قەرەبووی مامۆستایان دەکرێتەوە ڕیزبەندی مووچەی مامۆستایان چارەسەر دەكرێت

bozhin
قەرەبووی مامۆستایان دەکرێتەوە ڕیزبەندی مووچەی مامۆستایان چارەسەر دەكرێت

قەرەبووی مامۆستایان دەکرێتەوە ڕیزبەندی مووچەی مامۆستایان چارەسەر دەكرێت

بەھۆی دەنگۆی ئاشکرابوونی پرسیاری تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی، وەزارەتی پەروەردە ژمارەیەک مامۆستاو فەرمانبەری دەستگیرکرد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیش رایدەگەیەنێت”داوامان لەوەزیری پەروەردە کردووە، قەرەبووی ماددی و مەعنەوی ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانە بکرێتەوە، کە ھیچیان لەسەر ساغ نابێتەوە”.

ئەمڕۆ ٢٩ی حوزەیران، پشتیوان سادق وەزیری پەروەردە لەگەڵ ئەحمەد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و عەبدولواحید محەمەد جێگری سەرۆکی یەکێتییەکە کۆبۆوەو گفتوگۆ لەسەر کۆتاییھێنانی ئەزموونە گشتییەکان کرا.

عەبدولواحید محەمەد جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان  راگەیاند: لەکۆبوونەوەکەدا باس لەکۆتاییھاتنی ئەزموونە گشتییەکانی کراو سەرباری ھەندێک کەموکوڕی لەسەرەتای پڕۆسەکە دەستخۆشیمان لەوەزارەتی پەروەردە کرد، لەبەرامبەر ھەوڵەکانیان بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە.

وتیشی:”ھەر لەکۆبوونەوەکەدا باسی ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانە کرا کە بەھۆی دەنگۆی ئاشکرابوونی پرسیارەکان، دەستگریکراون، داوامان کرد، ئەوانەی ھیچیان لەسەر ساغ نەبۆتەوە، قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بکرێنەوە”.

لەسەرەتای تاقیکردنەوەکانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی،  ھەندێک کەموکورتی روویدا، بەتایبەت دەنگۆی ئاشکرابوونی پرسیاری تاقیکردنەوەکان، کە بەھۆیەوە ژمارەیەک مامۆستاو خوێندکارو کەسانی دەرەوەی پڕۆسەی  خوێندنیش دەستگیرکران.

سەبارەت بەئامادەنەبوونی ھەندێک لەچاودێرەکانیش لەھۆڵەکانی خوێندن، عەبدولواحید محەمە دەشڵێت:”لەکۆبوونەوەکەدا باسی ئەو بابەتەش کراو داوا لەوەزیری پەروەردە کرا، پەیڕەوی سزاو پاداشت بکات، ئەوانەی ئامادەبوون پاداشتیان بکات و سوپاس و پێزانین بکرێن، ئەوانەشی ئامادەنەبوون رێوشوێنیان بەرامبەر بگیرێتەبەر، ئەگەر پاساوی قایلەکەریان نەبێت، پێویستە لێپێچینەوەیانە لەگەڵدا بکرێت”.

ڕیزبەندی مووچەی مامۆستایان چارەسەر دەكرێت
وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم ڕایدگەیەنێت، لە ڕێگای نووسراوێك بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بكرێت ڕێزبەندی مووچەی وەزارەتی پەروەردە چارەسەر بكرێت.

 

ئەم بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە دوای ئەوە دێت، كە مامۆستایان بەهۆی دواخستنیان لە ڕیزبەندی پێدانی مووچە هەڕەشەی توندیان لە حكومەتی هەرێم كرد.
ئەمڕۆ چوار شەممە ڕێكەوتی (٢٩/٦/٢٠١٦)، د.پشتیوان سادق ؛وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان؛ پێشوازی لە مامۆستا ئەحمەد سابر ؛سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان؛ و عەبدولواحید محەمەد ؛جێگری سەرۆكی یەكێتییەكە؛ و شاندێكی یاوەریان كرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە، كە وێنەیەكی بۆ bozhin  نێردراوە، شاندی یەكێتی مامۆستایان بە ‌بۆنەی كۆتاییهاتنی ئەزموونە گشتییەكانی ساڵی خوێندنی (٢٠١٥ ـ ٢٠١٦) پیرۆزباییان ئاراستەی وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد و دەستخۆشییان لە مامۆستایانی هەرێمی كوردستان كرد، كەوا چالاكانە بەشداری پڕۆسەی تاقیكردنەوە گشتییەكان بوون و سەرەڕای ئەم بارودۆخەی هەرێمی كوردستان نەیانهێشت هۆڵی تاقیكردنەوەكان چۆڵ ببێت و دڵی دایك و باوكی قوتابی و خوێندكارەكان ساردبێتەوە لە ئاست خوێندن لە هەرێمی كوردستان.

لای خۆشیەوە، وەزیری پەروەردەش هاوڕای شاندەكەی یەكێتی مامۆستایان سوپاسی هەموو مامۆستایانی كرد، كە پڕۆسەكەیان بە سەركەوتوویەوە تێپەڕاند و وتیشی: “هەمیشە ئەم توێژە مەزنە ڕێگەیان نەداوە نیشتمانەكەیان بكەوێتە بەر مەترسی نەخوێندن”.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، وەزیری پەروەردە‌ بەڵینی بە یەكێتی مامۆستایان دا ‌‌ كەوا لە ڕێگای نووسراویك بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بكرێت ڕێزبەندی مووچەی وەزارەتی پەروەردە چارەسەر بكرێت.

وەزیری پەروەردە ڕاشیگەیاندوە، هەمیشە خۆم لە هەموو كەس بە دڵسۆزتر دەزانم بۆ مامۆستایان و مامۆستایان بە بڕبڕەی پێشكەوتنی كۆمەڵگەكەمان دەزانم، بۆیە وەك چۆن لە پێشدا بۆ ئەم توێژە ماندووبوومە، تا وەزیری پەروەردە بمێنمەوە و لە داهاتوویشدا خەمخۆریان دەبم و بەرگریكارێكی سەرسەختی مافەمانیان دەبم.

لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ و باس لەسەر‌ بڕوانامەی (كلیە مفتوحە) بۆ مامۆستایان كرا كەوا پێشتر لە ‌لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵین درابوو بۆ چارەسەركردنی هەڵگرانی بڕوانامەی ئەم كۆلیژە.



سه‌رچاوه‌ماڵپەری بۆژین

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات