روسیا: سەرکەوتنی دانوستانەکانی ژنێڤ بەشداریکردنی کوردی پێویستە

chalack

سێرگی ریباکۆڤ بریکاری وەزیری دەرەوەی روسیا، رایگەیاند: بەشداریکردنی کورد گرنگە بۆ سەرکەوتنی خوولی دووەمی ئەو دانوستانانەی کە بڕیارە مانگی ئایندە بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا لەنێوان وەفدی حکومەت و ئۆپۆزسیۆن لە شاری ژنێڤ دەستپێبکەنەوە.
ریباکۆڤ لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئینتەرفاکسی روسی ئەوەشیخستەڕوو کە، نابێت لەسەرکارلاچوونی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا بکرێتە مەرجی پێشوەخت بۆ بەردەوامبوونی دانوستانەکانی نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆن. وتیشی، گرنگە لەکاتی دەستپێکردنەوەی خولی دووەمی دانوستانەکانی ژنێڤ ٣ کە بڕیارە رۆژی ١١ی مانگی ئایندە بەڕێوەبچێت، وەفدی حکومەت و ئۆپۆزسیۆن راستەوخۆ پێکەوە دانوستان بکەن نەک دانوستانەکان ببنە زنجیرە کۆبوونەوەیەک کە بەبەشداری ستیڤان دیمستۆرا نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەفدی وڵاتانی ئەندامی گروپی دۆستانی سوریا بەڕێوەبچێت.
بەپێچەوانەی بۆچوونی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە رایگەیاندبوو تا مانگی ئابی ئایندە دەستوورێکی نوێ بۆ سوریا دادەنرێت، بریکاری وەزیری دەرەوەی روسیا ئەوەی بەدوورزانی و رایگەیاند ناکرێت خستەیەکی کاتیی بۆ دانانی دەستوور دابنرێت، چونکە ئامادەکاری دەوێت.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات