دەزگای دژە تیرۆر رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

harem

لەرونکردنەوەیەکدا کەوێنەیەکی بۆ “کوردسات نیوز” نێردراوە، راگەیاندنی دەزگای دژە تیرۆر ئاماژەی بەوەکردووە “بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠١١ی پەرلەمانی کوردستان یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی ئەنجومەنی ئاسایش ئەوەیە کە دەبێت بنەما و پرەنسیپەکانی دەستوری و یاسایی ھەرێم بپارێزێت، لە ئێستادا کە ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر پێشێلکردنی پرنسیپە دەستوری و یاساییەکانی ھەرێم و بەرامبەر پەکخستنی پرۆسەی حوکمڕانی و دیموکراسی لە کوردستان، سنورە ناوخۆییەکەی بەزاندوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش رەخنەی لێدەگیرێت، بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری – زانیاری دەکرێتە ئامانجی ھەواڵی چەواشەکارانە”، بەپێی رونکردنەوەکەی دژە تیرۆر” پەلاماردانی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری – زانیاری لەم کاتەدا، ھەوڵێکی شکستخواردوە بۆ لابردنی سەرنج لەسەر کۆی ناڕەزایە رەواکان لە ھەرێمی کوردستاندا بەمەبەستی پەکخستنی چارەسەر و درێژەدان بە قەیرانەکان”. 

لەبەشێکی تری ئەو رونکردنەوەیەی دژە تیرۆردا ھاتووە”دەزگای دژە تیرۆر، لە پاراستنی گەلی کورد و بەرژەوەندییەکانیدا، لە کۆبانێوە تا حەمرین، رۆڵی یەکلاکەرەوەی خۆی سەلماندوە، سەرەڕای ھەموو غەدر و ناھەقییەکان، بەشەونخونی توانیویەتی ببێتە جێی متمانە و ئارامیی بۆ خەڵکی کوردستان و ھەر ئەو خەبات و فیداکارییەش شەرعییەتی داوەتێ، بۆیەدەزگای دژە تیرۆر نەپێویستی بە دانپێدانان و ئافەرینی شکستخواردوانی بواری ئەمنی دەبێت و نە رێگەش دەدات قوربانیدانەکانی بخرێنە خزمەت پیلانە ئیقلیمییەکانەوە لە دژی بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان”. 

راگەیاندنی دەزگای دژە تیرۆر لەبەشێکی تری رونکردنەوەکەیدا ئەوەی خستۆتە روو”دەزگاکە، لە پێناو زامنکردنی سەقامگیری بۆ ھەرێمی کوردستان کە کۆڵەکە گرنگەکانی بریتین لە ھاوکاری,دیموکراسی و ئاسایش و دابەشکردنی دادپەروەرانەی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ھێزی پێشمەرگە، چەند جارێک لە رێگەی تایبەت و گشتییەوە، نیگەرانی و پێشنیارەکانی خۆی بۆ چارەسەکردنی کەموکورتییە ئەنقەستەکان راگەیاندوە. 

بەڵام لەبری ھەوڵدان بۆ چارەسەری ئەم کێشانە، لە کەناڵە فەرمی و نا فەرمییەکانەوە، پەلاماری ناڕەوا دراوە و پێیان وابوە بە قۆرخکردنی بودجە و پشتیوانی و پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و سودوەرگرتن لە راگەیاندنی چەواشە، شانازییەکانی دەزگاکەیان بۆ دەشاردرێتەوە”. 

لەکۆتایی رونکردنەوەکەی راگەیاندنی دەزگای دژە تیرۆردا ئاماژە کراوە بەوەی” خۆزگە ئەنجومەنی ئاسایش لەبری دەرکردنی بەیاننامەی فەرمی یەک لە دوای یەک لە دژی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری – زانیاری، کە کۆڵەکەیەکی سەرەکی ئاسایش و سەقامگیری کوردستانە، خۆی بخستایە خزمەت بەرژەوەندییەکانی ئەم گەلە ستەمدیدەیە”.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات