رێژەی ١٠%ی ئەو کۆچبەرانەی گەیشتوونە ئەوروپا عێراقین

harem

تائێستا ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان سەرکەوتوو نەبوون لەسنوورداکردنی شەپۆلی کۆچبەرانی نایاسایی و رۆژانەش ھەواڵی گەیشتن یان رزگارکردن یاخود گیان لەدەستدانی بەشێک لەو کۆچبەرانە بڵاودەبێتەوە کە مەرگ رێی گەیشتنیان بۆ خاکی خەونەکانیان، دەگرێت.

زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە باکوری ئەفریقاوە بەرێدەکەون، ھەوڵ دەدەن لەرێی دەریای ناوەڕاستەوە خۆیان بگەیەننە خاکی ئیتاڵیا یاخود یۆنان کە بە دەروازەیەکی دەریایی نزیک بۆ گەیشتن بە ئەوروپا دادەنرێت.

رۆژی دووشەممەش لە گەورەترین ھەڵمەتی ھێزی دەریایی ئیتاڵیا بۆ بەھاناوەچوونی کۆچبەرە نایاساییەکان، ٦ ھەزار و ٥٠٠ کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا رزگار کران.

ئاژانسی ھەواڵی “ئەنسا”ی ئیتاڵی بڵاویکردەوە کە کۆچبەرەکان لە ٤٠ ھەڵمەتی جیاوازی ھێزی دەریایی وڵاتەکەیان رزگارکراون، کە زۆربەیان لە لیبیاوە ویستویانە خۆیان بگەیەننە ئیتاڵیا و وڵاتانی تری ئەوروپا.

پێشتریش ئیتاڵیا رزگارکردنی ھەزار و ١٠٠ کۆچبەری تری لە ١١ ھەڵمەتی جیاوازدا راگەیاندبوو.

بەپێی نوێترین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ١٠٥ ھەزار کۆچبەری نایاسایی لەرێی دەریاوە خۆیان گەیاندۆتە ئیتاڵیا، بەڵام ھەندێک ئاماری دیکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ژمارەیان تا رۆژی ٢٨ی ئەم مانگە، ١١٢ ھەزار و ٥٠٠ کەس بووە.

لە یۆنانیش گەیشتنی ١٦٣ ھەزار کۆچبەر و لە ئیسپانیاش ٢ ھەزار و ٤٧٦ کۆچبەری نایاسایی تۆمارکراوە.

ئامارەکانی رێکخراوی کۆچ و کۆچبەرانی نێودەوڵەتیش دەریدەخەن کە لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٦ەوە ٢٧١ ھەزار کۆچبەر گەشتوونەتە ئەوروپا کە ٣٠%یان خەڵکی سوریا و ١٦%شیان ئەفغانی و عێراقییەکانیش ١٠%ی کۆچبەرە نایاساییەکان پێکدەھێنن.

ژمارەی ئەو کۆچبەرانەش کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە بێسەروشوێن بوون یاخود گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە ٣ ھەزار و ١٦٧ کەس و، نزیکبۆتەوە لەو ئاستە پێوانەییەی کە ساڵی ٢٠١٥ تۆمار کرا، کە ژمارەکەی ٣ ھەزار و ٧٧١ کۆچبەر بوو.

سەرباری مەترسیداریی ٧٥%ی ئەو رێگانەی کە کۆچبەران دەیگرنەبەر، بەڵام ھێشتا شەپۆلەکە بەرەو ئەوروپا بەردەوامە.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات