ئیتاڵیا ھەڵمەتێکی راگەیاندنی خستۆتەگەڕ بۆ ھۆشیارکردنەوەی کۆچبەران

harem

ئیتاڵیا ھەڵمەتێکی راگەیاندنی خستۆتەگەر بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی رێی ھات و نەھات دەگرنەبەر و سەرکێشی بە ژیانیانەوە دەکەن بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا لەرێی بیابانی ئەفریقا و دەریای ناوەراستەوە.

ئەو ھەڵمەتە بری یەک ملیۆن و ٥ سەد ھەزار دۆلاری بۆ تەرخان کراوە و تیایدا دەیان کۆچبەر بە تۆماری دەنگ و رەنگ ئەو کەسانە ئاگادار دەکەنەوە کە بەنیازن لەو رێیەوە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا.

بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ کە بەشداری لەو ھەڵمەتەدا کردووە، تەنیا لەماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە ٣ ھەزار کەس لە ھەوڵی گەیشتن بە ئەوروپا لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لە رۆمای پایتەخت، رێکخەرانی ئەو ھەڵمەتە چەندین دیمەنی کاریگەریان لە دانپیانانی ئەو کۆچبەرانە خستۆتەروو کە تیایدا باسیان لە نەھامەتیەکانی ئەو ریگەیە کردووە.

ھەڵمەتەکە لەرێ ی چەندین تۆری کۆمەڵایەتیی وەک فەیسبوک و تویتەر و یوتیوب و ئینستاگرامەوە بانگەشەی بۆ دەکرێت. 

لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاوین و باشبونی کەش و ھەوادا ، لەئێستادا دەریای ناوەراست بۆتە ریگەی سەرەکیی ئەو کۆچبەرانەی کە زۆربەیان لە وڵاتانی ئەفریقاوە بەرێ دەکەون لە ھەوڵێکدا بۆ گەیشتن بە یەکێک لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپادا. 

دوای داخستنی سنورەکانی وڵاتانی باڵکانیش بەروی ئەو کۆچبەرانەدا کە بە لێشاو بەرەو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپادا بەرێ دەکەوتن و دوای ئیمزاکردنی رێکەوتنامەکەی نێوان تورکیاو ئەوروپا بۆ رێگریکردن لە بەرێ کەوتنی ژمارەیەکی زیاتر لە کۆچبەران بەرەو ئەوروپا و گەراندنەوەی ژمارەیەک لەو کۆچبەرانە لە یۆنانەوە بۆ تورکیا، لەئێستادا ئیتاڵیا بۆتە سەرەکیترین وێستگە بۆ ئەو کۆچبەرانەی خەون بە ژیانێکی باشترەوە دەبینن لە یەکێک لە وڵاتانی ئەوروپادا.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات