پارەی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت راستەوخۆ

bozhin

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاشکرای کرد، نوێنەرایەتی یەکێتیی ئەورووپا بابەتی ڕیفراندۆمیان بۆ خەڵکی کوردستان و ویستی کوردستان گەڕاندوەوتەوە و دەشڵێن: “داوامان کردووە هاوکاریی دارایی کوردستان بکرێت”.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە (31\1\2016)، شاندێکی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە شاری هەولێر کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکە، “خەلیل ئیبراهیم”، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و بەشداربوو لە کۆبوونەوەکە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: “شاندەکەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ بارودۆخی ئێستای کوردستان نیگەران بوون و لە کۆبوونەوەکەش باسی پرسی ئەمنی و دارایی و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا کراوە”. ئەوەشی ڕوونکردەوە کە ئەوان باسی بارگرانی دارایی کوردستیان کردووە، بەتایبەتیش پرسی ئاوارەکان، جگە لەوەی باسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان کراوە کە “ئەوان پێیانوایە کە ئەوە مافێکی خەڵکی کوردستانە”.

 

خەلیل ئیبراهیم دووپاتیکردەوە: “لە کوردستان گرفتەکان زۆرن، یەکڕیزی نییە، ئەمە بەئاشکرا لە کۆبوونەوەکە باس کراوە، هاوکات باسی ئەوەش کراوە کە لەمەودوا هاوپەیمانان چۆن هاوکاریی کوردستان بکەن، جگە لەوەی ڕوونکردنەوەمان لەسەر دوا کۆبوونەوەی “مەسعود بارزانی” و هێزە سیاسییەکان داوە کە لێژنەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی لە کوردستان پێکهێندراوە”.

 

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو ڕاشیگەیاند: “بژێویی خەڵک لە هەموو شت گرنگترە، ئەوان گوتیان دەبێت بە هەموو لایەکمانەوە ئەم قەیرانە لە سەر شانی کوردستان کەم بکەینەوە، بەڵام دەبێت هەرێمی کوردستانیش خۆی هاوکاری خۆی بێت، شەفافیەت و گەندەڵی لە دامەزراوەکان نەمێنێت”.

 

خەلیل ئیبراهیم ئەوەشی ئاشکرا کرد کە نوێنەرانی یەکێتیی ئەورووپا باسیان لەوە کردووە، لە چوارچێوەی بانکی یەکێتیی ئەورووپادا، هاوکاریی دارایی عێراق بکەن و هەوڵیش دەدەن پشکی هەرێمی کوردستان لەو پارەیە بە شێوەی ڕاستەوخۆ بنێرن، گوتیشی: “ئێمە داوامان کرد ئەو هاوکارییانە بەشێوەی قەرز نەبێت، بەڵکو لە چوارچێوەی هاوکاریی پەرەپێدان بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی بێت”.



سه‌رچاوه‌ماڵپەری بۆژین

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات