رۆمانی حەللاج

hewallname

99

رۆمانی حەللاج

نووسینی: عەباس ئەرنائوت

وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی

حەللاج
سۆفییەکی عاشق و یاخی

ئازاد بەرزنجی

هەمیشە ئەو کەسانەی بە ئاقارێکی جیاواز لە ئاقاری باو بیریان کردۆتەوە و خەونەکانیان جیاواز بووە لە خەونی خەڵکێکی عەوام و ویستوویانە بە چەکوشی هزر و ڕۆح بتەکانی کۆمەڵگا و سیستمی دژە گۆڕانکاری و سەقامگیرخواز؛ تێکبشکێنن، ئامانجی ڕق و تۆڵەی خەڵکانێک بوون کە نەیانویستووە وەهمی ئاسوودەییان لێ بشێوێت و دەسەڵات و پێگەیان لێ تێکبدرێ. چونکە ئەوانە وەکو ئەو نوستووانە وەهان کە بە بێدارکردنەوە و بەئاگاهێنانەوە؛ ڕیتمی خەو و خەیاڵاتیان تێکدەچێت، هەربۆیە چەندیان پێ بکرێ؛ دژایەتیی ئەو کەسە ڕۆحبێدارانە دەکەن و بە هەموو شێوەیەک دەیانەوێ ئاسەواریان لە مێژوودا بسڕنەوە. لەکاتێکدا مێژووی ڕاستەقینە ئەو مێژووەیە کە ئەو ئینسانە یاخییانە دروستی دەکەن، نەک ئەوانەی شەپۆل و تەوژمی ڕۆژگار چۆن بوو، بە هەمان ئاڕاستە لەگەڵیدا دەڕۆن و هەڵبەتە ئاشکرایە کە زۆربەی کات چارەنووسی ئەو جۆرە کەسانەش، یان ناوزڕاندن و دوورخستنەوە، یان زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و، یاخود کوشتن و لەخاچدان بووە، هەروەکچۆن ئەمە چارەنووسی حوسەینی کوڕی مەنسووری حەللاجیش بوو. ئەو حەللاجەی مایەی گفتوگۆ و مقۆمقۆ بوو و، کاریگەریی نەک هەر لەسەر چواردەوری خۆی هەبوو، بەڵکو بگرە گەیشتە هیندستان و تورکیا و ئێران و تەنانەت لە سەدەکانی دواتردا گەیشتە ئەوروپاش، تا ئەو ڕادەیەی بیرمەندێکی گەورەی وەکو (لویس ماسینیۆن) بەشێکی زۆری ژیانی خۆی بۆ نووسین و توێژینەوە لەسەر ئەم کەسێتییە ناوازەیە تەرخان کرد و لەمڕووەشەوە؛ کتێبی “ئازارەکانی حەللاج”ی، بە یەکێک لە کتێبە گرنگ و سەرچاوە دەوڵەمەندەکان لە قەڵەم دەدرێ.

حەللاج کێ بوو؟
ئەبولموغیس حوسەینی کوڕی مەنسووری حەللاج لە ساڵی ٢٤٤ك بەرامبەر بە ٨٥٧ یان ٨٥٨ی زاینی لە دێی “توور”ی سەر بە شاری “بەیزا” لە هەرێمی فارسی باکووری شاری شیراز هاتۆتە دونیاوە. باپیرەی کابرایەکی زەردەشتی بووە، باوکیشی هەللاج (حەللاج) بووە. ئەو هێشتا لاوێکی مناڵ بووە کە خێزانەکەیان چوون بۆ “واسیت” لە عیراق. سەبارەت بەوەش کە بۆچی نازناوی “حەللاج”ی دراوەتە پاڵ، قسە و باسی جیاواز هەیە. لەوانە ئەوەی کە باوکی هەللاج بووە، هەروەها پێی وتراوە هەللاجی نهێنییەکان، لەبەرئەوەی پەردەی لە ڕووی نهێنییەکانی یەکتاپەرستان هەڵماڵیوە. هەروەها هۆکاری تریش هەن کە زیاتر خەیاڵ بە سەریدا زاڵە، وەک ئەوەی کە کاتێک لە واسیت بووە (جارێکیان داوا لە هەللاجێک دەکات، لە هەندێک کاردا یارمەتیی بدات، کابرا سەرەتا داواکەی ڕەتکردۆتەوە، بە بیانووی ئەوەی سەرقاڵی هەللاجییەکەی خۆیەتی، بەڵام کاتێ حوسەین بەڵێنی دەداتێ کە ئەگەر یارمەتیی بدات، ئەوا ئەمیش لە کاری هەللاجیدا یارمەتیی ئەو دەدات، ئیدی کاتێ کابرای هەللاج دێتەوە بۆ شوێنکارەکەی خۆی، سەیردەکات هەرچی لۆکە هەیە شی کراوەتەوە، هەر لەوەوە نازناوی حەللاج دەخەنە پاڵ حوسەینی کوڕی مەنسوور.)
حەللاج لە سەرەتای لاویدا دەچێت بۆ توستەر (شوشتەر) و لەوێ سۆفییەکی سوننی دەناسێت کە ناوی (سەهلی کوڕی عەبدوڵڵای توستەری)ییە و بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر دەستی ئەو، بنەماکانی تەسەووف دەخوێنێت. پاشان توستەر جێدێڵێت و ڕوو دەکاتە بەسرە و لەوێ بە (عەمروی کوڕی عوسمانی مەککی) ئاشنادەبێت و لەلای ئەو زانستەکانی تەسەووف و زوهد دەخوێنێت و وردەوردە دەناسرێ و ناو دەردەکات. لە بەسرە هاوسەرگیری دەکات و کچی (ئەبو یەعقوبی ئەقتەعی بەسری) دەهێنێت و ئەم هاوسەرگیرییەی دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندیی لەگەڵ عەمروی مەککیدا تێکبچێت، لەبەرئەوەی ئەبو یەعقوب ڕکابەری عەمرو دەبێت لە پێشەنگیدا بۆ تەسەووف لە بەسرە. ئینجا دەچێت بۆ بەغدا و لەوێ یەکێک لە سۆفییە گەورەکانی ئەو ڕۆژگارە دەناسێت کە (ئەبولقاسم جونەیدی کوڕی محمەمەدی بەغدادی)یە. جونەید ئامۆژگاریی دەکات کە پێویستە سەبری هەبێت و ددان بە خۆیدا بگرێت و هەر لەسەر دەستی ئەویش خیرقەی سۆفییان دەپۆشێت. حەللاجیش لەسەر قسەی جونەید بەغدا جێدێڵێت و دەگەڕێتەوە بۆ بەسرە. ئەو دەمە بەسرە هەر مەڵبەندێکی تەسەووف نەبوو، بەڵکو مەڵبەندی هەندێ بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیش بوو، لەوانە بزووتنەوەی زنجیەکان. ئاکامی ئەم بزووتنە کۆمەڵایەتییە ڕاپەڕینێک دەبێت، بەڵام (لە ساڵی ٢٧٠ی کۆچیدا، ڕاپەڕینی زنجیەکان دادەمرکێنرێتەوە و وەسی مۆفەق یاساوڕێسا دەگەڕێنێتەوە بۆ بەسرە و دیسانەوە پرۆسەی باجوەرگرتنی قورس دەستپێدەکاتەوە. حەللاج دەچێت بۆ مەککە، بەڵام وەک حەجێکی سەپێنراو نا، بەڵکو وەکو عەمرەیەک کە بە ئامۆژگاریی شافیعی، لە حەساری کەعبەدا دەیباتەسەر.)
خەڵکانی سەر بەو بزووتنەوەیە لە کۆیلە و چەوساوەکان پێکهاتبوون، تیایاندا بوو زنجی بوو لە ئەفریقاوە هاتبوون، کە ئەمانە زۆرینە بوون و هەر بۆیە بزووتنەوەکەش بەو ناوەوە ناونرابوو، هەروەها هیندیی پێست ڕەش و پاشانیش جووتیارانی دەڤەرەکە. دەرەبەگەکان ئەمانەیان دەچەوساندەوە و لە زەویوزارەکانی خۆیاندا کاریان پێ دەکردن و خوێی زەوییە شۆرەکانی خۆیانیان پێ پاك دەکردنەوە. بەڵام دڵڕەقی و نامرۆیی ئەو دەرەبەگانە بەڕادەیەک بوو کە تەنانەت جێخەویان بەو هەژارانە ڕەوا نەدەبینی و بۆ هەر ژەمێک چەند دەنکە خورمایەکیان دەدانێ. سەرکردەی ئەم بزووتنەوەیە (عەلیی کوڕی محەمەد) بوو.
هەر لەو ڕۆژگارەدا بزووتنەوەی قەرمتیەکانیش لەئارادا بوو کە بە بیروباوەڕ دەچوونەوە سەر ئیمامی ئیسماعیلی.
هەڵبەت شتێکی سەیر نییە کە حەللاجیش پەیوەندیی بەم دوو بزووتنەوەیەوە هەبووبێت. ئەو دوو بزووتنەوەیەش لێک نزیک بوون و هەردووکیانیش دژ بە دەوڵەتی عەباسی بوون. هەر لێرەشەوەیە کە دواتر دەوڵەتی عەباسی بە تۆمەتی (قەرمتی) حەللاج دەسگیر دەکەن و بە مەترسییەکی گەورەی دەزانن لەسەر دەسەڵاتیان. لەبەرئەوەی (ڕەفتاری حەللاج و میتۆدی فیکریی و ڕۆحی شۆڕشگێڕانەی و بانگەشەکردنی بۆ چاکسازیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، هەموو ئەمانەی لە ڕێبازی قەرمتیەکان و ڕۆحی شۆڕشگێڕانەیان و کەفوکوڵیان بۆ گۆڕینی سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەچوو، ئەمە جگە لە پەیوەندیی توندوتۆڵی نێوان هزری حەللاج و بیروباوەڕی فاتیمی ئیسماعیلی و باوەڕی بەوەی کە دەبێ پەنا ببرێتە بەر لێکدانەوە و مانای ناوەوەیی “باتینی یان ناخی” لە پەنا مانای ڕواڵەتیدا) گەرچی لویس ماسینیۆن لە کتێبی “ئازارەکانی حەللاج”دا قەرمتیبوونی حەللاج ناسەلمێنێت، چونکە لە یەکەم دادگاییکردنی حەللاجدا لە ساڵی ٣٠١ی کۆچیدا، ئیبن سورەیج کە شارەزابووە لە کاروباری قەرمتیەکاندا، لەو تۆمەتە بێبەریی دەکات. هەروەها پشتبەستنی حەللاج لە هەندێ لە نووسینەکانیدا بە تەفسیری ئیمام جەعفەری سادق، وەکو ماسینیۆن دەڵێت، نیشانەی شیعەبوونی حەللاج نییە. هەروەها بە ڕای ماسینیۆن، ئەو زاراوە قەرمتیانەی حەللاج بە کاری بردوون، بە مانای جیاواز لە مانا قەرمتییەکان مامەڵەی لەگەڵ کردوون و ڕەهەندێکی سۆفییانەی پێ بەخشیون.
حەللاج لە ساڵی (٢٧٠ک)دا دەچێت بۆ مەککە و ساڵێک لەوێ دەمێنێتەوە و لە ماوەی ئەو ساڵەدا جگە لە حەج و عەمرە، سەرگەرمی تێڕامان و مەشقی ڕۆحی دەبێت تا ئەو ڕادەیەی کە تیایدا لە نزیکەوە عیشقی خودایی ئەزموون دەکات و دەگاتە ئەوەی بڵێت: “ئەگەر تۆزقاڵێک لەو ئاگرەی ناو دڵم فڕێ بدرێتە سەر شاخ و داخەکانی زەوی، هەموویان دەتوێنێتەوە، خۆ ئەگەر لەناو ئاگر خۆیشیدا بوومایە، ئاگرەکەم دەسووتاند”. پاشان بەرەو ئەهواز دەچێت و لەوێشەوە بۆ شوشتەر و سەرلەنوێ دەگەڕێتەوە بۆ ئەهواز و ئینجا لە ساڵی (٢٨٦ک)دا بەرەو هیندستان و خوراسان دەڕوات.
خوراسان لەو ڕۆژگارەدا مەڵبەندی دەوڵەتی شیعە و هەروەها دوو بزووتنەوەی سیاسی و ڕۆحیی بەتین بوو، کە بریتی بوون لە بزووتنەوەی قەرمتیەکان و، هەروەها بزووتنەوەی تەسەووفی بەستامی. حەللاج لەم گەشتەیدا بە گەلێ شوێن و گەلێ کەسێتی ئاشنا بوو و لێرە و لەوێ کۆڕ و کۆبوونەوەی دەبەست و گوتاری دەدا. دیسان نابێ ئەوەمان لەیاد بچێت کە ئەو دەمە خوراسان پڕبوو لە پەرستگای بووداییەکان و، فەلسەفە و ئایین و تەسەووفی هیندی کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر حەللاج کرد و ئەمەش لە ڕێبازەکەیدا ڕەنگی داوەتەوە و گەیاندییە ئەو باوەڕەی کە هەر مرۆڤە و دەبێ لەناو خودی خۆیدا بەدوای خوادا بگەڕێت و بیدۆزێتەوە. ئەم گەشتەی پێنج ساڵی خایاند و دواتر لە دەوروبەری ساڵی ٢٩٠ک دا گەڕایەوە بۆ ئەهواز و لەوێشەوە بۆ بەغداد. دیسانەوە سەودای مەککە دایەوە لە سەری و چووەوە بۆ ئەوێ و، ئەمجارەیان کە گەڕایەوە بۆ بەغدا، لە ماڵەکەی خۆیدا کەعبەیەکی بچووکی بۆ خۆی دروست کرد. هەڵبەتە حەللاج لەم قۆناغەدا گەیشتبووە ئاستێک لە عیشقی خودایی کە باوەڕی وابوو یەکبوونی ڕاستەقینە یەکبوونە لەگەڵ خوادا، دیارە ئەمەش شتێک بوو لای فەقیهەکانی ئەو دەمە قبووڵ نەدەکرا، بۆیە وردەوردە ناحەز و دوژمنی زۆر بوو. ئەوێک کە دەیوت: “یا أهل الإسلام، أغیثوني من اللە، فلیس یترکني و نفسي فآنس بها، و لیس یأخذني من نفسي فاستریح منها، هذا دلال لا أطیقە” واتە: ئەی موسڵمانان، فریام بکەون لە دەستی خوا، نە دەهێڵێت ڕۆحم ئاسوودە بێت تا هۆگری بم و، نە لە ڕۆحم دەمسێنێتەوە تا ڕزگارم بێت لێی و بحەوێمەوە، ئەمە نازێکە کە ناتوانم بەرگەی بگرم” ئیتر چۆن خەڵکی لێی نەدەورووژاند و لێی پڕ نەدەبوون، لەوانەش فەقیهێک کە شیعری دەنووسی و ناوی محەمەدی کوڕی داود بوو و لە دادگای بەغداش قازی بوو. هەربۆیە بە تۆمەتی کفرکردن پەلکێشی کرد بۆ دادگا تا حوکمی کوشتنی بەسەردا بسەپێنن، بەڵام قازییەکی تر لەوێ کە ناوی ئیبن سورەیج بوو و فەقیهێکی شافیعی بوو بەرگریی لێ کرد و وتی: “حوکمدان بەسەر حاڵەتێکی سۆفییانەی لەم چەشنەدا لە دەسەڵاتی دادگا شەرعییەکاندا نییە (کە بەتەنها ڕواڵەتی شتەکان دەبینن)”.
بەڵام دەبێ لێرەدا دیسانەوە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە مەسەلەی دوژمنایەتیکردنی حەللاج و ڕاوەدوونان و چاودێریکردن و زیندانیکردنی، بە تەنها پەیوەندیی بە تەکفریکردنیەوە نەبووە، چونکە وەکو ئاماژەشمان پێ دا پەیوەندیی حەللاج بە قەرمتی و زنجیەکانەوە و بەرگریکردنی لە هەق و لە چەوساوە و هەژاران، شتێک بوو بەلای عەباسییەکانەوە مایەی مەترسی بوو. عیشقی حەللاج بۆ خودا هەڵوێستێک بوو زۆر پەیوەست بوو بە دژایەتیکردنییەوە بۆ ستەم و جەوری عەباسیەکان و چەوساندنەوەی هەژاران و سەپاندنی باجی زۆر لە سەریان، بۆیە تا دەهات ئەم هەڵوێستەی، بەرەو یاخیبوونی زیاتی دەبرد بەرامبەر بە دەوڵەتی عەباسی و، لەبەرامبەر ئەوەشدا، خۆشەویستی و هاوسۆزیی بۆ ستەملێکراوان پتر دەکرد. ئیتر ئەوە بوو لە ساڵی (٢٩٩ک) (٩١١ – ٩١٢ز) دا، واتە هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی فاتمیدا لە مەغریب، وەزیری وەخت “عەلیی کوڕی محەمەدی کوڕی فورات” بڕیاری دەسگیرکردنی دەرکرد، بەڵام ئەو هەڵدێ بۆ سووس لە ئەهواز، گەرچی دوای دوو ساڵ، واتە لە ٣٠١ک دا و لەڕێی سیخوڕێکی وەزیر حامیدی کوڕی عەباسەوە دەسگیردەکرێ و ئەم زیندانیکردنەشی ماوەی نۆ ساڵ دەخایەنێت.
ئەم قۆناغە لە ژیانی حەللاجدا، دژوارترین و پڕئازارترین قۆناغ دەبێت، گەرچی لەگەڵ ئەمەشدا ئەو هەر لەسەر کار و نووسینەکانی خۆی بەردەوام دەبێت.
هەر لەو ساڵی گرتنەیدا وەزیرێک بە ناوی “عەلیی کوڕی عیساوە” دەسبەکار دەبێت کە خزمی یەکێک لە کاربەدەستە گەورەکانی دەوڵەت دەبێت بە ناوی “حەمد قینائی”یەوە، ئەمەی دووەمیان لایەنگرێکە لە لایەنگرەکانی حەللاج. هەربۆیە ئیبنو عیسا، بە گەڕانەوە بۆ فەتواکەی ئیبنو سورەیج مەسەلەی دادگاییکردنی حەللاج هەڵدەپەسێرێت و قوتابییەکانی حەللاجیش ئازاد دەکات. بەڵام ئەو کردەوەیەی دەبێتە مایەی ورووژاندن و هەڵچوونی نەیارانی حەللاج، ئەمیش بۆ دامرکاندنەوەی ئەو ورووژان و هەڵچوونە، بڕیار دەدات بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، لە بەیانییەوە تا نیوەڕۆ حەللاج بە زیندوویی بە خاچدا هەڵبواسرێ و ئینجا ببرێتەوە بۆ زیندان.
(حەللاج هەر لەم ماوەی زیندانیکردنەیدا دوا کارەکانی خۆی نووسی و لەوانەش “تاسینی ئەزەل” کە ئیبنو عەتا لە ساڵی ٣٠٩ک دا دەستی کەوت و لای خۆی پاراستی) .

دادگاییکردنەکەی حەللاج:
پاش ئەوەی لە ساڵی ٣٠٦ک دا قەیرانی دارایی ڕووی کردە وڵات و سەرشەقامەکان پڕبوون لە خۆپیشاندەران و پێکدادان و، هەڵپژان لەنێوان خەڵک و سوپادا ڕووی دا و ژمارەیەکی زۆر لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون، خەلیفە بۆ پاککردنەوەی دەستوپێوەند و دامەزراوەکانی لەو کەسانەی لایەنگری خۆپیشاندەران بوون، هەندێ گۆڕانکاریی ئەنجام دا. لەوانە؛ لابردنی ئیبنو فورات و دانانی حامیدی کوڕی عەباس بە وەزیر. حامیدیش یەکێک بوو لە دوژمنە سەرسەختەکانی حەللاج. بۆیە ئەوەی بە فرسەت زانی و دوای ئەوەی عەلیی کوڕی عیسای جێگری لە خۆی دوورخستەوە، بڕیاری سازکردنەوەی دادگایی بۆ حەللاج دەرکرد. (حامید دەیویست دیمەنەکە بە جۆرێک بسازێنێت کە حوکمی کوشتنی حەللاج لە دادگاوە دەربکرێ. هەر بۆ ئەم مەبەستە، قازییەکی سوننیی مالیکیی هێنا، ناوی ئەبو عومەری حەمادی بوو، کە لەناو کاربەدەستاندا بە قسەزانی ناوی دەرکردبوو، ئەو گوتەیەی حەللاجیشی هێنایەوە کە وتوویەتی: “لەبری چوون بۆ حەج، نەزر و زیارەتی کەعبەی دڵ بەسە” و کردی بە بەڵگە بەسەریەوە بۆ “دەسبەرداربوون لە حەج” و وتی: “مەسەلەکەی حەللاج لە مەسەلەی قەرمتیەکان دەچێت، کە دەیانوسیت کەعبە بڕووخێنن، بۆیە دەبێ مەنسووری حەللاج بەم تاوانە حوکمی کوشتنی بۆ دەربکرێ) هەڵبەتە دەبێ ئەوە لەیاد نەکەین کە حامید، حەللاج و هاوڕێکانی، لەوانە: ئیبنو عەتا و ئیبنو عیسای بە هۆکاری ئەو ئاشووب و خۆپیشاندانانە دەزانی. ئەمە لەکاتێکدا هۆکاری سەرەکی، خۆی بوو، کە تەماعی خستبووە بەر خەلیفە و باجی لەسەر خەڵک زیادکردبوو. خەڵکیش چیتر سەبریان نەمابوو لە دەست ئەو زوڵم و زۆرە و ڕژابوونە سەر شەقامەکان.
دادگاییەکە بە سەرۆکایەتیی ئەبو عومەری حەمادی سازکرا. هەر لە دەستەی دادگاییکردنەکەدا قازییەکی حەنەفی هەبوو کە ناوی ئەبوجەعفەری بەهلول بوو، لەبەرئەوەی بە کوشتنی حەللاج قایل نەبوو، لە دەستەکە دوورخرایەوە و قازییەکی حەنەفی تریان لەجێی دانا کە ناوی ئەبولحوسەین عومەر بن ئەشنانی بوو. حامیدی کوڕی عەباس بە ئەنقەست نەیهێشت هیچ قازییەکی شافیعی لەو دەستەیەدا بێت، لە ترسی ئەوەی نەبادا بکەوێتە ژێر کاریگەریی فەتوا کۆنەکەی ئیبنو سورەیجەوە و حەللاج بە بێبەری لە قەڵەم بدات. دادگاییەکە سازکرا. چەند هەوڵیان دا، لە نووسینەکانیدا بەڵگەیەک لەسەر زندیقبوونی حەللاج بهێننەوە، نەیانتوانی. تا چوونەوە سەر مەسەلەی “حەج” و ئەو قسەیەی کە حەللاج لە بارەی حەجەوە کردبووی و وتبووی (ئەگەر یەکێک نەیتوانی بچێت بۆ حەج، دەتوانێ لە ماڵەکەی خۆیدا شتێکی وەکو کەعبە دروست بکات و بە دەوریدا تەواف بکات وەکو ئەوەی لە مەککە بێت، پاشان سی هەتیو کۆبکاتەوە و نانیان بداتێ و خۆی خزمەتیان بکات و دەستیان بشوات و کراس بکاتە بەری هەموویان و یەکی حەوت درهەمیان بداتێ. کاتێکیش قازی ئەبو عومەر سەرۆکی دادگا لە حەللاجی پرسی ئەو قسەیەی لە چ سەرچاوەیەکەوە وەرگرتووە، حەللاج لە وەڵامدا وتی کە لە کتێبی “ئیخڵاس”ی حەسەنی بەسریدا خوێندوویەتییەوە. ئەبو عومەر نکووڵیی لەوەکرد کتێبێکی لەو جۆرە هەبێت. حەللاجیش لەسەر قسەکانی خۆی سووربوو. ئیتر ئەبو عەمەر ڕاپەڕی و بەسەریدا هاواری کرد: “ئەی خوێن حەڵاڵ”. کاتێ وەزیر ئەمەی بیست، یەکسەر بە ئەبو عومەری وت: “ئەوە بنووسە”، هەرچەندە ئەبو عومەر ویستی خۆی لێ بدزێتەوە، بەڵام حامید پێداگریی کرد و لەسەر داواکەی سووربوو و – هیچ سەرپێچییەکیش لەگەڵیدا سوودی نەبوو -، بەتایبەتیش کە قازی بن ئەشنانیش بۆ ڕازیکردنی حامید، لەسەر ئەوە قایل بوو، هەربۆیە خوێنڕشتنی حەللاجیان حەڵاڵ کرد و ئەوانەی لە دادگاکە بوون، چ قازی و چ شایەت، هەموویان مەحزەرەکەیان ئیمزا کرد) .
لە ڕۆژی ٢٤ی زولقەعدەی ساڵی ٣٠٩ک دا و لە (بابی خوراسان)، خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە تا چۆنێتیی کوشتن و لەخاچدانەکەی حوسەینی کوڕی مەنسوری حەللاج ببینن. حەللاج وەختێ لە شوێنی لەخاچدانەکەی نزیک بووبۆوە و دار و تەختە و بزمارەکانی بینیبوو، هێندە پێکەنیبوو تا چاوەکانی پڕ بووبوون لە فرمێسک. پاشان هەر وەکو لە ڕۆمانەکەشدا هاتووە و پێویست ناکات لەم پێشەکییەدا دووبارەی بکەمەوە، دوو ڕکات نوێژی کردووە و ئینجا داوای لە خوا کردووە کە لە بکوژەکانیشی خۆش بێت. ئینجا ئەبو حارسی شمشێروەشێن لێی نزیک دەبێتەوە و بە دەموچاویدا دەکێشێت، دواتر هەزار قامچیی لێ دەدات و دوای ئەوەش دەست و پێی دەبڕێتەوە. هەڵبەت لەبەرئەوەی لەخاچدانەکەشی دەبووایە بە ئامادەبوونی وەزیر بووایە تا فەرمانی خەلیفە لەوبارەیەوە بخوێنێتەوە، لەخاچدانەکەی بۆ ڕۆژی دوایی دواخرا و بۆ ڕۆژی دوای ئەوە، شمشێروەشێن لە ملی دا و سەری پەڕاند. پاشان لاشەکەی لە حەسیرێکەوە دەپێچن و نەوتی پێدا دەکەن و دەیسووتێنن، ئینجا خۆڵەمێشەکەی دەبەن و لەسەر منارەیەکەوە دەیڕێژنە ناو ئاوی دیجلەوە. سەرە پەڕیوەکەشی دەبرێ بۆ زیندانە تازەکەی و، لەگەڵ هەردوو دەست و پێیە بڕاوەکەیدا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەسەر دیواری زیندانەکە دایدەنێن. دوایی، کەللەسەرەکەی دەبەنە گەنجینەی دارولخیلافە و بۆ ماوەی ساڵێک لەوێ دەمێنێتەوە و پاش ئەوەش دەنێردرێ بۆ خوراسان تا لەوێ ببێت بە عیبرەتێک بۆ هاوڕێکانی. بەڵام ئەم چارەنووسە شتێکی سەیر نەبوو بەلای حەللاج خۆیەوە، ئەو مردنی لەڕێی هەق و عیشقی خوداییدا بە خەونێک دەزانی کە دەیویست بێتە دی. ئەی هەر ئەو خۆی نەبووە کە پێشتر پێشبینیی ئەو مەرگەی خۆی کردووە و وتوویەتی:
ألا أبلغ أحبائي بأنيّ
رکبت البحرُ و انکسرَ السفینة
علی دین الصلیب یکون موتي
و لا البطحا أرید و لا المدینة
واتە: بە خۆشەویستانم ڕابگەیەنن کە من بە ڕێی دەریادا ڕۆیشتم و کەشتییەکەم شکا، مەرگی من لەسەر تەرزی ئایینی خاچپەرستان دەبێت، من نە مەککەم دەوێت و نە مەدینە.
فەریدەدینی عەتتار لە “مەنتیقولتەیر”دا بەمشێوەیە باس لە دەستوقاچ بڕینەوەکەی حەللاج دەکات:
چون شد آن حلاج بردار آن زمان
جز أنا الحق می نرفتش بر زبان
چون زبان او همی نشناختند
چار دست و پای او انداختند
زردشد چون بریخت خون از وی بسی
سرخ کی ماند درین حالت کسی
زود در مالید آن خورشید راه
دست ببریدە بە روی همچو ماه
گفت چون گلگونهء مرد است خون
روی خود گلگونە کردم کنون
تا نباشم زرد در چشم کسی
سرخ رویی باشدم انجا بسی
واتە کاتێک حەللاجیان لەو ڕۆژگارەدا بە داردا هەڵواسی، جگە لە (أنا الحق) هیچی تری بەسەر زماندا نەهات، لەبەرئەوەی خەڵکەکەش لەو قسەیەی تێنەدەگەیشتن، هەر چوار دەست و پێیان بڕی، کاتێکیش خوێنی زۆری لێ ڕۆیی، ڕەنگی زەرد هەڵگەڕا، چونکە لە حاڵەتێکی وادا چ ڕوخسارێک هەیە بە سووری بمێنێتەوە، ئینجا ئەو پیاوە کە ڕێگای خۆری گرتبوو، دەستە بڕاوەکەی ماڵی بە ڕوخساری خۆیدا کە دەتوت مانگە و وتی: ئەگەر سووریی ڕوخساری پیاو هی ئەو خوێنە بێت کە تیا دەگەڕێت، وا منیش ڕوخساری خۆم سوورتر کرد، تا لە چاوی کەسدا ڕەنگزەرد نەنوێنم، بۆیە پێویستم بەوەیە ڕەنگم سوور بێت.

کاریگەریی حەللاج دوای مەرگی
ئەو ڕاستییەی نکووڵیی لێ ناکرێ ئەوەیە کە حەللاج و ڕێبازەکەی لە پاش مەرگی کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر فەیلەسووفان و موتەسەویفان و تەنانەت ئەدیبان و هونەرمەندانیش هەبووە. شایانی باسە حەللاج جگە لەوەی سۆفییەکی گەورە بووە، شاعیرێکی گەورەش بووە و کۆمەڵێک قەسیدەی ناوازە و نەمری دوای خۆی جێهێشتووە. لێرەدا زۆر بە کورتی و هەر بۆ نموونە ناوی هەندێک لەو کەسێتییانە دەهێنین کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی حەللاج و ڕێبازەکەی و شیعرەکانییەوە، لەوانە: ئیبنو سینا کە بە شێخی ڕەییس ناسراوە، چەمکی نوور کە بناغەی فەلسەفەی ئیشراقە، ئیبنو سینا لەژێر کاریگەریی حەللاجدا دەیکات بە بنچینەی فەلسەفەکەی. هەروەها “سوهرەوەردی”یش بە هەمان شێوە. جگە لەمانە دەتوانین ناوی “جیلی” و “ئیبنو عەرەبی” و “ئیبنو فارز” و “غەزالی” و “فەریدەدین عەتتار” و “جەلالەدینی ڕۆمی”یش بهێنین.
هەروەها لویس ماسینیۆن سەبارەت بە کاریگەریی حەللاج لەسەر ئەو بە نەژاد تورکانەی کە تازە ڕوویان کردبووە ئیسلام و لە کارەکانیاندا ستیاشی حەللاجیان کردووە؛ ناوی ئەمانە دەهێنێت:
١ – ئەحمەد پەسوی (کە لە ساڵی ٥٦٣ک دا کۆچی دوایی کردووە) و لە شاری پەساء نێژراوە، لە شیعرەکانیدا پەسنی حەللاجی کردووە.
٢ – نەسیمی، لە شیعرەکانیدا بە گەورەیی باسی حەللاجی کردووە و لە ساڵی (٨٢٩ ک)دا بە تۆمەتی ئیلحاد لە شاری حەڵەب کوشتوویانە و پێستەکەیان گوورووە.
٣ – سۆفییەکانی بەکتاشیە: زۆربەی لایەنگرانی ئەم ڕێبازە لە “یەنی چری”یەکانی وڵاتی عوسمانی بوون کە خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ حەللاج هەبوو… لە ئەدەبیاتی تورکیشدا حەللاج بە “زوبدەتولئەولیا” ناسرابوو. لامیعی (کە لە ٩٥٨ ک دا کۆچی دوایی کردووە) لە قەسیدەیەکیدا کە پێشکەشی سوڵتان سولەیمانی قانونیی کردووە، شێوەی لەداردانەکەی حەللاجی بە گوڵێکی سەربەرەوخوار شوبهاندووە.)
هەڵبەت ماسینیۆن لەپاڵ ئەم ناوانەدا ناوی گەلێ موتەسەویف و شاعیری تری تورک و غەیرە تورک ڕیزدەکات کە هەموویان بە شێوەیەک لە شێوەکان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی حەللاجەوە کە ناکرێ لێرەدا ناوی هەموویان بهێنین، بەڵام هەر لەو ناوانە ئاماژە بە ناوی “ئیقبالی لاهوری” دەکەین کە فەیلەسووف و شاعیر و سیاسەتمەدارێکی ناوداری پاکستانی بووە و لە ساڵی ١٩٣٨ز دا کۆچی دوایی کردووە. ئەو لە ڕوانگەی چەمکی “باڵامرۆ”ی فریدریش نیتچەوە دەڕوانێتە حەللاج و ئەو بە نموونەی مرۆڤی بەرکەماڵ لە قەڵەم دەدات.
هەروەها کاریگەریی حەللاج لەسەر شاعیرانی فارس کاریگەرییەکی بەرچاو و فراوانە. لەو شاعیرانەش” مەولەوی (جەلالەدینی ڕۆمی)، حافز، نیزامی، سەعدی، پەروینی ئیعتیسامی، ئەبو سەعید ئەبولخەیر، سائیب، موسەوی، فەیزی کاشانی، سەنایی، عیراقی و هتد…
لە شاعیرانی عەرەبیش دەتوانین ناوی (سەڵاح عەبدولسەبور) بهێنین کە شانۆنامەیەکیشی هەیە لەسەر حەللاج بە ناوی “تراژیدیای حەللاج”ەوە. هەروەها (عەبدولوەهاب بەیاتی) کە شیعرێکیشی هەیە بە ناوی (ئەشکەنجەکانی حەللاج)ەوە. شاعیرێکی تری عیراقیش هەیە بە ناوی (قەیس لفتە مراد)ەوە کە زۆر لەژێر کاریگەریی حەللاجدا بووە و تەنانەت دیوانێکی بچووکی هەیە کە ناونیشانەکەی (گۆرانییەکانی حەللاج)ە و لە ساڵی ١٩٦٦دا لە بەغدا چاپی کردووە. بێگومان ناکرێ ئاماژە بە نووسین و لێکۆڵینەوەکانی (کامیل مستەفا شیبی)یش نەدەین کە هەم لە ڕووی خۆشەویستییەوە بۆ حەللاج و هەم لە ڕووی سەرسامبوونیەوە بە لویس ماسینیۆن، چەندین باس و توێژینەوەی لەسەر حەللاج نووسیوە، جگە لە کتێبە بەناوبانگەکەی کە “شرح دیوان الحلاج”ە، لە پاڵ کتێبەکەی تریدا کە ناوی “حەللاج وەک بابەتێک بۆ ئەدەبیات و هونەری خۆرهەڵاتی و عەرەبی” کە لە ساڵی ١٩٧٦دا لە بەغدا بە چاپی گەیاندووە.
هەروەها لەمڕووەوە نابێ “جەمیل سدقی زەهاوی” و “ئەدۆنیس”ی شاعیر و، “عەدنان مەردوم بێگ” ی شانۆنووس و “میشال فەرید”ی ڕۆماننووس و هونەرمەندان “شاکر حەسەن ئال سەعید” و “زیاء عەزاوی”یشمان لەبیربچێت.
لە شیعری کلاسیکیی کوردیشدا، بە ئاشکرا ڕەنگدانەوەی حەللاج و ڕێبازەکەی لەسەر بەشێک لە شاعیرانی ناودارمان دەبینینەوە ، لەوانە باباتاهیری هەمەدانی، مەلای جزیری، خانی، بێسارانی، مەولەوی، مەولانا خالید، نالی و مەحوی.
ژنە خۆرهەڵاتناسی ئەڵمانی “ئان ماری شیمیل” باس لەوەدەکات چیرۆکی پەروانە و چرا کە لە کتێبی “تەواسین”ی حەللاجدا هاتووە، لەسەر دەستی حافزی شیرازی چووەتە ناو شیعری فارسییەوە و لەڕێی “گۆتێ”یشەوە چووەتە ناو ئەدەبیاتی ئەڵمانیەوە، کاتێ گۆتێ شیعری حافز بۆ ئەڵمانی وەردەگێڕێت. هەڵبەتە دیارە هەمان چیرۆک و پاش بە شیعرکردنی، هەر لەڕێی شیعری کلاسیکیی فارسیشەوە هاتۆتە ناو شیعری کلاسیکیی کوردییەوە و وێنەی شەمع و پەروانە لە شیعری کلاسیکیماندا زۆر دووبارە بووەتەوە.

ئەم ڕۆمانە
نووسەری ئەم ڕۆمانە کە ناوی “عەباس ئەرنائوت”ە، لە بنەڕەتدا نووسەرێکی درامایی و دەرهێنەرێکی تەلەفزیۆنییە و لە بەریتانیا خوێندوویەتی و لە حەفتاکانەوە سەرقاڵی نووسین و دەرهێنانی زنجیرەی درامایی تەلەفزیۆنی بووە و کۆمەڵێک زنجیرەی تەلەفزیۆنیی سەرکەوتووی بۆ کەناڵە عەرەبیەکان نووسیوە، لەوانە: سولەیمانی حەڵەبی، عەنتەرە، شەوی کەوتنی غەرناتە، شکۆ شایانی ئەسپسوارانە، مەرگی موتەنەبی و هتد… لە بواری ڕۆماندا، جگە لەم کارە کارێکی تری هەیە بە ناوی “دەنگەکە بانگم دەکات”، لەگەڵ کۆمەڵە چیرۆکێکی کورتدا.
ئەگەر بمانەوێ چەند دێڕێک لەسەر ئەم ڕۆمانە بڵێین، ئەوا بەر لە هەموو شتێک دەبێ بڵێین کە ئەم ڕۆمانە بە شێوازێکی تەقلیدی نەنووسراوە و هەر لە سەرەتاشەوە خوێنەر هەست بەمە دەکات. واتە لەم ڕۆمانەدا خوێنەر گێڕانەوەیەکی باو نابینێتەوە وەکو ئەو گێڕانەوانەی زۆربەی ڕۆماننووسەکان پەنای بۆ دەبەن، بەڵکو زمانی گێڕانەوە لەم کارەدا پتر زمانێکی پەخشانیی شیعر ئامێزە کە خۆی لە دێڕی کورت کورت و وێنەی شیعری و بەکاربردنی زمانێکدا دەبینێتەوە کە ئەگەرچی شیعری ڕووت نییە، بەڵام دەیەوێ لەناو کەش و هەوایەکی شیعریدا بمانهێڵێتەوە. هەڵبەتە ئەگەر ئێمە وا بڕوانینە ئەزموونی سۆفییانە، کە بە دیوێک لە دیوەکانیدا ئەزموونێکی شاعیرانەشە، ئەوا بۆمان دەردەکەوێ کە هەڵبژاردنی ئەم شێوازەی بەکاربردنی زمان لەم دەقەدا هەڵبژاردنێکی زیرەکانەیە. نووسەر لەم ڕۆمانەدا کەسێتیی حەللاج هەم وەکو کەسێتیەکی موتەسەویفی تینوو بە مەعریفە و خۆناسین و خوداناسین پیشان دەدات هەم وەکو شاعیرێکی شەیدا ( کە حەللاج خۆی شاعیرێکی گەورەش بووە) و هەم وەکو کەسێتییەکی یاخی و شۆڕشگێڕ کە هاوخەمی ستەملێکراوان و مافخوراوانە، ئەوانەی لە سای ستەم و جەوری دەوڵەتی عەباسیدا ژیانێکی سەخت و ناشایستە بە ئینسان دەبەنە سەر و هەرچی موڵک و داهاتی وڵاتە قۆرخە بۆ توێژێک لە حوکمڕانان و کاربەدەستانی سەر بە دەوڵەت و خەلیفە و، جووتیار و کۆیلەکانیش ڕۆژانە ژەهراو دەچێت بە گەروویاندا. بەهەرحاڵ ئەم دوو ئاقارە لەلای حەللاج تێکەڵ دەبن و لە یەکدی جوێ ناکرێنەوە، واتە عیشق بۆ خودا و عیشق بۆ ئینسان، بۆ هەقی ئاسمان و هەقی مرۆڤەکان.
دەتوانین بڵێین کە نووسەر لەم کارەدا توانیویەتی سەرەکیترین ڕووداو و وێستگەکانی ژیانی حەللاج کۆبکاتەوە و بە خەتێکی سەردیی – شیعری پێکەوە گرێیان بدات و وێنەیەکی هونەریی جوان و دڵڕفێنمان بۆ بخاتە ڕوو.
دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە لە هەندێ شوێنی ئەم دەقەدا زمان دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی سەردییانەی خۆی، گەرچی ئەم شوێنانە لە کارەکەدا کەمن و بە شێوەیەکی گشتی زمانێکی شیعری و شاعیرانە بەسەر ڕۆمانەکەدا زاڵە، کە ئومێد دەکەین ئێمەش توانیبێتمان لە دەقە کوردییەکەدا ئەوە بە خوێنەر بگەیەنین. هەروەها دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە لە هەندێ جێدا، بە ئەنقەست هەندێ وشە و گوزارە و ئایەتم بە عەرەبیەکەی داناوەتەوە، چونکە هەستم کردووە ئەوە پتر هێزی ئەو شوێنانەی دەقەکە دەپارێزێت، بەڵام بەبێ ئەوەی لە یادم بچێت لە شوێنی خۆیاندا یان لە پەراوێزدا، مانایان لێک بدەمەوە یان ڕوونکردنەوەیان لەسەر بدەم، چونکە هەروەکو دەزانن لە تەسەووفدا هەندێ وشە و زاراوە و گوزارە هەن کە نەک هەر وەرگێڕانیان بێتامیان دەکات، بگرە هاوواتایەکی پڕ بە پێستیشیان دەست ناکەوێ.
دواجار، ئێوە و ژیان و عیشق و ئازارەکانی ئینسانێک کە لە زۆر ڕووەوە بە ئازارەکانی مەسیح شوبهێنراوە.

ئازاد بەرزنجی
٤/١/٢٠١٦

سەرچاوەکان

١- الحلاج في ماوراء الخط و اللون، سامي مکارم، ریاض الريس للکتب والنشر، ط٢ ٢٠٠٤ بیروت.
٢- آلام الحلاج، لویس ماسینیون، ترجمة: الحسین مصطفی حلاج، شرکة قدمس للنشر والتوزیع، ط١ ٢٠٠٤، بیروت.
٣- قوس زندگی منصور حلاج،لویس ماسینیون، ترجمه: د.عبالغفور روان فرهادي، انتشارات بنیاد فرهنگ ایران.
٤- منطق الطير، شیخ فریدالدین عطار نیشابوری،با مقدمه و تصحیح: حمید حمید، ناشر: نشر طلوع، چاپ سوم، تهران.
٥- حلاج، هیربرت و.میسن،ترجمه: د. مجدالدین کیوانی،چاپ پنجم ١٣٩١ نشر مرکز.
٦- الفناء في الانسان (کبار الصوفیة)، هالة العروي، صفحات للنشر ٢٠١٣.
٧- الحلاج او صوت الضمیر، ابکار السقاف، رامتان للنشر و التوزیع ١٩٩٥.
٨- منارات، العدد ٢٨٢٢ خاص بالحلاج.




سه‌رچاوه‌hewallname

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات