پەرلەمانتارێكی یەكێتی: كەركوك لەمەترسییەكی گەورەدایە

kirkuknow1kurdish
شاری كەركوك

شاری كەركوك

رێبوار تەها، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عیراق، هۆشدارییدەدات لەوەی  لەئێستادا كەركوك لەمەترسدایە، سەبارەت بە هێرشەكەی چەند رۆژی رابردووی داعش-یش جەختدەكاتەوە لەوەی لێپرسینەوە لەوانە بكرێت كە مەلەفی ئەمنی شارەكەیان بەدەستەوەیە.

ئەو وتانەی رێبوار تەها، لەوتارێكیدا هاتووە، كە لەپەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردووەتەوەو تیایدا هاتووە “ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا روویدا كارێكی ئاسان نەبوو، بەڵكو پلانێكی ئەقلیمی‌و ناوخۆیی گەورەی لەپشت بوو بۆ تێكدانی ئارامی شارەكە، كە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەو پلانە ئەقلیمیانە لەهەموو كاتێكدا لەئارادایە”.

هەروەها دەپرسێت “ئایا لیژنەی ئەمنی پارێزگای كەركوك پێش رووداوەكە پلانی پێشوەختی بۆ حاڵەتێكی لەو جۆرە گرتبووەبەر؟ لەكاتێكدا ئۆپەراسیونی رزگاركردنەوەی موسڵ دەستیپێكردبوو، كەركوكیش نزیكترین خاڵی گەیشتنە بۆ تیرۆریستانی داعش تادزە بكەنە ناوی، بۆیە ئەگەر لیژنەی ئەمنی بەرچاو روونی هەبووایە دەبوو بیزانیایە كە كەركوك لەمەترسیدا دەبێت تا بەتەواوی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی موسڵ تەواو دەبێت”.

رۆژی هەینی بەهۆی دزەكردنی چەكدارەكانی داعش بۆ ناو كەركوك پشێوی لەگەڕەكانی ئەسراو مەفقودین‌و دۆمیزو مەجیدیە دروستبوو، بەهۆی ئەوەی كەچەكدارەكان رۆیشتبونە نێو باڵەخانەكان و بەقەناس تەقەیان لەپێشمەرگە و هێزە ئەمنیەكان دەكرد.

رێبوار نەها رەخنە لەلیژنەی ئەمنی كەركوك دەگرێت، كە نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك سەرۆكایەتی دەكات‌و دەڵێت “گریمان لیژنەی ئەمنی بەرچاوڕوونی نەبوو، خۆ پێشوەخت بەنووسراوی فەرمی لەبەرزترین دەزگای هەوڵگرییەوە ئاگاداركرابوونەوە لەهێرشی تیرۆریستان بۆ سەر كەركوك‌و دامودەزگا ئەمنییەكان! بۆ دەبێت لەپاش رووداوەكان بكەوینە خۆمان؟ ئەی بۆ پێش رووداوەكان پلان‌و ئامادەكاریمان نەبێت بۆ رێگریكردن لێیان؟”.

ئەوەش لەكاتێكدایە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك خاوەنی سەرووی 11 هەزار ئەفسەرو پۆلیسە، ئەوەش هەر بەوتەی رێبوار تەها، كە یەكێكە لەنوێنەرەكانی كەركوك لەپەرلەمانی عیراق.

لەكۆتاییدا دەنووسێت “راستە ئێستا كەركوك لەمەترسییەكی گەورەدایەو هەمووان بەرپرسیارین لەپاراستنی، بەڵام دەبێت ئەو هەڵە گەورەیە هەروا بەئاسانی تێنەپەڕێت‌و چاوپۆشی لەكەموكوڕی هیچ كەسێك نەكرێت‌و لێپرسینەوە لەكەسانی كەمتەرخەم بكرێت كە مەلەفی ئەمنییان لەئەستۆدایە”.

كەركوك ناو



سه‌رچاوه‌Kirkuk Now

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات