عەبادی: کارەبا رادەستی کەرتی تایبەت دەکەین

chalack

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: کارەبا رادەستی کەرتی تایبەت دەکەن و دەبێت ٢٤ سەعات کارەبا بۆ ھاووڵاتیان دابین بکرێت. وتیشی: دەبێت پارێزگاکان پابەند بن بە پشکەکانیانەوە.
لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگارانی عێراق، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران داوای کرد کۆتایی بە ناکوکی نێوان پارێزگاکان بھێنرێت لەسەر وزەی کارەبا و دەبێت ھەموویان پابەند بن بەو پشکەی کە بۆی دانراوە و نابێت ھیچ پارێزگایەک بڕیاری سەربەخۆ لەبارەی کارەباوە بدات. عەبادی وتی: بیرمان لەوە کردۆتەوە کە کارەبا رادەستی کەرتی تایبەت بکەین بۆ ئەوەی پێوەری تایبەت لە ماڵان و بازارەکان دابنرێت ئەوەش بۆ ئەوەی ٢٤ سەعات کارەبا دابین بکرێت و لەوکاتەدا بارگرانی لەسەر خێزان و ھاووڵاتیان کەمتردەبێت چونکە مولیدە ئەھلییەکان نامێنێت کە ھاووڵاتیان مانگانە پارە دەدەنە خاوەن ئەو مولیدە ئەھلیانە.
عەبادی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئامانج و پلانمان پێدانی زۆرترین رێژەی کارەبایە بە ھاووڵاتیان کە لە ئێستادا کار بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامە و پلانیش دانراوە بۆ نەھشتنی فشاری سەر وێستگەکان و دابینکردنی تیمی ئەندازیاری بەردەوام لە کاتی پێویستدا ، ھەروەھا فەراھەمکردنی بەرھەمە نەوتییەکان ، بۆیە لە کۆی ئەم پلانانە ١٤ ھەزار و ٣٥٥ میگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنرێت کە بەرزترین ئاست دەبێت لە عێراقدا. عەبادی وتیشی دەوڵەت زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار بۆ کەرتی کارەبا سەرف دەکات بۆیە بەجێبەجێکردنی پلانی نوێ دەکرێت ئەو بڕە پارەیە بۆ ھەژاران سەرف بکرێت. عەبادی داوایی لە پارێزگارەکان کرد کە لەو پلانە نوێیەدا ھاوکاری دەوڵەت بکەن چونکە حکومەت رێگەیەکی راست و دروستی گرتووتە بەر و لە ھاوینی داھاتوودا کارەبا زۆر باشتر دەبێت. سەرۆک وەزیرانی عێراق داواشیکرد کە پێویستە ھەموو پارێزگاکان پابەند بن بەو پشکەی کارەبا کە بۆیان دابین دەکرێت چونکە پابەند نەبوونیان زیان بە پارێزگاکانی تر دەگەیەنێت و لەو رووەشەوە پارێزگای بەغدادی پایتەخت زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. سەرباری ئەوەش حەیدەر عەبادی پابەندبوونی حکومەتەکەی بە سیستمی لامەرکەزییەتی ئیداری دووپاتکردەوە و ئاماژە بۆ ئەوە کرد کە لەو چوارچێوەیەدا چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری ھەن کە پارێزگاکان دەتوانن جێبەجێی بکەن بە بێ ئەوەی بگەڕێنەوە ناوەند.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا عەبادی سەرسورمانی خۆی نیشاندا لەوەی چەند بەرپرسێکی عێراق پارەی کارەبا نادەن ، بۆیە داوای کرد ھەموو بەرپرسەکان بە خۆیشەوە کە سەرۆک وەزیرانە یەکەم کەس بن کە پارەی کارەبا بدەن.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات