ھێرۆخان: چیتر ڕازی نابم بوختان و قسە و قسەڵۆکم بەدەمەوە بکرێت

hawkar

لە ڕونکردنەوەیەکدا “ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد” سەبارەت بە دارایی یەکێتی وەڵامی کۆسرەت ڕەسوڵ دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت: (من نە لە نزیک و نە لە دوورەوە بەرپرسیاری دارایی یەکێتی نیم و دارایی یەکێتی لای من نیە. خۆ گەر وا بووایێ ئەوا چۆن رێگەم ئەدا کە پێشمەرگە و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و کادرو و ئەندامانی یەکێتی و کەسانی ئاسایی پێویستیان بە ھاوکاری ھەبێت و باری گۆزەرانیان بکەوێتە مەترسیەوە .بەڵام لە بنەڕەتەوە دژی تەخشانکردنی پارەی یەکێتی بووم بۆ مەرامی تایبەتی ئەم و ئەو.

دڵنیام کە زۆر کەس لەناوەوە و دەرەوەی یەکێتی ئەو شایەتیەم بۆ دەدەن، بۆیە ئیتر بەسیەتی لێدانەوەی ئەم قەوانە سواوە.. و چیتر رازی نابم بەوەی کە ئەو بوختان و قسە و قسەڵۆکانەم بۆ ھەڵبەستن).

لە وەڵامی کۆنگرەشدا دەڵێت: (من بەش بەحاڵی خۆم لەگەڵ ئەوەدا نیم کە پێش کۆنگرە و لەپشتی پەردەوە سازان و رێک کەوتن و پشک پشکێنە بکرێت، بۆ دانانی ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی.. ھەڵگرانی ئەم مەنتیقە دژ بە کۆنگرەن و بیانوو بۆ نەبەستنی دەھێننەوە).

ئەمەش دەقی ڕونکردنەوەکەیە:

روونكردنەوەیك لە لایەن خاتوو هێرۆە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەبارەت بە لێدوانەكەی ئەم دوواییەی كاك كۆسرەت لەگەڵ رۆژنامەی شرق الاوسەتی سعودی لە ٢٤ی ٣ی ٢٠١٦دا.

پێم سەیرە كە كاك كۆسرەت لەم كاتە هەستیارەدا ئەو لێدوانە زیانبەخشە دەدات، لە كاتێكدا كە لە دووا كۆبونەوەی م.س ی یەكێتیدا كە بە سەرپەرشتی خۆی ئەنجام درا، تیایدا بڕیار لەوە درا كە لەمەودووا هەر دە رۆژ جارێك م.س كۆ ببێتەوە بۆ گفتوگۆكردن و لێدوان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكان.

ئامانجی هەموانیش دەربڕینی یەك هەڵوێستی بوو لە مەڕ مەسەلە جیاجیاكان و بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستان، هەر لەو كۆبونەوەیەدا بڕیار درا كە ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە ماوەیكی كوردتدا كۆببێتەوە بۆ هەمان مەبەست.

لە كاتێكدا كە بە ئومێد بووم كە هەوڵی جدی بۆ جێ بەجێ كردنی ئەوبڕیارانە بدرێت، كەچی بە پێچەوانەوە دەبینین كە ئەو جۆرە لێدوانە زیان بەخشانە دەدرێت كە نە لە بەرژەوەندی یەكێتی و نە خودی خۆی و نە برادەرەكانیشیدایە.

سەبارەت بەوەی كە من هەموو دەسەڵاتەكانی یەكێتیم قۆرخ كردوە…… دەمەوێت كە زۆر راشكاوانە ئەم راستیانەتان بۆ روون بكەمەوە.

پێم وایە پۆستی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان جگە لە مام جەلال نە لە ئیستا و نە لە دووا رۆژدا جێگەی قسەوباس نییە و ئەو پۆستە و هەموو ئەوانی تر وەك سەردەمی حزوری مام نامێنێیت، چاوەڕوانین كۆنگرە گفتوگۆی لەسەر بكات و گۆڕانكاری بەسەر پۆست و دەسڵاتەكاندا بێنێت.

سەبارەت بە دارایی یەكێتی و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی یەكێتیش ..ئەوە من نیم كە بەرپرسی دارایی یەكێتی بم بەڵكو ئەوە ئیدارەی گشتیە كە بەرپرسیارە لە سەروەت و سامانی یەكێتی و دابین كردنی پێداویستیەكانی، جا هەرلایەنێك كە دەیەوێت سەروەت و سامانی یەكێتی بزانێت دەبێت لە ئیدارەی گشتی یەكێتی بپرسێت.

بۆیە من نە لە نزیك و نە لە دوورەوە بەرپرسیاری دارایی یەكێتی نیم و دارایی یەكێتی لای من نیە. خۆ گەر وا بووایێ ئەوا چۆن رێگەم ئەدا كە پێشمەرگە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و كادرو و ئەندامانی یەكێتی و كەسانی ئاسایی پێویستیان بە هاوكاری هەبێت و باری گۆزەرانیان بكەوێتە مەترسیەوە .بەڵام لە بنەڕەتەوە دژی تەخشانكردنی پارەی یەكێتی بووم بۆ مەرامی تایبەتی ئەم و ئەو.

دڵنیام كە زۆر كەس لەناوەوە و دەرەوەی یەكێتی ئەو شایەتیەم بۆ دەدەن، بۆیە ئیتر بەسیەتی لێدانەوەی ئەم قەوانە سواوە.. و چیتر رازی نابم بەوەی كە ئەو بوختان و قسە و قسەڵۆكانەم بۆ هەڵبەستن.

من بەش بە حاڵی خۆم لەگەڵ ئەوەدا نیم كە پێش كۆنگرە و لە پشتی پەردەوە سازان و رێك كەوتن و پشك پشكێنە بکرێت، بۆ دانانی ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی.. هەڵگرانی ئەم مەنتیقە دژ بە كۆنگرەن و بیانوو بۆ نەبەستنی دەهێننەوە.

هەمووان دەزانن لەگەڵ ئەوەدام كە هەر چی زووە كۆنگرە بگیرێت و كێشەكان لە كۆنگرەدا یەكلا بكرێتەوە و دەبێت ئەو كۆنگرەیە، كۆنگرەیكی ئازاد و شەفاف بێت كە تێیدا بوار بۆ گشت كادرو و ئەندامانی یەكێتی و نوێنەرانی ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان برەخسێنێت كە بە تەواوی ئازاد بن لەوەی كە خۆیان كاندید بكەن و یان كەسانی تر هەڵبژێرن لە كەشوهەوایكی ئازادو بێگەرد و دوور لە چاوسووركردنەوە و بڕیاری پشت پەردەوە.

ئەندامانی ئامادەبوی دوا كۆنگرەی یەكێتیش دەزانن كە من بە دەنگی كۆنگرەو بێ تەزكیەو تێپەڕین بە پرۆسەی چەپڵەلێدان دەنگی زۆرینەی ئەندامانم پێ بەخشرا، رۆڵبینینی من نە خۆ فەرزكردنەو نە بەزۆرەملێ ئەوە بارودۆخی مەوزوعی ناوخۆی یەكێتی فەرزی كردوە ئەو رۆڵە ببینیم و شانی بەرپرسیارێتیشم داوەتە بەری.

سەبارەت بەو قسەڵۆكانەی لەبارەی بە بنەماڵەكردنی یەكێتی لێدەدرێتەوە…. هەموو كەسێك ئەو قسەیەی بكردایێ نەدەبووایێ كە كاك كۆسرەت پەنجەی بۆ ئەو مسەلەیە رابكێشایێ چونكە هەموو خەڵكی كوردستان دەزانن كە كێ دەیەوێت كورو كچ و كەسانی نزیكی خۆی لە پلە باڵاكانی حزبی و حكومیدا بسەپێنێت.. بۆیە هەق نیە ئەوانەی كە ماڵێان لە شووشەیە بەرد بگرنە ماڵی خەڵكی.

لە كۆتاییدا دووبارەی دەكەمەوە كە هەر هەموومان بە كاك كۆسرەت و برادەرەكانیشیەوە بە یەكێتیەوە جوانین و كەسمان بە بێ یەكێتی هیچ نین. دەبا هەموومان لەسەر رێبازەكەی مامجەلال بڕۆین و سیاسەتی چەپكە گوڵەكە پیادە بكەین.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات