سه‌ره‌تایه‌ك بۆ مێژوی رۆژنامه‌وانیی ژنان…
رۆژنامه‌وانى – سلێمانى: بەپێی توێژینه‌وه‌یه‌كم کە له‌سه‌ر مێژوی رۆژنامه‌وانی ژنان به ناونیشانی ژن و رۆژنامه‌وانی كوردی له عێراقدا له‌نێوان ساڵانی (1914_ 1938)، ئەنجاممداوە، پێداچونه‌وه‌م بۆ رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان كردوه.
بێگومان به هه‌وڵی دڵسۆزانی مێژوی رۆژنامه‌وانیی و كلتور و فه‌رهه‌نگی كوردی ده‌توانرێت توێژینه‌وه له بواره‌كانی رۆژنامه‌وانیدا بكرێت كه هه‌وڵی زیندوكردنه‌وه‌و كۆكردنه‌وه‌ی مێژویان داوه له رێگه‌ی كۆكردنه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان، هەربۆیە توێژه‌ر به پێویستی ده‌زانێت هه‌وڵ و كۆششی دڵسۆزانی كورد بخاته به‌رچاو كه كردویانه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان و توێژینه‌وه له‌باره‌یانه‌وه لەماوەی کاتی توێژینەوەکەدا، وه‌ك به‌ڕێزان (ره‌فیق ساڵح، سدیق ساڵح، د. كوردستان موكریانی، نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، عەبدوڵا زه‌نگه‌نه، عه‌لی ناجی كاكه حه‌مه عه‌تار، سیروان به‌كر سامی …)
هه‌ندێك به‌ڕێز له‌سه‌ر له‌سه‌ر مێژوی رۆژنامه‌وانی كوردی نوسیویانه وه‌ك به‌ڕێزان (د.كه‌مال مه‌زهه‌ر، نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، فاروق عه‌لی عومه‌ر، جه‌بار جه‌باری …) هه‌وڵی ئه‌وان نه‌بوایه نه ئه‌م توێژینه‌وه و نه ئه‌م ئەنجامه نه‌ئه‌هاتنه دی.
– ئامانجی توێژه‌ریش له‌م توێژینه‌وه‌یه بریتی بوه له شیكردنه‌وه‌ی ناوه‌رۆكی رۆژنامه‌كان له‌روی ئه‌و وتار‌و نوسینانه‌ی له‌سه‌ر ژن نوسراون، ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌سه‌ر ژن نوسیویانه، چۆنیه‌تی بابه‌ته‌كان ئه‌گه‌ر بابه‌تی ژنان هه‌بوبێت چۆن بوه، هه‌روه‌ك ئامانج له‌م توێژینه‌وەیه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بو ئایا ژن له‌سه‌ره‌تاكانی رۆژنامه‌وانی كوردی له عێراقدا چۆن بوه، ئایا له‌و ماوه‌یه‌دا لەو بارودۆخە ئابوری، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگییه‌ی ئه‌و كاته‌دا دۆخی ژن چۆن بوه، دۆخی ژن له‌رۆژنامه‌وانیدا چۆن بوه؟ ئامانج ئه‌وه‌یه سه‌ره‌تایه‌ك، ده‌سپێكێك و بناغه‌یه‌ك بێت بۆ تۆماركردنی مێژوی رۆژنامه‌وانی ژنان.
له‌دوای هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی سه‌رجه‌م رۆژنامه‌كانی ئه‌و ماوه كاتیه، چه‌ند وتارێك له‌باره‌ی ژنه‌وه نوسراوه، به‌ڵام نوسه‌ره‌كانیان ژن نین یان به‌ناوی ژنه‌وه نیه.
یه‌كه‌م وتار له‌لایه‌ن ژنه‌وه نوسرابێت له‌لایه‌ن: گوزیده غزیز خانم بوه، وتاره‌كه‌شی له ژماره 13 ی رۆژنامه‌ی ژیان له 22ی نیسانی 1926 و له لاپه‌ڕه 1 دا نوسراوه و له‌لاپه‌ڕه 2دا ته‌واوكراوه:
ئه‌مه‌ی خواره‌وەش وتاره‌كه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌ڵسه‌نگاندنی توێژه‌ر بۆ وتاره‌كه.
به قلم مدیره مكتب كچان گوزیده عزیز خانم نوسراوه:
ژن و تأثیراتی له حیاتی مه‌ده‌نیتدا
ژنێتی، موجودیه‌تی كه قسمیكی تری حیات و حتی قسمی مهمی اشغال كردوه. نابی تأثیراتی ژن له حیات دا له پیش چاو دور بخریتوه. و ئه‌بی بكری به‌رهبری برزبونه‌وه‌ی او هنكاوانه كه له ریكای مدنیت و ترقی دا اهاویژری _ ژن حیات مسعودو دیسان ژن حیات رزیل اكات _ ام دوقوته كه دشمن یه‌كترن به‌علم و جه‌لی ژن دیته وجود ژن ام دواستعداده هه‌یه او ملتانه كه ام قسمه بشره سو استعمال اكن ناتوانن له بلای جهالتی خویان رزكار ببن ومحكومی ام افته‌ن.
له ادبای فرانسز مادام الی (ژن مال اكات و ژن مال ویران أكات) به‌چه بلاغت و زبانیكی فصیح وه گوتراوه اگر بیخه‌ینه برجاوی تأمل او ملتانه كه ژن یتی یان بزر كردوه‌ته‌وه ، خویان به‌رزكردوه‌ته‌وه ژیرا ژن ملت پی اگه‌یه‌نی ( وژن و پیاو بی اگه‌یه‌نی ) او موجودیه‌ته‌یه كه‌له ژره‌یه‌ك قهره‌مانیكی كوره دی نی ته وجود . له‌و وقتانه‌دا كه‌له‌باوشی شفتقی خویا به‌لای لایه و لاواندن پی اگه‌یه‌نیت له موجودیتی مادی و معنوی خوی بشی ادات.
رجا ئه‌كم ژنیكی جاهل اتوانی له جیاتی خوی چی بدا به اولاده‌كی صبحینی اولاده‌كه‌ی اخاته ناو حیات جمعیه‌ته‌وه ابی به‌چند مشكلات و اضطراب فیری ژیان بیت! وه‌به‌بی به پیاو یانه‌بی!
بلی، هرچند بو پی گه‌یاندنی ام نوعه منداله بی به‌رانه مكتب درمانیكه اما له‌لای هه‌مموتان معلومه كه به‌بی تحصیل ابتدائی تالی و به‌بی تالی تحصیل عالی ده‌ست ناكویت. ابی له‌باوشی دایكیا زانستیكی ابتدائی وه‌ر بگری تاوه‌كو بتوانی له مكتبدا تواوی بكا و ایتر اشكاره‌كه دایكی تی به‌سر اولادا تأپیراتی معنوی زیاتره له‌مادی‌و كوابی مندال به قدرت و قوت و عجزو جهالتی دایك ئه‌ژینریت.
نتیجه: ژن، عضویكی مهمه كه پیاو دی نی ته دنیاوه و به سعی خوی پیاو پی اگه‌یه‌نی وبم لونه له ریگایه‌كی كورت و باریك و راستوه اینیری بو مدنیت و ترقی امرو أبی ژنی كورد پی بكات كه صبحه‌ینی ومی كورد بی ته‌وجود و پایه‌دار بیت، به فكری من : پباو به ته‌نها پی یه‌ك چون ناتوانی بگاته محل مقصودی خوی به‌بی ژنیش ملت ناتوانی بگاته موقع مخصوص و عالم و مدنیت، او ژنه‌ی كه ئه‌بیت به‌ژنی استقبال بروامه‌كه منداله‌كانی پی بگه‌یه‌نی ابی ایتر منورو معتبران كورد له اسارتی زنجیری تعصبی خویان ازادی بكن و روناكی بده‌ن به نیتی.
ژن اوكاته مالیك و طنیك اداره ئه‌كاتو بم قسه‌یه‌م وا تی نه‌كه‌ن كه ابی ژن سلاح شوریش بی وطنی خوی اداره بكات. مقصدم ژن عضویكی وا مهمه كله هممو جهتی كو له قوه‌تی سلاح زیاتر به قوتی ژكای خوی ابی منداله‌كانی پی بگه‌یه‌نی و بم لونه حیاتی وطن و ملت پایدار بكات.
اسلامیت ژن ناخاته امارتی چل كلیلوه. اصلا اسلامیت مانع ترقی نیه و هیچ قانونیكی نیه كه امر به جهالتی ژن بكات.
له‌بر امه، ای قوم محترم كوري، ای او كوردانه‌ی ارزوی اعلاو پایه‌داری قومی كوردیان هیه گوی بگرن! جهل و علم دشمن یكترن و حرب اكن ایوه كه له گل پیاو خریكن ژنتان به بیرانایه.
مادام ایمرو له وضعیتیك داین كه هیشتا ام دوقوه‌ته‌مان توحید نكردوه همو وقتیك برامبری شرو شوی بی نتیجه و امل مه‌فرن، ویان كه‌فرین ژن یتی ش له گل خۆتان برن تاكو موازنه حاصل به‌بی.
هه‌ڵسه‌نگاندنێك
یه‌كه‌م له‌روی شێوازه‌وه:
– به‌ڕێنوس و نوسین و خاڵبه‌ندی ئه‌و كاته نوسراوه كه تێكه‌ڵه له وشه‌ی عه‌ره‌بی و كوردی.
– په‌ره‌گرافی به‌كار هێناوه.
تێبینی/ وه‌ك خۆی نوسیومه‌ته‌وه ته‌نیا:
1- چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر كه‌م پێكه‌وه‌لكانی هه‌ندێك پیت ئه‌ویش چه‌ند دانه‌یه‌كی كه‌م پێده‌چێت هه‌ڵه‌ی تایپ بێت.
2- له زۆر شوێن پیتی ك له جیاتی پیتی گ نوسرابو یان به‌هۆی ته‌مه‌نی رۆژنامه‌كه وا ئه‌خوێنرایه‌وه.
شیكردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته له روی ناوه‌ڕۆكه‌وه.
– باسی ژن و گرنگی خوێندن و ته‌نانه‌ت به‌ده‌ست هێنانی بڕوانامه “تحصیل عالی” ده‌كات بۆ ژنان.
– وشه‌ی ژن ی به‌كار هێناوه له هه‌مو جارێكدا.
– ئه‌وه‌ی سه‌یره وته‌یه‌ك له‌سه‌ر ژن باس ئه‌كات كه ده‌ڵێت خانمێكی فه‌ره‌نسی وای وتوه به‌ڵام ناوه‌كه‌ی نه‌وتوه یان له‌بیر چوه تایب بكریت، له‌راستیدا ئه‌م وته‌یه (ژن ماڵ ئه‌كات و ژن ماڵ وێران ئه‌كات) له وته‌ی گه‌لان هه‌یه، له‌سه‌ر ژن وه‌ك فۆلكلۆر، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات له‌و سه‌رده‌مه‌دا زانیاری هه‌بوه له‌سه‌ر كلتوری گه‌لان.
– باسی میلله‌تان ئه‌كات، دیسان زانیاری هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وڵاتانێك هه‌ن له پێش ئێمه‌ی كورده‌وه‌ن.
– پیاو بێ ژن نابێت و میله‌ت بێ ژن ناگاته مه‌قصه‌د.
– كاتێك ده‌یه‌وێت بڕوا به كۆمه‌ڵگه بهێنێت په‌نا بۆ هۆكار ده‌بات تا بڕوا به كۆمه‌ڵگه بێنێت، وه‌ك :
* ژنی خوێنده‌وار نه‌وه‌ی باش به‌رهه‌م دێنێت.
*داوا له منه‌وه‌ری كورد ئه‌كات به‌رامبه‌ر به توندڕه‌وی بوه‌ستن و له‌گه‌ڵ هوشیاری ژن‌دا بن.
* ده‌ڵێت ئیسلام له‌گه‌ڵ ئه‌وه نیه ژن هوشیار و خوێنده‌وار نه‌بێت.
– له كۆتایشدا باسی هاوسه‌نگی ژن و پیاو ده‌كات (جینده‌ر)ی ده‌كات، كه له‌ئێستادا خواست و داواكاری ژنانه.
تێبینی:
1- گوزیده خانم به‌ڕێوەبه‌ری خوێندنگای كچان بوه له سلێمانی 1926.
2- به كارهێنانی زمانی كوردی له عێراقدا، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه بوه له‌و سه‌رده‌مه به‌غدا رۆڵی هه‌بوه له رۆژنامه‌وانی كوردیدا و به‌شێك له رۆشنبیرانی كورد له به‌غدا بون.
3-تكایه به ئه‌مانه‌ته‌وه ئه‌م بابه‌ته تۆمار بكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌مان هه‌ست به‌نه‌بونی ئه‌مانه‌ت ئه‌كه‌ین.
4- به هیوام بۆم بڕه‌خسێت له داهاتویه‌كی نزیكدا ئه‌م توێژینه‌وه‌یه به چاپ بگه‌یه‌نم.
5- له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه ئه‌م توێژیه‌وه‌یه‌مان ئه‌نجامداوه، به‌ڵام بۆ دۆزینه‌وه‌یه‌كی مێژووی پێویستی به ره‌وینه‌وه‌ی گومان هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش له‌پێش بڵابونه‌وه‌ی ئه‌م راستیه مێژویه‌مان به‌م شێوه‌یه بڵاو كرده‌وه تا ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی له كۆكردنه‌وه‌و شیكردنه‌وه‌ی رۆژنامه‌وانی كوردیا رۆڵیان هه‌بوه تێبینی خۆیان بڵێن.
ئا: چيمه‌ن محه‌ممه‌د ره‌شيد
سه‌رچاوه: KNNC
ژماره‌ی خوێنراوه :20
تعليقات
إرسال تعليق