مووچەی مانگی شوبات كاتی دابەشكردنی دیاری كرا

bozhin

بەوتەی سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ئێستادا ئامادەكاریی بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران دەكرێت و یەكەم وەزارەتیش بۆ خشتەی مووچە پێشمەرگە دیاری كراوە.ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی دیاریکردنی خشتەی موچە بۆ مانگی شوبات دەداتە وەزارەتی دارایی و ئابوری، جەختیش لەسەر پێداچوونەوە بەخشتەی نوێی موچە دەکات، بەگوێرەی زانیارییەکانیش، لەم ھەفتەیەدا خشتەیەکی نوێی موچە ڕادەگەیەندرێت.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم ڕاگەیاندووە، كە ئەمڕۆ دوو شەممە، لە بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی و ئابووری، وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 2ی 2016ی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا كراوە، كە سەرجەم ئەو لیوا و یەكانە دەگرێتەوە، سەر بەو وەزارەتەن.

بە وتەی سەرچاوەكە: “چاوەڕێ دەكرێت ڕۆژی پێنج شەممە یان یەك شەممەی هەفتەی داهاتوو، دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات دەست پێ بكات”.

بەڵام ئەو سەرچاوەیە هیچ وردەكارییەكی سەبارەت بە خشتەی مووچە ئاشكرا نەكردووە، كە ئایا بە پێی سیستمی لێبڕینی مووچە “پاشەكەوت” دەبێت یان مووچەی تەواو دەدرێتە فەرمانبەران؟.

هاوكات، دڵشاد شەهاب ؛ڕاوێژكاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندامی سەركردایەتی پارتی؛ بە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی نزیك لە حزبەكەی ڕاگەیاندووە، لە كاتێكی نزیكدا دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران دەكرێت.

وتیشی: “وەزارەتی دارایی  ئامادەسازی دەكات بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی بكرێت”.

پێشتر نێچیرڤان بارزانی ؛سەرۆكی حكومەتی هەرێم؛ ڕایگەیاندبوو، لە ڕۆژانی داهاتوودا دابەشكردنی مووچەی مانگی دووی فەرمانبەران دەست پێ دەكات و لای خۆشیەوە قوباد تاڵەبانی ؛جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم؛ جەختی كردەوە، كە شایستە داراییەكانی فەرمانبەران نافەوتێت.



سه‌رچاوه‌ماڵپەری بۆژین

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات