بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنی شکاند زانکۆی ڕاپەڕین

bozhin

ئەنجومەنی زانكۆی راپەڕین ڕایگەیاند لەپێناو بەرژەوەندی خوێندكاران لە ڕۆژی سێشەممەوە بایكۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەشكێنن و دەست بە دەوامی ئاسایی خوێندن دەکەنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی شوبات ئەنجومەنی زانكۆی راپەڕین ڕایگەیاند بڕیاریانداوە لەسەر جەم فاكەڵتی و سكوڵ و بەشەكانی زانكۆ دەوامی فەرمی  لەرۆژی سێشەممەوە دەست پێبكاتەوە.

لەوبارەوە ئەنجومەنی زانکۆی ڕاپەڕین بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند  “لەپاڵ ئەوەی كە وا حكومەتی هەرێم ناكەوێتە ژێر هیچ گوشارێك و گوزارشتێكی خەباتی مەدەنی وەكو ئەوەی هیچ رووی نەدابێت” بڕیاریانداوە ڕۆژی سێشەممە ١ی ئازاری ٢٠١٦ دەست بە دەوامی فەرمی بکەنەوە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو ماوەیەی لە سایەی بایكۆتكردندا لەدەستچووە بڕیاردرا تا ١٧ی ئازاری ٢٠١٦ لەمیانی پشووی بەهارەدا خوێندن بەردەوام بێت و لە ١٨ی مانگی ئازارەوە پشووی بەهارە دەست پێبکات.

هاوکات لە بەیاننامەکەدا ئەو ەهاتووە” پشتگیری لەپڕۆژە پێشنیازكراوەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەكەین سەبارەت بە سیستەمی مووچە.”

ئەنجومەنی زانکۆی ڕاپەڕین ئەوەشی ڕاگەیاندووە  ئەم بەیاننامەیە دوا بڕیاریان  نییەو بەپێی قۆناغی داهاتوو گەر حكومەتی هەرێم داواكاری مامۆستایانی زانكۆ پشتگوێ بخات ئەوا هەڵوێست و بڕیاری تریان دەبێت.

بەهۆی دواکەوتن و پاشەکەوتکردنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە، بەشێکی زانکۆکانی هەرێم نزیکەی مانگێکە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە.



سه‌رچاوه‌ماڵپەری بۆژین

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات