نەتەوە یەکگرتووەکان: بە تەنھا لە ھەفتەی ڕابردوودا ٨٨٠ کۆچبەر خنکاون

harem

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نوێترین ئاماری کۆچبەرانی ئەمساڵی بڵاوکردۆتەوە و لەوبارەیەوە “ولیام سپیندلەر” وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بەڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە کە ساڵی دوو ھەزار و شانزە بە ساڵێکی خوێنانی بۆ کۆچبەران دادەنرێت بەوپێیەی ٢ ھەزار و ٥١٠ کەس بە تەنھا لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە ڕێی کۆچکردنیاندا بۆ ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە, لە کۆی ئەو ژمارەیەش بە تەنھا لە ھەفتەی ڕابردوودا ٨٨٠ کەس بەھۆی نقومبوونی بەلەمەکانیانەوە لە دەریای ناوەڕاستدا کە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتبوون خنکاون و بەسەدانی دیکەش لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنی ئیتاڵیاو بە ھاوکاری چەند وڵاتێکی دیکە ڕزگارکراون. بەپێی ئامارەکانی ئەو ڕێکخراوە لە ھەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا ھەزار و ٨٥٥ کۆچبەر گیانیان لەدەستدابوو. 

نەتەوە یەکگرتووەکان داواشی لە ھێزە دەریاییەکانی سەر بە یەکێتی ئەوروپا کردووە، رێوشوێنی پێویست بۆ ڕزگارکردنی کۆچبەران بگرنەبەر.وتەبێژەکە کۆمسیۆنی پەنابەرانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ھۆشداریشی داوە لەوەی کۆچکردنی ھاووڵاتیان لە ڕێی باکوری ئەفریقاوە بەرەو ئیتاڵیا مەترسیدارترینە, بەوپێیەی لە کۆی ئەو ھەزاران کەسەی گیانیان لە دەستداوە ٢ ھەزار و ١١٩ کەسیان لەو ڕێگەیەدا خنکاون.

لە بەرامبەریشدا, لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٢٠٤ ھەزار کۆچبەری نایاسایی گەیشتوونەتە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و لە سەدا ٧٥یشیان پێش کۆتایی مانگی ئازاری ڕابردوو لەڕێی یۆنانەوە گەیشتوون. 

ھاوکات لە ڕێی ئیتاڵیاوە, ٤٦ ھەزار و ٧١٤ کۆچبەر لەسەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتوونەتە ئەوورپا و ئەو ژمارەیەش ھاوشێوەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەیە کەلە ساڵی ڕابردوودا لە ھەمان ڕێگەوە کۆچیان بۆ ئەوروپا کردووە.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات