عێراق داوا لە سعودییە دەکات باڵیۆزەکەی لە بەغداد بگۆڕێت

chalack

وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە سعودیە کرد سامر سەبھان-ی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە بەغداد بگۆڕێت کە بەردەوام لێدوانەکانی لەسەر رەوشی ناوخۆی عێراق، ناڕەزایی حکومەتی بەغدادی لێدەکەوێتەوە.
“ئەحمەد جەمال” وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند وەزارەتەکەیان داوای لە ھاوتا سعودیەکەی کردووە کە باڵیۆزی خۆی لە بەغداد بگۆڕێت و ھۆکارەکەشی بۆ ھەندێک لێدوان گەڕاندەوە کە بەبەزاندنی سنوری کاری دیپلۆماتی وەسفکرد.
ئەحمەد جەمال وتیشی، باڵیۆزی سعودیە کۆمەڵێک لێدوان و ھەڵوێستی ھەبوون کە پێمانوایە بەزاندنی سنوری دیپلۆماتی و ئەرکەکانی باڵیۆز بوون، لە دواتریشیاندا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ھەندێک میلیشیا لە بەغداد، پیلانیان بۆ تیرۆرکردنی داناوە”. روونیشیکردەوە کە سەرباری ئەوەی داوای بەڵگەیان لە سعودیە و باڵیۆزەکەی کردووە بۆ سەلماندنی بانگەشەی پلانی تیرۆرکردنی سامر سەبھان، بەڵام ھیچ بەڵگەیان پێشکەش نەکردووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ھیواشیخواست کە داوای گۆڕینی باڵیۆزی سعودیە نەبێتە ھۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و ریاز.
لەبەرامبەریشدا، سامر سەبھان باڵیۆزی سعودیە لە بەغداد، رایگەیاند: سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر بە عێراق روون و ئاشکرایە و ھیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەھاتووە، جگە لەوەش، پەیوەندی ریاز لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق دۆستانەیە، ھیواشی خواست پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لەسەرجەم بوارەکاندا پتەوتر بکرێت.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات