سەرکردایەتی پارتی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە پارتی ھەرێم لەحاڵەتێکی نائاساییدایە

bozhin

ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان کرد و ڕایگەیاند، پارتی خۆی بۆ ڕوودانی ئەگەر و پێشهاتەکانی ناوچەکە ئامادە دەکات.

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی، کۆبوونەوەی نائاسایی و فراوانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتیمان ئەنجام درا و، چەندین تەوەر گفتوگۆیان لەسەر کرا و بڕیاری پێویستیان لە بارەوە وەرگیرا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، سەبارەت بەسەفەرە سەرکەوتووەکەی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ ئەڵمانیا و بەشداریی لە کۆنفرانسی ئاسایشی جیھانی لە میونیخ گفتوگۆ کرا، دەرئەنجامەکانیشی بە باش ھەڵسەنگێندرا.

لە تەوەرێکی دیکەدا، گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی ناوچەکە و عێراق بە گشتی و ناوخۆی کوردستان بە تایبەتی کرا و، ئەگەر و پێشھاتەکان خرانە بەر باس و لێکۆلینەوە و، باس لە ھەنگاوی پێویست کرا بۆ خۆئامادەکردن کە لە ئاستی ئەو ئەگەر و رووداوانەدا بن.

ھەروەھا کۆبوونەوە، بابەتی ناوخۆی پارتیمان و ھەندێک گۆڕانکاریی پێویستی خستە بەرباس، کە بەشێکی دیراسە کراوە و ھەندێکی دیکەش پێویستیی بە دیراسەتکردنە، تا لە داھاتووێکی نزیکدا جێبەجێ بکرێن.
لە دوا تەوەری کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە بریارەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی دەربارەی پرۆسەی چاکسازی، چ لە ئاستی حکومەتی ھەرێم و چ لە ئاستی ناوخۆی حزبدا، گفتوگۆکراو، کۆبوونەوە دووبارە پشتگیریی و ئامادەیی خۆی بۆ ئەو بڕیارانە و ئالیەتی گۆنجاو سەبارەت بە ھەنگاوەکان دەبڕی.

لە کۆتاییدا کۆبوونەوە، رۆڵی پێشمەرگە نەبەزەکانی کوردستانی بەرز نرخاند و سڵاوی بۆ کەسوکاری شەھیدانی سەربەرزی کوردستان نارد.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی

پارتی دیموکراتی کوردستان

27ی شوباتی 2016 ……………………………………………………………………………………

داواکاری ھەیە بۆئەوەی پێش ١ی ئادار دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێبکاتەوە، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتیش لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت: ھەرێمی کوردستان لەدۆخێکی نائاساییدایەو وەکو پارتییش لەھەوڵداین بۆ ئەوەی کۆتایی بەقەیرانەکان بھێنین، بەڵام ھەندێک لەلایەنەکان بڕوایان پێی نییە.
سەرەتای مانگی داھاتوو کۆتایی بە پشووی زستانەی پەرلەمانی کوردستان دێت و دانیشتنەکانیش دەستپێدەکاتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە بەھۆی رێگریکردن لە گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن پارتییەوە، کارەکانی پەرلەمان پەکخراوەو ھیچ ھەوڵێکی نوێی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە لە ئارادا نییە.
محەمەد عەلی وتەبێژی فراکسیۆنی زەرد لەپەرلەمانی کوردستان  راگەیاند: وەکو پارتی داوامان لە گۆڕان و لایەنەکانی تریش کردووە دابنیشین، بۆئەوەی دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە، بەردەوامیش دەبین لەوەی نیازپاکی خۆمان لەوبارەیەوە پیشانبدەین.
وتیشی: “پێمانوایە ئاساییکردنەوەی دۆخی ھەرێم تەنیا پەرلەمان چارەسەری بۆ نادۆزرێتەوە، بەڵکو پێویستە حزبەکان لەدەرەوەی پەرلەمان بگەنە فۆرمێکی تەوافوق، ئەوکاتە ئێمەش لەناو پەرلەمان بتوانین ئیشوکارەکانی خۆمان بکەین”.
ئاماژەی بەوەشکرد کە “ئەگەر ئەو تەوافوقە نەکرا، دۆخی داتەپیوی سیاسی لەھەرێمی کوردستان بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام دەبێت”.
سەبارەت بەدەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانیش، محەمەد عەلی رایگەیاند: “لەدۆخێکی وەکو ئێستای ھەرێمی کوردستان، دەستپێکردن یان کۆتاییھاتنی خولی پەرلەمان ھیچ مانای نییە”.
وتیشی: ھەرێمی کوردستان بە دۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕێت و وەکو پارتیش ھەوڵدەدین بگەینە رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییھێنان بەقەیرانەکان، بەڵام ھەندێک لەلایەنەکان بڕوایان بەوە نییە کۆتایی بەم قەیرانە بھێنرێت و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە”


سه‌رچاوه‌ماڵپەری بۆژین

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات