رۆژنامه‌وانى – هه‌ولێر: رۆژنامه‌نووسێكی كورد شرۆڤه بۆ هۆكاری له‌به‌ریه‌كترازانی موسوڵمانی عێراق ده‌كات‌و پێی وایه شه‌ڕی توندڕه‌وی ته‌نها به‌میدیا ده‌كرێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خۆم به”خاوه‌ن بیرێكی كراوه” ده‌زانم‌و ئیمانه‌كه‌م زۆر به‌هێز نییه، به‌ڵام ئه‌وه ناشاردرێته‌وه كه له‌ناو خێزانێكی موسوڵماندا گه‌وره‌بووم‌و بیرم كردووه‌ته‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی یانزه ساڵی ره‌به‌ق وه‌ك رۆژنامه‌نووس له‌م وڵاته‌دا كارم كردووه، ده‌توانم بڵێم ئێستا شه‌ڕێكی ئایدۆلۆژی له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌ڕێوه ده‌چێت، ئه‌م شه‌ڕه‌ش له‌نێوان خۆرئاوا‌و خۆرهه‌ڵاتدا نییه، یاخود له‌نێوان مه‌سیحی‌و موسوڵماندا نییه، به‌ڵكو شه‌ڕێكه له‌نێوان موسوڵمانه ئاشتیخواز‌و توندڕه‌وه‌كاندا.
ئه‌وه ئاشكرایه كه هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م شه‌ڕه موسوڵمانه توندڕه‌وه‌كانن، من پێم وایه ئه‌گه‌ر ئاگری شه‌ڕ هه‌موو خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش گڕ نه‌دات، ئه‌وا عێراقییه‌كان تازه بڕوایان به‌وه نه‌ماوه ئاینده‌یه‌كی گه‌ش چاوه‌ڕێیان بكات.
ئێستا له‌هه‌موو كات زیاتر پێویسته گۆڕانكاریی رووبدات‌و شه‌ڕه‌كه له‌قازانجی موسوڵمانه ئاشتیخوازه‌كان كۆتایی بێت، گۆڕانكاری هه‌ره گه‌وره‌ش خۆی ده‌بینێته‌وه له‌چاكسازی ئیسلامدا، هه‌رچه‌نده پێم وایه لانی كه‌م تا من له‌ژیاندا ماوم شتی وا به‌چاوی خۆم نابینم، ئه‌ویش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك:
یه‌كه‌م: پیاوانی ئاینی ئیسلام پێیان وایه ئاینه‌كه‌یان نموونه‌ییه‌و هه‌ر هه‌وڵێك بۆ چاكسازی ده‌چێته خانه‌ی كفره‌وه، چونكه چه‌ند سه‌ده‌یه‌كه ئه‌وان بانگه‌شه بۆ ئه‌م بیروبۆچوونه ده‌كه‌ن.
دووه‌م: ئیسلام كێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه، به‌پێچه‌وانه‌ی كاسۆلیكه‌كانه‌وه كه تاكه سه‌ركرده‌یه‌كیان هه‌یه به‌ناوی پاپا، زه‌حمه‌ته بتوانیت پیاوه ئاینییه دیاره‌كان له‌سه‌ر یه‌ك مێز كۆبكه‌یته‌وه، نه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موویان كۆك بن له‌سه‌ر یه‌ك بڕیار.
سێهه‌م: پیاوانی ئاینی پێیان خۆشه بۆشاییه‌كی به‌رفراوانیان له‌به‌رده‌ستدا بێت بۆ مانۆڕكردن، بۆیه هه‌میشه ده‌ڵێن توندڕه‌وه‌كان هیچ نین جگه له‌به‌رێكی بۆگه‌ن كه له‌دره‌ختی ئیسلام كه‌وتوونه‌ته خواره‌وه، به‌ڵام ئه‌و داره تائێستاش به‌رهه‌می بۆگه‌نی لێ ده‌كه‌وێته خواره‌وه، ئه‌مه‌ش مانای وایه هه‌ڵه‌یه‌ك له‌دره‌خته‌كه‌دا هه‌یه.
چواره‌م: پیاوه ئاینییه دیاره‌كانی ئیسلام خواستیان نییه بۆ كۆشش‌و گۆڕانكاری، بۆ نموونه كاتێك رۆژنامه‌یه‌ك وێنه‌ی كاریكاتێری پێغه‌مبه‌ر ده‌كێشێت، زۆربه‌ی پیاوانی ئاینی هانی خه‌ڵك ده‌ده‌ن بۆ خۆپیشاندان دژی ئه‌و رۆژنامه‌یه، به‌ڵام تائێستا من نه‌مبینیوه پیاوێكی ئاینی سوننه هانی خه‌ڵك بدات بۆ خۆپیشاندان دژی داعش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌زیدییه‌كانی كوشتوه‌و ژنانی كردوون به‌كه‌نیزه‌و بێتاوانه‌كانی شیعه‌ی له‌ناوبردووه، هه‌روه‌ك چۆن نه‌مبینیوه پیاوێكی ئاینی شیعه هانی خه‌ڵك بدات بۆ رێپێوان دژی میلیشیا شیعه‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سوننه بێتاوانه‌كانیان كوشتووه.
پێم وانییه پێویستمان به‌وه بێت چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك چاوه‌ڕێ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی پیاوانی ئایینی ده‌ست به‌گۆڕانكاری بكه‌ن، به‌ڵكو بڕوام به‌وه‌یه میدیاكانی عێراق ده‌توانن رۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بێت له‌هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی، بێگومان ئه‌مكاره‌ش به‌میدیاكانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناكرێت، چونكه یان حكومه‌ت پاره‌یان ده‌داتێ یان حیزبه سیاسییه‌كان، له‌به‌رامبه‌ردا میدیاكانی عێراق رۆڵی گه‌وره‌یان بۆ ده‌بینرێت‌و ده‌توانن به‌هێزتر بن له‌پیاوانی ئاینی.
پیاوانی ئاینی‌و فه‌قێكانی ئیسلام میدیاكان به‌كارده‌هێنن، به‌ڵام خۆ میدیاكانیش ده‌توانن ئه‌وان له‌گۆشه‌یه‌كدا قه‌تیس بكه‌ن‌و ناچاریان بكه‌ن گفتوگۆ بكه‌ن له‌باره‌ی ئه‌و كێشانه‌ی كه له‌ئیسلامدا هه‌یه‌و دانی پیادا بنێن، ناكرێت میدیا خۆی ببوێرێت له‌بابه‌تی چاكسازی له‌ئیسلامدا، ئه‌گه‌ر وایان كرد ئه‌وا خۆیشیان‌و جه‌ماوه‌ره‌كه‌شیان ده‌بنه قوربانی توندڕه‌وی.
به‌داخه‌وه میدیاكانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زۆر زانیاری بڵاوده‌كه‌نه‌وه كه هانی توندڕه‌وی ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند لایك‌و كۆمێنتێكی زیاتریان بۆ بێت له‌فه‌یسبووكه‌وه.
زۆرێك له‌رۆژنامه‌نووسه‌كانیش به‌نه‌زانی بانگه‌شه بۆ دڕنده‌یی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌كه‌ن‌و له‌وه تێناگه‌ن كه به‌و شێوه‌یه زیان به‌كۆمه‌ڵگا ده‌گه‌یه‌نن، بۆیه ده‌بێت میدیا له‌زانیارییه‌كان بكۆڵێته‌وه‌و له‌جۆره‌كه‌یان دڵنیا بێت‌و بزانێت كه نابنه مایه‌ی پێشێلكاری‌و هاندانی دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و كارانه.
بۆ نموونه چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا میدیایه‌كی كوردی له‌سه‌ر وێبسایته‌كه‌ی هه‌واڵێكی بڵاوكرده‌وه كه تیایدا هاتبوو “پاش هێرشه‌كه‌ی پاریس، چوار ته‌قینه‌وه ئیسپانیایان هه‌ژاند”، ئه‌مه تووشی سه‌رسوڕمانی كردم‌و كاتێك خوێندمه‌وه باسی یاری نێوان به‌رشه‌لۆنه‌و ریال مه‌دریدی ده‌كرد كه به‌رشه‌لۆنه چوار گۆڵی له‌ریال كردبوو، ئه‌مه نموونه‌یه‌كی ئه‌و بێباكیه‌یه.
له‌سه‌ر میدیا پێویسته چاوی بخاته سه‌ر قوربانیانی گروپه توندڕه‌وه‌كان، چونكه قوربانییه‌كان ته‌نها ژماره‌یه‌ك نین، به‌ڵكو مرۆڤن‌و ده‌بێت میدیا چیرۆكه‌كه‌یان باس بكات.
هه‌روه‌ك چۆن له‌سه‌ر میدیا پێویسته بواری زیاتر به‌و پیاوه ئاینیانه بدات كه داوای ئاشتی‌و پێكه‌وه ژیان ده‌كه‌ن‌و له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌وانه فه‌رامۆش بكات كه هانی رق‌و توندڕه‌وی ده‌ده‌ن.
ده‌مه‌وێ جه‌خت له‌وه بكه‌مه‌وه كه میدیاكان به‌هێزترن له‌پیاوانی ئاینی، ئه‌گه‌ر میدیاكان بابه‌تی چاكسازی له‌ئیسلامدا بخه‌نه خشته‌ی كاره‌كانیانه‌وه، ئه‌وا هه‌موان براوه ده‌بن.
خه‌ڵكی ده‌یانه‌وێت قسه له‌سه‌ر ئه‌م باسه بكه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵیاندا كۆك بین یان نا، سه‌ره‌نجام ئه‌و گفتوگۆیه له‌قازانجی كۆمه‌ڵگا ده‌بێت كه به‌ده‌ست توندڕه‌وی ئاینی‌و كێشمه‌كێشمی تایفیه‌وه گیرۆده بووه.
وێنه‌ى به‌كارهاتوو:
تابلۆی هونه‌رمه‌ندی عێراقی مه‌ولد یه‌حیا كه له‌سه‌ده‌ی سانزه كێشراوه ( :وێنه The Yorck Project / Wikimedia Commons)
سه‌رچاوه: نيقاش
ژماره‌ی خوێنراوه :69
تعليقات
إرسال تعليق