راپۆرتێک سەبارەت بەبەشداری وەفدی سەرۆکایەتی کۆمار لە یادی کوشتاری ئەرمەنییەکاندا

chalack

رۆژی ھەینی ٢٢/٤/٢٠١٦ لەسەر بانگھێشتی رەسمی حکومەتی ئەرمەنستان، بەڕێز دکتۆر لەتیف رەشید راوێژکاری پێشکەوتووی سەرۆک کۆمار بەسەرۆکایەتی وەفدێک گەیشتە شاری یەریڤانی پایتەختی کۆماری ئەرمەنستان بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکانی کۆڕبەندی جیھانی دژی کۆمەڵ کوژی کە بەبۆنەی سەدو یەکەمین ساڵڕۆژی قاتڵ و عامی ئەرمەنەوە رێکخرابوو.
رۆژی ٢٣/٤ لە ھۆڵی رەسمی ئاھەنگەکان، مەراسیمەکە بەڕێوەچوو، بەڕێز دکتۆر لەتیف رەشید وتاری عێراقی خوێندەوە، سەرەتا سڵاوی فەخامەتی سەرۆک کۆمار فوئاد مەعسوم و گەلی عێراقی گەیاند بەبەشداربوان و گەل و حکومەتی ئەرمەنستان، بەشداریکردنی عێراقی لەو چالاکییەدا بەگرنگ زانی کە بیرەوەری دڕندانەترین تاوانی مێژووەو بۆنەیەکی پڕ ئازارەو مرۆڤایەتی بەخۆیدا دەشکێتەوە، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی کەمێک لە دڕندەیی ئەو تاوانە سوک بکات و ھاوسۆزی نیشان بدات بۆ قوربانییەکان و پەندی لێ وەربگیرێت کە رێگە نەدرێت جارێکی تر تاوانی لەو جۆرە دوبارە ببێتەوە.
راوێژکاری پێشکەوتوی سەرۆک کۆماری عێراق وتی: “بەداخەوە تاوانی قەتڵ و عامی ئەرمەن دوا تاوان نەبوو، چونکە نەتاوانەکانی پێشوو، نەئەوانەی دوای ھاوشێوەی کۆمەڵ کوژی ئەرمەن، بایەخیان پێ نەدراو پەراوێزخران و مرۆڤایەتی دەرس و پەندی لێ وەرنەگرت، لەماوەی سەدساڵی رابردووشدا تاوانی زۆر لە ناوچە جیاجیاکانی سەرگۆی زەوی رویاندا لە ئەوروپا، ئاسیاو قاڕەکانی تریش.. دڕندەییەکان دوبارەو چەند بارە بونەوە چەندین جاریش تاوانبارانی بکوژ سوکایەتیان بەمرۆڤایەتی کرد، چونکە کۆمەڵی مرۆڤایەتی سەرباری ئەو ھەموو قانون و رێساو نەریتانەی کە رێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەوڵەتان دایان ناوە، ھەڵوێستێکی شێلگیرانەو یەکلاییکەرەوەی نەبو”.
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا دکتۆر لەتیف رەشید رونیکردەوە لە ھەزارەی سێیەمداین کەچی تائێستاش کۆمەڵی مرۆڤایەتی روبەڕوی تاوانی دڕندەتر دەبێتەوەو قوربانییەکان لەژێر رەحمەتی تاوانباراندان، لەوبارەیەشەوە ئاماژەیکرد بۆ زنجیرە تاوانەکانی رژێمی دیکتاتۆری سەدام حسێن دژی ملیۆنان کەس لە کوردستانی عێراق و باشورو ناوەڕاستی وڵات کە ھەموی تاوانی کۆمەڵکوژن و خۆیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بەکارھێنانی چەکی کیمیاییدا دەبیننەوە سەرباری تاوانەکانی راگواستن و گۆڕینی دیمۆگرافیی و دەربەدەرکرن.
لە وتارەکەیدا راوێژکاری پێشکەوتوی سەرۆک کۆمار رایگەیاند، عێراق بەدەست تاوانی چەتەکانی قاعیدە و داعش و تاوانبارانی تەکفیریی و چەتە پیاوکوژەکانی ترەوە دەناڵێنێت کە پێکھاتە ئاینیی و مەزھەبییە جیاجیاکانیان روبەڕوی شاڵاوی کوشتن و دەربەدەری کردۆتەوە، بەتایبەتی رۆڵەکانی ئاینی ئێزدیی و مەسیحیی و سابئیی و ئەوانیتریش.
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا دکتۆر لەتیف رەشید ئاماژەیکرد بۆ ئەو ئاسانکارییەی کە ھەندێک نیشانی دەدەن بۆ جموجۆڵی تێرۆریستان و دزە کردن بۆ ناو وڵات و لە چەندین لایەنی دراوسێەوە کۆمەک دەکرێن، بۆیە لەوبارەیەشەوە داوایکرد پێویستە کۆمەڵی مرۆڤایەتی ھەنگاو بنێنێت بۆ لێپێچینەوەی تاوانباران و گەمارۆدانی تاوان و تێرۆرو لەناوبردنیان بەیەکجارەکی، وتیشی “ئەگەر وریا نەبینەوەو ھەنگاوی بەرپرسیارانە نەنێین ئەوا شکۆیی و ژیانی مرۆڤایەتیی ھەر لەژێر ھەڕەشەو مەترسیدا دەبێت، بۆیە ئەمەکداریی گەورە بۆ ئەو قوربانیانە لە پاراستنی ئاشتیی و ئازادیی و مافی پێکەوەژیانی فرەیی و رێگرتنە لە تاوانباران تا پێودانگە مرۆییەکان پێشێل نەکەن”.
لە کۆتاییشدا پێشنیازی کرد لەمەولا ئەوانەش بانگھێشت بکرێت بۆ ئەو بۆنەیە کە ئاگادارو شارەزای شاڵاوەکانی جینۆسایدن لە ھەڵەبجەو شالاِوەکانی ئەنفال.
جێی ئاماژەیە عێراق پێشنیازیکرد لە راگەیاندنی کۆتاییدا بەئاشکرا داعش ئیدانە بکرێت بەوەی عێراق لە ململانێ دایە لەگەڵ تاقمی داعشدا، دەوڵەتانی ناوچەکەش بەدەست ئەم پەتای تاعونەوە دەنالێنن، پێکھاتە نەژادی، ئاینی و تایفییەکان لەم شاڵاوی کۆمەڵکوژییەی داعشدا ململانێ دەکەن بۆ مانەوەیان، قوربانیانی تاوانەکانی داعشیش ھەمان مەینەتییان ھەیە کە ئەرمەنییەکان سەدو یەک ساڵ لەمەوبەر ھەیانبوە، بۆیە نابێت راگەیاندنی کۆتایی لەم کاتەدا بەئاشکراو راشکاویی داعش و تاقمە تێرۆریستەکان و تەکفیرییەکان و ئەوانیتریش ئیدانە نەکات.
ئەو پێشنیازە پەسەند کراو لەراگەیاندنی کۆتاییدا بەراشکاوی ئاماژەکرا بۆ داعش.
ھاوکات وەزیری دەرەوەی ئەرمەنستان بەتایبەتی سوپاسی عێراقی کرد کە بەگژ تێرۆردا دەچێتەوە و وەک ھێلێ یەکەمی بەرگرییە بۆ قەڵاچۆکردنی تاوانی کۆمەڵکوژیی.
جێی بیرھێنانەوەیە، نوێنەرانی حکومەت و پەرلەمان و دیپلۆماتییەکانی جیھان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک مافەکانی مرۆڤ، پسپۆڕانی قانونی نێودەوڵەتیی و دادوەران (لەوانە دادوەری دادگای دادی نێودەوڵەتیی)، گەورە راگەیاندنکارانی جیھان، کەسایەتیی ناسراوەکان و ژمارەیەک لەوانەی خەڵاتی جیھانییان وەرگرتوە وەک خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی و ئەکتەرە جیھانییەکانی وەک جۆرج کلۆنی، گورانیبێژ چارل ئەزنافۆر، ئەکتەرانی بۆلیۆد، گەورە پسپۆڕان و سەرۆک و مامۆستایانی زانکۆکانی قانونی نێودەوڵەتیی ئەوانەی پەیوەستن بەجینۆساید، دامەزراوەکانی توێژینەوەی زانستیی و سەنتەرەکانی توێژینەوە لە سەرتاسەری جیھان ئامادەی بون، ھاوکات ژمارەیەکی زۆر لە قوربانیانی کۆمەڵکوژییە جیاجیاکان ئامادە بون، لە عێراق نادیە مورادی ئێزدیی و موراد ئیسماعیل ئامادەبون.
رۆژی ٢٤/٤ یش وەفدی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق سەردانی مۆنۆمێنتی شەھیدانی قەتڵ و عامی (جینۆساید)ی ئەرمەنی کرد.
ھەر لە میانەی چالاکییەکانی ئەو بیرەوەرییەدا،سەنتەری جیھانیی رۆژنامەنوسان (ICFJ) رۆژنامەنوس (روکیمینی کالیماک)ی لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز خەڵاتکرد، لە پای بەشدارییە جیاو تایبەتەکانی بۆ ریسواکردنی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی بەتایبەتی لە ریسواکردنی داعشدا لە بەرامبەر زیندوکردنەوەی کۆیلایەتی و تاوانەکانی دەرھەق بە ژنان بەگشتی و ژنانی ئێزدیی بەتایبەتی ھاوکات ئەو تاقمە بەرپرسیاریشە بەرامبەر نەھامەتە مرۆییەکانی تریش.
لە لایەکی ترەوە رێکخراوی (خەڵاتی ئۆروا بۆ رابونی مرۆڤایەتی) لەجیاتی رزگاربوانی قەتڵ و عامی ئەرمەن و سوپاسکردنی ئەوانەی یارمەتیی ئەرمەنیەکانیان داوە، پێشبڕکێیەکی رێکخستوە بۆ ھەرکەسێک کە ھەوڵێکی تایبەتیی و جیاوازی داوە لەپێناوی پارێزگاریکردن لە ژیانی مرۆڤ و پەرەپێدانی مەسەلە مرۆییەکان، خەڵاتەکەش ملیۆنێک دۆلارە بۆ براوەی یەکەم، سەد ھەزار دۆلاریش بۆ ئەو کەسەیە کە دەچێتە فایناڵی کاندیداکانەوە.
لیژنەی دەست نیشان کردنی ئەو خەڵاتە پێک دێت لە سێ کەس کە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی، ئەوانیش ھەریەک لە (ئیلیی وێزل، ئیما لیبوی وشیرین عەبادی)ن، لەگەڵ ئەکتەری ناوداری جیھانی جۆرج کلۆنی و فارتان گریگۆریان سەرۆکی دامەزراوەی کارنیگی لە نیۆیورک و نوێنەری پێشوی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ.
چوار کەس کانیدا کراون ئەوانیش:
١) خاتوو (سەیدە غوڵام فاتیمە)ی پاکستانی کە تێ دەکۆشێت بۆ کۆتایی ھێنان بەکارەسات و کۆیلایەتیی کرێکارانی کورەکانی خشت بڕین و قرمیت کە خۆیان خانەوادەکانیان لە بری وەرگرتنی بڕە پارەیەکی کەم بۆ چەندین ساڵ کاری سوخرەیی دەکەن بۆ خاوەن کارەکان بێ ئەوەی ھیچ گرێبەست و زەمانێکی تەندروستیی و خوێندن لە ئارادا بێت بۆ مناڵەکانیان، تەنیا نانی رۆژانەیان بەو سوخرە کێشییە دابین دەکەن.
٢) (توم کاتینا) کە تاکە پزیشکی نەشتەرگەرییەو لە (جەبەل نۆبا)ی سودان وەک خۆبەخش کار بۆ زیاتر لە پێنج سەد ھەزار کەس دەکات بە مەبەستی رزگارکردنی ژیانی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کە روبەڕوی دڕندانەترین شاڵاوو شێواندن و سوتاندن دەبنەوەو مناڵەکانیان روبەڕوی داخ و سوتاندن دەبنەوە، رۆژانەش دەیان نەشتەرگەریی دەکات بەخۆڕایی.
٣) قەشە (بێرنارد کینفی) لە ئەفریقای ناوەڕاست ، مەسیحیەکانی پاراست لە پەلامارو قەسابخانەی میلیشیاکان کە زۆربەیان موسڵمان بون، دواتریش موسڵمانەکانی پاراست و لە کڵێساکەی نیشتەجێی کردن و شاردنیەوە و داڵدەی دان و، نزیکەی ١٥٠٠ موسڵمان دەرباز بون و ژیانی رزگار کردن لە قەسابخانەو پەلاماری تۆڵەسەندنەوەی میلیشیا مەسیحییەکان، بەجۆرێک دواتر ئەو میلیشیانە لێی چون بەقیندا رقیان لێ ھەڵگرتوە.
٤) (مارگرێت پاراکانتیس)، لە کاتی جەنگی ناوخۆی بۆرۆندییدا یارمەتیی سەدان ھەزار بێ باوک و دایک و پەنابەری دا، خۆی توتسیی بو، ھەوڵی دا ٧٢ کەسی لە (ھۆتۆ) نەژادەکان لە ماڵەکەیدا داڵدە بدات، بەڵام دۆزییاننەوەو بەبەرچاویەوە کوشتیانن، لەو کاتەوە دەستی کرد بەپرۆژەکەی بۆ پاراستن و داڵدەدانی ھەزاران بێ سەرپەرشت و کۆچبەر.
وەفدەکەی سەرۆکایەتیی کۆمار رۆژی ٢٥/٤/٢٠١٦ کۆتایی بەسەردانەکەی ھێناو گەڕایەوە وڵات .



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات