عیراق نەوتی كەركوك بەكێ دەفرۆشێت؟

kirkuknow1kurdish

oil-pumpjack
حكومەتی عیراق پلانی هەیە بۆ فرۆشتنی نەوتی خاوی كەركوك لەڕێگای ئێرانەوە ئەگەر دانوستانەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێم سەبارەت بە رێككەوتنێك بۆ دابەشكردنی داهاتی نەوت شكست بهێنێت، ئەمەش بەوتەی بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی نەوتی عیراق.

فەیاز حەسەن نیعمە، بریكاری وەزیری نەوتی عیراق، دوێنێ ئێوارە لەبەغداوە لەمیانی چاوپێكەوتنێكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ رۆیتەرز ڕایگەیاندووە”كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت سەربە حكومەتی عیراق(سۆمۆ) بەنیازە دانوستان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بكات، ڕەنگە بكەوێتە هەفتەی ئایندەوە، سەبارەت بەهەناردەكردنی ئەو نەوتەی لەڕێگای توركیاوە هەناردەدەكرێت”.

بریكاری وەزیری نەوتی عیراق وتیشی”ئەگەر دانوستانەكان شكستبهێنن‌و رێكەوتنی لێ نەكەوێتەوە، ئێمە دەستدەكەین بە دۆزینەوەی رێگایەك بۆ ئەوەی نەوتی خۆمان بفرۆشین ئیتر یان بە ئێران یان دەوڵەتانی تر، چونكە پێویستمان بە پارەیە”.

عیراق، كە دووەمین گەورەترین بەرهەمهێنی نەوتی وڵاتانی ئۆپیكە لەدوای سعودیە، داهاتی نەوت %95 ی كۆی داهاتی گشتی وڵات پێكدەهێنێت‌و هەوڵدەدات هەناردەی نەوتی خۆی زیاتربكات بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانە داراییەی بەهۆی دابەزینی نرخەكانی نەوت و شەڕی داعشەوە بەرۆكی عیراقی گرتووە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت لەسەر خاكی خۆی بەرهەمدەهێنێت‌و لەرێگای توركیاوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهانی دەكات، بەغدا ناتوانێت ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بۆ ئێران بنێرێت، بەڵام دەتوانێت  رۆژانە نزیكەی 150 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك بۆ ئێران بنێرێت‌و بە رێككەوتنێكی فەرمی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دەتوانێت بەردەوامی بدات بەهەناردەی نەوتی كێڵگەكانی كەركوك.

بەرپرسێكی كەرتی نەوتی عیراق كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، بەسەرچاوەكەی راگەیاندووە”رێكەوتنێك لەنێوان ئێران‌و عیراقدا دەتوانرێت بكرێت هاوشێوەی ئەو رێكەوتنە نەوتیانەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی سەر دەریای خەزەردا هەیەتی”.

بەشێوەیەك ئێران نەوتی عیراق بۆ پاڵاوگەكانی خۆی هاوردە بكات و بڕێكی یەكسان لە نەوتی خاوی خۆی بە ناوی بەغداوە لە بەندەرەكانی ئێرانەوە لەسەر كەنداوی فارس هەناردەی بازاڕەكانی جیهان بكات.

عیراق خۆی بەندەری هەیە لە سەر كەنداو، بەڵام بەندەرەكانی شاری بەسرەی باشووری عیراق بە بۆری گرێنەدراونەتەوە بە كێڵگەكانی كەركوكەوە.

18ی ئەم مانگە كۆمپانیای نەوتی باكوور وەكو پیشاندانی نیازپاكییەك دەستیكردەوە بە هەناردەكردنی نەوتی خاوی كێڵگەكانی پارێزگای كەركوك لەرێگای بۆری نەوتی حكومەتی هەرێم.

بەوتەی بریكاری وەزیری نەوتی عیراق دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت بە ڕێنمایی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق بووە دوای “هەندێك تێگەیشتن”لەنێوان بەغداو هەولێردا.

عەبادی رۆژی سێشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند ئەو بڕیارە دراوە بۆ ئەوەی نەهێڵرێت زیان بە یەدەگی نەوتی كەركوك بكەوێت.

جەختیشیكردەوە لەهەفتەی ڕابردوەوە هەناردەی نەوتی خاوی كێڵگەكانی كەركوك، لەرێی بۆری نەوتبەری هەرێمەوە گەیشتووەتە 100 هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا.

مانگی ئازاری ئەمساڵ بەهۆی هەبوونی كێشە لەسەر سیاسەتی نەوت لەنێوان هەرێم‌و بەغدا، هەناردەی نەوتی كەركوك لەڕێی هەرێمەوە راگیرا.

بریكاری وەزارەتی نەوتی عیراق ئاشكراشیكرد”ئەگەر رێكەوتن لەگەڵ كوردەكاندا بكرێت، ئەوا دەتوانرێت هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ زیاتر لە 100 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا زیاتربكرێت، نەك بۆ ئاستی پێشوتری 150 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا، چونكە بەوتەی ئەو، نزیكەی 20 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا بۆ پاڵاوگەی سلێمانی دابیندەكرێت‌و 30 هەزار بەرمیل نەوتی دیكەش لەرۆژێكدا لەناوخۆی كەركوكدا دەپاڵێورێت”.

رۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە لەهەولێر ئاشكرایكردووە جیاكردنەوەی  هەناردەكردنی نەوتی كەركوك كوردەكان دابەشدەكات‌و ئەركی شەڕكردن لەگەڵ چەكدارانی داعشدا قورستردەكات.

ئەمساڵ عیراق بە زەحمەت توانیویەتی هەناردەكردنی نەوتی خۆی زیاتر بكات، بەشێك لە هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ناكۆكی لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا، هەرشكستێك لەوەی هەردولا بگەنە ڕێكەوتنێكی سیاسی ڕەنگە هەناردەكردنی ئەمجارەی نەوت لەرێگای كەركوكەوە بخاتە مەترسییەوە، ئەوەش بەپێی بڵومبێرگ.

هەرسی كێڵگە نەوتییەكەی كەركوك، بابەگوڕگوڕ، بای حەسەن، خەبازە پێكەوە دەتوانن بڕی 150 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێكدا بۆ هەناردەكردن بەرهەمبهێنن.

كۆتایی ساڵی 2014 حكومەتی ناوەندی بەغدا‌و هەرێم رێكەوتنێكیان واژۆكرد بۆ ئەوەی لەبەرانبەر سەدا 17ی بەشەبودجەی هەرێم، 550 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە (300 هەزاری كەركوك‌و 250 هەزاری هەرێم) لەرێی بۆری نەوتبەری هەرێمەوە‌و بەچاودێری كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی خاوی عیراق (سۆمۆ) هەناردەبكرێت.

ئەو رێككەوتنە كەمتر لەشەش مانگ بەرەخنە‌و گلەیی هەردوولاوە كاری لەسەركرا‌و دواتر، حكومەتی هەرێم لەناوەڕاستی ساڵی رابردوودا سەربەخۆ نەوتی خۆی هەناردەی دەرەوە كرد‌و فرۆشتی.

جەبار لوعێبی، كە لە 15ی ئەم مانگەدا وەكو وەزیری نوێی نەوتی عیراق دەستبەكاربوو، لەیەكەم لێدوانیدا هیوای خواست كە لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا بگەنە رێكەوتنێكی نوێ و ناكۆكییەكان چارەسەربكەن.

بەپێی بڵومبێرگ، هەردوو حكومەتی بەغدا‌و هەرێم دەتوانن سوود وەربگرن لەرێككەوتنێكی نوێ، چونكە دوای زیاتر لە دوو ساڵ لەشەڕی دژی داعش و دابەزینی نرخەكانی نەوت، هەردولا قەیرانی دارایی و كورتهێنانی بودجەیان هەیە.

سێشەممەی ڕابردوو 23ی ئەم مانگە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەپرێس كۆنفرانسێكدا ڕایگەیاند، ئێستا عیراق و هەرێمی كوردستان پێكەوە رۆژانە بڕی (3.8 ) ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەدەكەن.

بەبڕوای هانا  پۆپی، شرۆڤەكار لە ڕیزك ئەدڤایسری گروپ لە لەندەن”ئەوە لەبەرژەوەندی هەردوو حكومەتدایە كە لەمكاتەدا هەوڵبدەن ئەوەندەی دەتوانن داهاتیان دەستبكەوێت، بەڵام ڕەنگە لەماوەی درێژخایەندا نەتوانرێت بەردەوام بێت، بەشێوەیەكی سانا لەبەر ناكۆكییە سیاسییە فراوانترەكان”.

كەركوك ناو – خەندان



سه‌رچاوه‌Kirkuk Now

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات