە بە لای كەمەوە دەتوانن 200 هەزار بەرمیل بەرهەم بهێنن كە دەكاتە 36,000,000 ملیۆن بەرمیل.

3- كۆی هەردو بەشەكەی نەوتی كەركوك دەكاتە 62,829,373 ملیۆن بەرمیل بە نزیكی.

4- لەم شەش مانگەدا حكومەتی هەرێم بڕی 3.700,000 ملیۆن بەرمیلی رادەستی سۆمۆ كردوە.

5- ئەگەر ژمارەكەی بڕگەی 4 لە بڕگەی 3 دەربكەین دەمێنێتەوە 59,129,373 ملیۆن بەرمیل كە هەرێم نەوتی كەركوكی بۆ خۆی فرۆشتوە لە ماوەی شەش مانگی دوەمی ساڵی 2015دا. كەواتە لەماوەی ساڵێكدا حكومەتی بەغدا بڕی 52,288219+3,700,000 =55,988.219 ملیۆن بەرمیل نەوتی كەركوكی فرۆشتوە، حكومەتی هەرێمیش 59,129,373 ملیۆن بەرمیل نەوتی كەركوكی فرۆشتوە كە سەرجەمی هەردوكیان دەكاتە 115.117.592 ملیۆن بەرمیل لە نەوتی كەركوك لەو ساڵەدا هەناردە كراوە.

هەروەها لەم ساڵەدا حكومەتی هەرێم بڕی 78,442.763ملیۆن بەرمیل نەوتی كێڵگەكانی هەرێمی فرۆشتوە. لەم داتایانەوە دەگەینە ئەو راستیەی كە 60% ئەو نەوتەی بە بۆری هەرێمدا لە ساڵی 2015دا تێپەڕیوەو فرۆشراوە نەوتی كەركوك بوە.

تێبینی: ئەم ژمارانە ئەو نەوتە ناگرێتەوە كە لەڕێگەی تانكەرەوە لە بەندەری جەیهان دەفرۆشرێت.

ئەم وتارە لەسایتی سبەی وەرگیراوە



سه‌رچاوه‌Kirkuk Now

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات