حکومەتی ئیسپانیا بڕیاریدا پێشوازی لەژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی بکات

harem

دواجار حکومەتی ئیسپانیا بڕیاریدا پێشوازی لەژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی بکات و بۆئەو مەبەستەش پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ٥٠٠ کۆچبەر لە ئایندەیەکی نزیکدا، بگەنە خاکی ئەو وڵاتە.

ئیسپانیا لەماوەی ئەم ھەفتەیەدا بڕیاریدا پێشوازی لە ژمارەیەک کۆچبەر بکات کە لە ئەوروپاو وڵاتانی تورکیاو لوبنان بەنیازن بچنە ناو خاکی ئەو وڵاتەو پێشبینیش دەکرێت تا نیوەی مانگی حوزەیران، ٥٨٦ کۆچبەر بگەنە ئیسپانیا.

چوارشەممەی رابردوو، ٢٢ کۆچبەری بەرەگەز ئەریتری لە ئیتاڵیاوە گەیشتنە فڕۆکەخانەی مەدرید و پێشترو لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ش، دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا وەک قۆناغی یەکەم، پێشوازییان لە ٢٠ کۆچبەری عێراقی و سوری کردبوو.

وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا پێشبینی دەکات لە دەوروبەری مانگی حوزەیراندا پێشوازی لە نزیکەی ٥٨٦ کۆچبەر بکات، کە زۆربەیان عێراقی و سوریین، ئاماژە بەوەشدراوە: ٢٨٥ کۆچبەر لە لوبنان و ١٥٠ی تر لە یۆنان و ١٠١ کۆچبەر لە تورکیاو ٥٠ی تریش لە خاکی ئیتاڵیاوە بەرەو ئیسپانیا کۆچ دەکەن.

بەھۆی بەردەوام بوونی توندونیژیی و شەڕوپێکدادانەکان لە چەند ناوچەیەکی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، زیاتر لە یەک ملیۆن و ٣ سەد ھەزار کۆچبەر روویان کردۆتە وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەت ئەڵمانیا، جگە لەوەش لەماوەی ساڵی ٢٠١٥دا، بەسەدان کۆچبەر لەرێی دەریاوە گەیشتوونەتە یۆنان و ئیتاڵیا.

لە مانگی ئەیلولدا، یەکێتی ئەوروپا بەرنامەیەکی بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی کۆچبەران بەسەر وڵاتانی ئەوروپا داڕاشتبوو، کە پێشتر لە چەند وڵاتێکی ئەوروپاو دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا تیشتەجێ کرابوون.

ھەرچەندە ئیسپانیا پێشتر بڕیاریدابوو پێشوازی لە ١٧ ھەزار کۆچبەر بکات، لەگەڵ ئەوەشداو لەماوەی رابردوودا تەنھا ژمارەیەکی کەم لە کۆچبەران روویان لەو وڵاتە کردووە، بەرپرسانی حکومەتی ئەو وڵاتەش پێشوازی نەکردن لەو کۆچبەرانە بۆ ھەڵەی ئیداریی و کەمورتییەکان لە رایی کردنی مامەڵەی پەنابەران لە یۆنان و ئیتاڵیا گەڕاندۆتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، کە حکومەتی موحافیزکارەکان لە ئیسپانیا بەسەرۆکایەتی ماریانۆ راخوی، لەسەر ئاستی ناوخۆ و لەبارەی پێشوازی نەکردن لە کۆچبەران، رووبەڕووی رەخنەی توند ببۆوە.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات