پشكی هەرێم‌و پارێزگاكان لەدامەزراوەكانی فیدراڵی زیاددەكرێت

kirkuknow1kurdish

parlamani iraq
خەندان-

بەپێی یاسایەكی نوێ كە پەرلەمانی عیراق پەسەندیكردووە، پێویستە بەشداری هەرێم و پارێزگاكانی دیكەی عێراق، لە نێو دەزگاكانی فیدراڵی هاوسەنگ بكرێت و دەستەیەكیش بۆ ئەو مەبەستە پێكدێت كە هەر پارێزگایەك ئەندامێكی لەدەستەكە دەبێـت.

پەرلەمانی عێراق، لە دانیشتنی سێشەمەی رابردوو، یاسای دەستەی گشتی پاراستنی مافی هەرێم و پارێزگاكانی عێراقی  پەسەندكرد، كە بەپێی ماددەی دووی یاساكە ئامانج لە یاساكە پاراستنی مافی هەرێمەكانە بۆ بەشدارییەكی یەكسان، لە دەزگا دەوڵەتیە جۆراوجۆرەكانی فیدراڵی و هەروەها دەستەبەری خوێندن بۆ پارێزگاكان بەشداری نوێنەری پارێزگاكان لەشاندەكانی كۆنگرە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان.

بەبروای ئەمین بەكر ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق، یاساكە بۆ هەرێمی كوردستان گرنگی زۆرە، چونكە رێژەی كورد لە دەزگاكانی فیدراڵی وەك پێویست نییە.

ئەمین بەكر بۆ خەندان رونیكردەوە، بەپێی یاساكە بەشداری هەرێم و پارێزگاكانی دیكە كە پشكیان كەمە لە دامەزراوەكانی فیدراڵی زیاد دەكات، چونكە ئێستا بەشداری كورد لە دامەزراوەكانی عێراق، وەك پێویست نییەو كەمە.

پەسەندكردنی ئەو یاسایە لەكاتێكدایە، ماوەی چەندین ساڵە هەرێمی كوردستان و بەشێك لە پارێزگاكانی عیراق رەخنە لە بەغدا دەگرن بەوەی پشكیان كەمە لە لە دامەزراوەكانی فیدراڵی.

بەپێی ماددەی سێی یاساكە، هەر پارێزگایەك نوێنەرێكی لە دەستەی گشتی پاراستنی مافی هەرێمەكان دەبێت و 12 وەزارەت و دەستەش ئەندامیان دەبێت.

شێوازی بڕیاردان لەدەستەكە بە زۆرینەی رەها دەبێت، هەروەها ئەو دەستەیە لە ژێر چاودێری پەرلەمانی عێراق كارەكانی دەكات و راپۆرتی ساڵانەی خۆی دەداتە پەرلەمان.

لە ماددەی پێنجی یاساكەدا هاتووە، دوای ئەوەی پەرلەمان بریارەكانی دەستەی گشتی مافی هەرێمەكان پەسەند دەكات، بریارەكان پابەندكەر دەبێـت بۆ دەزگای پەیوەندیدار.

سامان فەتاح ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی عێراق بەخەندانی وت “یاساكە گرنگی تایبەتی بۆ هەرێم هەیە و دەبێتە پردی پەیوەندی لەنێوان هەرێم و ناوەند”.

بەوتەی سامان، ئامانجی سەرەكی یاساكە پاراستنی مافی پارێزگاكانە لەهاوبەشی لە دەسەڵات، بۆیە یاساكە پەیوەندی بە دارایی نێوان هەریم و ناوەند یان پارێزگاكان و ناوەندی تێدا نییە.

ئەندامانی دەستەكە بەپێی برگەی دو و سێی ماددەی سێی یاساكە لەهەرێم، پەرلەمانی كوردستان پەسەندی دەكات، لە پارێزگاكانی دیكەی عێراقیش ئەنجومەنی پارێزگاكان پەسەندیان دەكەن پلەكانیان بەڕێوەبەری گشتی دەبێت.

دەستەكە، جێگرو سەرۆك و بریاردەری دەبێـت و سێ مانگ جارێك كۆدەبێتەوە.

عەباس بەیاتی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیستی دەوڵەتی یاسا رۆژی سێ شەممە دوای پەسەندكردنی یاساكە  بەخەندانی راگەیاند، دەستەكە بەشێوەیەكی بەرچاو ناكۆكیەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و پارێزگاكان كەمدەكاتەوە.

بەوتەی بەیاتی، پێویستە هەرێم نوێنەری خۆی دەستنیشان بكات بۆ ئەو دەستەیە تا لە ڕێگەیەوە ماف و ئیمتیازەكانی هەرێم و پارێزگاكان دەستەبەر بكرێت.



سه‌رچاوه‌Kirkuk Now

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات