ئەنجومەنی نوێنەران بۆ خوێندنەوەی چەند پرۆژە یاسایەک کۆدەبێتەوە

helin

ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق درێژە بەو دانیشتنەی دەدات کە رۆژی یەکشەممە، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک بەسەر پەککەوتنی چالاکییەکانی سازیکرد.

لەدانیشتنەکەی ئەمڕۆدا خوێندنەوە بۆ ٤ پێشنیاز و پرۆژە یاسا دەکرێت کە سیانیان تایبەتە بە ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی لەناوچووی بەعس کە بەناوی “مەجلیسی قیادەی سەورە”ەوە دەریدەکردن. 

پرۆژەی چوارەمیش پەیوەندی بە ھەموارکردنی یاسای خانەنشینییەوە ھەیە، ھاوکات خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسای ھۆزو خێڵەکان دەکرێت و دوایین خاڵی کارنامەی دانیشتنەکەش تایبەتە بە پێشکەشکردنی راپۆرتێکی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان.

لە دانیشتنەکەی دوێنێشدا، بڕیاردرا کە وەرزی یاسادانی پەرلەمان بۆ ماوەی مانگێک درێژی بکرێتەوە. 

ھەر لەو دانیشتنەدا کە بە بە ئامادەبوونی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران بەڕێوەچوو، پشتیوانیش بۆ ئۆپراسیۆنی رزگارکردنی شاری فەللوجە راگەیەندرا.

ھەرچەندە سەرۆکایەتی پەرلەمان رایگەیاند دانیشتنەکە بە ئامادەبوونی ١٦٧ پەرلەمانتار بەرێوەچووە، بەڵام گومان لەسەر ئامادەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران دروست بووە.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات