ئابووری عێراق روبەرووی مەترسی گەورە دەبێتەوە

chalack

پێشبینی دەکرێت کەلێنی کورتھێنانی دارایی عێراق لە ماوەی سێ ساڵی داھاتوودا بگاتە نزیکەی ٥٠ ملیار دۆلارو رێککەوتنی نێوان بەغدادو سندوقی دراوی نیۆدەوڵەتی سەرەتاییەک دەبێت بۆ پشتیوانی کردنی دارایی بەغداد بە رابەرایەتی حەوت وڵاتە پیشەسازییە گەورەکەی جیھان .
“موزھیر محەمەد ساڵح” راوێژکاری کاروباری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ، عێراق دووچاری کەلێنیکی دارایی گەورە ھاتووەو پێشبینی دەکرێت لە ماوەی سێ ساڵی داھاتوودا بگاتە ٥٠ ملیار دۆلارو بەو ھۆیشەوە پرۆژەکان و سەقامگیری ئابووری عێراق رووبەرووی مەترسی گەورە دەبێتەوە ، ھەروەھا ئەوەشی ئاشکراکرد ، رێککەوتنی نێوان عێراق و سندوقی دراوی نیۆدەوڵەتی بۆ پێدانی قەرزێک بە بەغداد سەرەتاییەک دەبێت بۆ پشتیوانییەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەشداریکردن لە پرسەکانی وردبینی و شەفافییەتدا .
راوێژکاری کاروباری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد ، بەو پێیەی کە عێراق بەشێکە لە سندوقی دراوی نیۆدەوڵەتی و ئەو دامەزراوەیە بەرپرسە لەسەقامگیری دارایی لە جیھاندا بۆیە کۆمەڵگای نیۆدەوڵەتی بەرپرسە لە سەقامگیری دارایی لە عێراقداو لە ئێستاشدا حەوت وڵاتە گەورە پیشەسازییەکەی جیھان بە ئاراستەی ھاوکاریکردنی ئابووری عێراق کار دەکەن ، وەکو چۆن پیشووتر ھاوکاری سەربازی بەغدادیان کردبوو لەشەری بەرنگاربوونەوەی داعش.
رۆژی ١٩ ئایار سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیھانی و ھاوبەشە نێودەوڵەتییەکان رەزامەندیان پیشاندا بە پێدانی ١٥ ملیار دۆلار قەرز بەعێراق بە قازانجی ١.٥% و ئەو قەرزەش لە ماوەی سێ ساڵدا دەرێت بە عێراق و ھەر سێ مانگ جارێک سندوقی دراو پێداوچوونەوە بە خەرجییەکانی بەغداد دەکات.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات