پەیوەندیەکانی لەگەڵ ھەرێم ڕاگرت بانکی ناوەندی ھیچ متمانەیەک بەھەرێم ناکات

bozhin
بانکی ناوەندی عیراق پەیوەندیەکانی لەگەڵ لقی بانکەکانی لەھەولێرو سلێمانی ڕادەگرێت، بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش ڕایدەگەیەنێت، بانکی ناوەندی ھیچ متمانەیەک بەھەرێمی کوردستان ناکات تا پارەی پێبدات، دەشڵێت:”ئەرکی سەرەکی بانکی ناوەندی گۆڕینەوەی دراوە لەدۆلارەوە بۆ دینار”.
ئەحمەدی حاجی ڕەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق  ڕاگەیاند، بانکی ناوەندی فیدراڵ سەربەخۆیەو بەھیچ جۆرێک حکومەتی عیراق ناتوانێت دەستێوەردان لەکاروبارەکانی بکات و پارەی لێ ببات، ھەرکاتێکیش دەست بۆ پارەکانی ببات، سندوقی نەختی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێنە سەرخەت.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی نەشاردەوە، تەنھا لەیەک حاڵەتدا نەبێت، ئەویش بانکی ناوەندی پارە دەداتە بانکە حکومی و ئەھلییەکان، بۆئەوەی سەنەداتی حکومی بکڕن.
سەبارەت بەئەرکی بانکی ناوەندی عیراق، ئەحمەد حاجی ڕەشید وتی:”ھەر پارەیەک کە ڕەوانەی عیراق دەکرێت دەچێتە وەزارەتی دارایی، دواتر وەزارەتی دارایی ڕەوانەی بانکی ناوەندی دەکات، بۆئەوەی بگۆڕدرێتەوە بەدیناری عیراق، بەڵام بانکی ناوەندی ھەندێکجار کارەکە ئاسانتر دەکات، پێشوەخت پارە دەداتە وەزارەتی دارایی، دواتر دۆلارەکە وەردەگرێت”.
لەبارەی لقەکانی بانکی ناوەندی عیراقیش لەھەرێمی کوردستان و ھاوکاریکردنی کوردستان، ئەحمەدی حاجی ڕەشید وتی:”بانکی ناوەندی لەھەرێم بونی نییە، تەنھا دوو لقی بانکی ناوەندی فیدراڵ لەھەرێم ھەبوو، بەڵام لەبەرئەوەی ھەردوو لقەکە وێرانکران، ھیچ پارەیەکیان تێدا نەھێڵدرا، بۆیە ھیچ لقێکی نەماوە”.
لەبارەی داواکردنی ھەرێمی کوردستانیش بۆ وەرگرتنی پارە لەبانکی ناوەندی تائەوکاتەی داھاتی نەوت دەگەڕێتەوە، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران وتی:”بانکی ناوەندی ھەردوو لقەکەی دەستکاریکراوە، بۆیە جارێکی تر متمانە بەھەرێم ناکات، تاوەکو پارەی پێبدات”.
ئاشکراشیکرد، بەگوێرەی یاسای تایبەت بەوەزارەتی دارایی ھەرێم کە لەپەرلەمانی کوردستان دەرچوە، ھەردوو لقەکەی بانکی فیدراڵی خراونەتە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی دارایی ھەرێمەوە، بۆیە بانکی ناوەندی پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ ئەو دوو لقە ڕاگەیاندو وەک دوو بانکی بازرگانی ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکات.


سه‌رچاوه‌ماڵپەری بۆژین

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات