وەزیری پارەكە… لەدورخستنەوە نزیكە

kirkuknow1kurdish
هۆشیار زێباری‌ وه‌زیری‌ دارایی

هۆشیار زێباری‌ وه‌زیری‌ دارایی

هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عیراق، نزیكەی لەوەی متمانەی لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە لێبسەنرێتەوە، دوای ئەوەی وەڵامەكانی لەبارەی تۆمەتباركردنی بەگەندەڵی بڕواپێكەر نەبوون‌و لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانی عیراقەوە بەنەخێر درایەوە.

شەممەی رابردوو هۆشیار زێباری كە لەسەر پشكی پارتی ئەو پۆستەی وەرگرتووە، بۆ لێپێچینەوە بانگهێشتی دانیشتنی پەرلەمانی عیراق كرا، كە تۆمەتباركراوە بەگەندەڵی‌و بەهەدەردانی پارەی وەزارەتەكەی.

زێباری وەڵامی زۆرێك لەپرسیارەكانی پەرلەمانتارنی دایەوە تۆمەتەكانی سەری رەتكردەوە، بەڵام دواتر بەكۆی دەنگی پەرلەمانتاران وەڵامەكانی بەنەخێر رەتكرایەوەو بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە هەفتەی داهاتوو مەسەلەی متمانە لێسەندنەوەی بخرێتە دەنگدانەوە.

تارق گەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاندووە “پارتی گلەیی یەكجار زۆری لەفراكسیۆنە كوردستانییەكانی دیكە هەیەو نیگەرانە لە هەڵوێستەكانیان، بەتایبەتیش فراكسیۆنەكانی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی، چونكە هەندێك لە پەرلەمانتارەكانیان بەشداری پیلانگێڕی دژی وەزیری داراییان كردووە”.

ئەوەش لەكاتێكدایە پەرلەمانی عیراق لەم خولەیدا چالاك دەركەوتووەو هەفتەی رابردوتریش متمانەی لەوەزیری بەرگری عیراق سەندەوە.

تارق گەردی بەماڵپەڕی رووداو-ی وتووە “پارتی بەهەمووشێوەیەك هەوڵدەدات رێگری بكات لە وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی عێراق و لەوبارەوە تەواوی تواناكانی خۆی دەخاتەكار… وەرگرتنەوە متمانە لە زێباری وەك خالید عوبەیدی  ئاسان نابێت”.

پرۆسەی دەنگدان لەسەر وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی عیراق دەكەوێتە هەفتەی داهاتوو.

بەڵام سامان فەتاح، ئەندامی‌ فراكسیۆنی‌ یەكێتی‌ لەپەرلەمانی‌ عیراق رایگەیاندووە “ئەگەر لەم هەفتەیەدا ڕێككەوتنی‌ سیاسی‌ نەكرێت بۆ ئەوەی‌ متمانە لەوەزیری‌ دارایی‌ نەسەنرێـتەوە، ئەوە زۆربەی‌ بۆچوونەكان بەو ئاراستەیەن كە متمانەی‌ لێوەربگیرێتەوە”.

ئەوەش لەكاتێكدایە رێككەوتنی سیاسی بۆ ئەو بابەتە لەعیراقی ئێستادا قورسە، بەهۆی بوونی كەلێنی گەورەی نێوان لایەنە سیاسییەكان‌و تەنانەت ناكۆكی نێو ماڵی كوردو شیعەو سونە.



سه‌رچاوه‌Kirkuk Now

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات