نرخی كارەبای مۆلیدە بۆ مانگی ئاب دياريكرا پێدانی كارەبا لە مانگی 9دا بەم شێوەیە دەبێت

bozhin
نرخی كارەبای مۆلیدە بۆ مانگی ئاب دياريكرا پێدانی كارەبا لە مانگی 9دا بەم شێوەیە دەبێت

بەرپرسێكی كارەبای هەرێم ڕایگەیاند، لە مانگی داهاتوودا دۆخی كارەبا باشتر دەبێت ‌و پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتیان زیاتر دەكەن.

ئومێد محەمەد ؛بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم؛  ئاشكرای كرد، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەیەك لە بارەی دانانی بەرنامەیەكی نوێ‌ بۆ پێدانی كارەبا ئەنجام دەدرێت.

ئەو بەرپرسەی كارەبا ئەوەشی ئاشكرا كرد، سەرەتای مانگی 9 ئەگەر كارەبای نیشتمانی زیاتر نەدرێت، كەمتر نابێتەوە، بۆیە پێشبینی ئەوە دەكەین پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا زیاتر بێت، كە لە ئێستادا ڕۆژانە 16 كاتژمێر دابین دەكرێت.

ئومێد محەمەد وتیشی: “بەهۆی نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما بە دیاری كراوی لە ناوەڕاستی مانگی 9 كارەبای نیشتمانی زیاد دەكات، چونكە نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما وا دەكات، خواست لە سەر كارەبا كەمبێتەوە”.

لەگەڵ زیادبوونی  پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتیان كاتەكانی كارەبای مۆلیدە كەمدەبێتەوە و بەمەش بڕێكی كەمتر پارەی مۆلیدە لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت، كە لەم قەیرانە داراییەدا قورسایی بۆ سەر هاوڵاتیان دروست كردووە.

نرخی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی (ئاب) دیاریكراو نرخی ئەمپێرێك لەنێوان (9.500) دینار بۆ (10.250) دینار دەبێت، هاوكات بەرنامەی مانگی ئەیلولیش دانراو موەلیدەكانیش 24 كاتژمێر ئامادە دەبن هەركات كارەبای نیشتمانی بڕا ئەوان كارەبا دابین دەكەن.

لەكۆبونەوەیەكدا كە لەبەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای سلێمانی بەڕێوەچوو، هەریەك ئەندازیار سالار حسام الدین بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی و نوێنەری ئاسایشی ئابووری و بەرێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی و بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای سلێمانی و بەرێوەبەری تەنكیكی لەبەرێوەبەرایەتی وەرشەی مەركەزی كە سەرپەرشتی كاری موەلیدە ئەهلییەكان دەكات ‌و نوێنەری موەلیدە ئەهلییەكان ئامادەیبوون.

تیایدا نرخی كارەبای مولیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی ئاب بەگوێرەی نرخی گاوزایل لەبازاڕدا دیاریكراو نرخی كاتژمێرێك ئەمپێر بە(42) دینار دانرا، واتە ئەگەر موەلیدەیەك لەمانگی ئابدا (240) كاتژمێر كاری كردبێت (10) هەزار دینار بۆ یەك ئەمپێر دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە موەلیدەكان پێوەری كاركردنیان بۆ دانراوە رەنگە نرخی ئەمپێرێك لەنێوان (9.500) دینار بۆ (10.250) دینار بێت.

لەكۆبوونەوەكەدا جەخت كرایەوە كە پێویستە بەرنامەی موەلیدە ئەهلییەكان لە(24) كاتژمێردا هەركاتێك كارەبای نیشتمانی كوژایەوە ئەوان كارەبا بە هاووڵاتیانبدەن و پێویستیشە كارپێكەری لای موەلیدەكانیان موەلیدەكان ئامادە بن و دوانەكەون، بەپێچەوانەوە بەسەرپێچی ئەژمار دەكرێت.

هەروەها پێویستە هەموو خاوەن موەلیدەیەك پسوڵەی نرخی مانگانەی ئەمپێری كارەبا كە لەوەرشەی ناوەندی سلێمانی سەربەبەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی دەردەچێت لای موەلیدەكەی هەڵبواسێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بزانن پارەی موەلیدەی گەڕەگەكەیان بە فەرمی چەندە، بەپێچەوانەوە بە(100) هەزار دینار غەرامە دەكرێن.

سەبارەت بەموەلیدەی قەزاو ناحیەكانی سنووری پارێزگای سلێمانیش، بەهەمان نرخی ناوشارو لەكۆتایی مانگدا پارە كۆدەكرێتەوە.



سه‌رچاوه‌ماڵپەری بۆژین

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات