کۆمەڵێک بەڵگەنامە لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیاو داعش بڵاوکرانەوە

chalack

ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی خۆرئاوای کوردستان کۆمەڵێک بەڵگەنامەی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی حکومەتی تورکیا و گروپی تیرۆریستی داعش ئاشکراکرد.
لەو بەڵگەنامانەدا کە لە دۆسێیەکی تایبەت بەناوی “داعش و تورکیا”وە بڵاوکراونەتەوەو وێنەیەکی بۆ کوردسات نیوز نێردراوە، ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆرئاوا روونیدەکاتەوە کە تورکیا لەرێی مەشق و رەوانەکردی چەک و ئاسانکردنی ھاتووچۆی چەکدارەکانی داعش ھاوکاری ئەو گروپە تیرۆریستییەی کردووە.
بەڵگەنامەکان لەکاتی ئەو ئۆپراسیۆنانەدا دەستیان بەسەردا گیراوە کە شەڕڤانان لە دژی گروپە تیرۆریستییەکانی سوریا ئەنجامیان داون و بوونی ھاووڵاتی تورکیا لەناو ریزی گروپە تیرۆریستییەکان دەسەلمێنن.
بەشێکی بەڵگەنامەکان تایبەتن بە پاسپۆرت و ڤیزای ئەو تیرۆریستە بیانییانەی کە لەچەند وڵاتێکی وەک کازاخستان و سربیا و ئەندەنوسیا و میسر و سعودییەوە چوونەتە تورکیا و لەوێشەوە خۆیان گەیاندۆتە ناو ریزەکانی داعش.
لە بەشێکی تری بەڵگەنامەکاندا شێوازی ھەماھەنگی تیرۆریستانی داعش لەنێوان سوریا و تورکیا و بازرگانیکردنیان لە دەروازەکانی تورکیا ئاشکراکراون.
لە کۆتایی بەڵگەنامەکانیشدا دانپێدانانی ژمارەیەک لە تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان بڵاوکراوەنەتەوە تێیاندا دان بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و داعشدا دەنێن.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات