مەكتەبی سیاسی پارتی ڕاگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوە گۆڕان دوا مۆڵەت دەداتە پارتی

bozhin
مەكتەبی سیاسی پارتی ڕاگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوە گۆڕان دوا مۆڵەت دەداتە پارتی

مەكتەبی سیاسی پارتی ڕاگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوە گۆڕان دوا مۆڵەت دەداتە پارتی مەكتەبی سیاسی پارتی ڕاگەیەنراوێك لەسەر دواین هەوڵی لایەنەكان بۆ گەیشتنەچارەسەر لەسەر دۆخی سیاسی هەرێم بڵاو دەكاتەوە، داواش دەكات كۆبونەوەكان بەردەوامیان هەبێت.
هەر لە ڕاگەیەنراوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی بڵاوكراوەتەوە، كە پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیری تەواوی ئەو هەوڵانە و بەردەوامی گفتوگۆكان دەكات و باوەڕی تەواوی بە چارەسەری كێشەكان‌ لە رێگای دیالۆگەوه هەیە.
هەروەها تێدا هاتووە، كە بەپێویستی دەزانین كە هەلومەرجی ئێستای ناوچەكە رەچاوبكرێت و توانای بەكارهێنانی ئەو هەلومەرجانەمان هەبێت بەسوودی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان.

دەقەی ڕاگەیەنراوەكە:

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رۆژی یەكشەممە، رێكەوتی ٣١ی ٧ی ٢٠١٦ كۆبوویەوە و، لەمیانی كۆبوونەوەكەیشدا هەڵسەنگاندنێكی ئەرێنی كرا بۆ گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانی بەڕێز د.فوئاد حوسێن كە لەسەر راسپاردە و دەستپێشخەری بەڕێز جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كێشەكان و رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستانی كۆبوونەوەی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكاندا ئەنجام دابوو.
كۆبوونەوە ئەم هەنگاوانەی لە راستایی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئامانجە ستراتیژییەكان و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلەكەمان لە قەڵەمدا، لەم سۆنگەوە پارتی دیموكراتی كوردستان پشتگیری تەواوی ئەو هەوڵانە و بەردەوامی گفتوگۆكان دەكات و باوەڕی تەواوی بە چارەسەری كێشەكان‌ لە رێگای دیالۆگەوه هەیە‌.
هەروەها بەپێویستی دەزانین كە هەلومەرجی ئێستای ناوچەكە رەچاوبكرێت و توانای بەكارهێنانی ئەو هەلومەرجانەمان هەبێت بەسوودی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان.
مەحموود محەممەد
گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان
٣١ی ٧ی ٢٠١٦

وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، ئەم دۆخەی ئێستا تەنها پارتی دەتوانێت ڕاست بكاتەوە، ئەگەر ئێمەش زانیمان هەر لەسەر هەڵوێستەكانی خۆی سور دەبێت وە نایەتە ژێر بار ئەوا ئەم دۆخە لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان چارەسەر دەكرێت، دەشڵێت:”لە دوای ڕێكەوتنەكەمان لەگەڵ یەكێتی بیرمان لە سیناریۆی دیكە كردۆتەوە”.

شۆرش حاجی ؛ وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان؛ بە دەنگی ئەمریكای دەڵێت:”فواد حسێن سەردانی گۆڕان و لایەنەكانی تری كرد تا گوێی لە پێشنیار و داواكارییەكانیان بگرێت بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی ئێستای هەرێمی كوردستان ئێمەش قسە و پێشنیاری خۆمان پێ وتووە و چاوەڕێین وەڵامی ئێمە بباتەوە بۆ كاك مەسعود و دواتر وەڵامی وەڵامەكانی ئێمە بداتەوە”.

دەشڵێت:”هەڵوێستی خۆمان بەوان وتووە ئیتر بزانین پارتی قبوڵی دەكات یان نا؟چونكە پارتی خۆی ئەم دۆخەی تێكداوە و ئەگەر مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان بێت ئەوا هەر خۆی دەتوانێت دۆخەكە چاكبكاتەوە، خۆ ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان سور بێت لەسەر هەڵوێستی خۆی ئەوا چیتر پێویست بە كۆبونەوە ناكات”.

ڕاشیگەیاندوە ، تا ئەم ساتە پێمان وایە ئەم دۆخەی ئێستا بە تەنها بە پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاست دەبێتەوە خۆ ئەگەر ئێمەش زانیمان پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لەسەر هەڵوێستەكانی خۆی سور دەبێت وە نایەتە ژێر بار تا ئەم دۆخە لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستان چارەسەر بكرێت ئەوا ئێمە لە دوای ڕێكەوتنەكەمان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بیرمان لە سیناریۆی تر كردۆتەوە.

ئاشكراشكیرد ، بە تەنها یەكێتی و گۆڕان نین كە بیریان لە سیناریۆی نوێ كردۆتەوە، بەڵكو لەگەڵ هەموو لایەنەكان بیریان لە سیناریۆی تر كردۆتەوە و لە ئێستاشدا چاوەڕێی ئەوەین ئەمجارە د.فواد حسێن دەستپێشخەری كردوە و وەڵامەكەی خۆی وەرگرتووە بزانین وەڵامی ئەوان چی دەبێت.

شۆڕش حاجی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، پارتی دیموكراتی كوردستان تا ئەم كاتە سورە لەسەر هەڵوێست و داوای خۆی كە ساڵی ڕابردوو لە دواین كۆبونەوەی پێنج قۆڵی لە هۆتێل شاری جوان خستیە بەردەم لایەنەكان و بووە هۆی بەبنبەستگەیشتنی كۆبونەوەكان.



سه‌رچاوه‌ماڵپەری بۆژین

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات