میدیای ئێمە و تیرۆر

arsalan

رۆژنامه‌وانى – سلێمانى:

مسته‌فا زاهيدى

ئێمە كە باسی جەنگ دەكەین، دوو پێناسەو شێوازی جیاوازی جەنگ هەیە كە دەكرێت باسی بكەین. جەنگی كلاسیك و جەنگی مۆدێڕن یان ناباو.

جەنگی كلاسیك

1722102016_mostafa-zahide

بەو شێوەو فۆڕمە لە جەنگ دەوترێت كە لایەنەكانی جەنگ ڕووبەڕووی یەكتر دەوەستنەوەو بە چەك و چۆڵ و سەرباز ڕووبەڕووی یەكتر دەبنەوەو یارییەكە لە مەیدانی جەنگدا ڕوو دەدات.

جەنگی ناباو، یان نا كلاسیك

بە شێوەیەك لە جەنگ دەوترێت كە ناڕێك و پێكە، بە شێوەیەك یارییەكە ڕوون نییە. نموونەی ئەم فۆڕمە لە جەنگ ئەو جەنگە چریكیانە یان ئەو كردەوە خۆكۆژیانەیە كە ڕوو دەدەن. لەم  فۆڕمە لە جەنگدا مەیدانی جەنگ دیاری كراو نییە و هەر شوێن و هەر ساتێك دەكرێت ببێت بە مەیدانی جەنگ و شوێنی جەنگ. هەر سات ئەگەری ئەوە هەیە ئەوەی تەنیشتت ببێت بە یاریكەرێكی جەنگەكە. بەم شێوەیە ئەمە جەنگێكی ناكلاسیك و ناباوە كە دەبێت بە هۆی خولقانی دۆخێك كە دەكرێت “دۆخی ناكاو” ناوی ببەین.

تیرۆر و كردەوە تیرۆریستەكان دەچنە چوارچێوەی جەنگێكی ناباو و ناكلاسیكەوە. تیرۆریستەكان و ئەنجامدەرانی ئەم كردەوەیە مەبەستیان خولقاندنی كەش و هەوای ترسە و دەیانهەوێت زیاتر لە سەر مێنتاڵیتەی جەماوەر كار بكەن وترس و تۆقاندن بچێنن. ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرینگە دەنگدانەوەی كارەكەیە زیاتر لەوەی كە چەند كەس دەبن بە قوربانی ئەم جەنگە. تا زیاتر فەزای ترساندن و تۆقاندن و دۆخی ناكاو زاڵ بێت، ئەوان زیاتر لەم جەنگەدا براوەن. ئەو كەسەی دێتە جەنگێكی تیرۆریستییەوە كە سەرەنجام ناچارە خۆی بتەقێنێتەوە زۆر باش ئەزانێت وەك باری فیزیكی و جەستەیی ئەو رزگاربوونی ئەستەمە. بەڵام ئەو دەنگدانەوەی كارەكەی بۆ گرینگە. خولقاندنی فەزای ترس و تۆقاندنی بۆ گرینگە. ئەم جەنگە كاركردنە لە سەر مێنتاڵیتە و زەینی خەڵك.

میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەشێكن لەو ئامرازانەی كە تیرۆریستەكان بەكاریان دەهێنن بۆ گەیشتن بە ئامانجەكەی خۆیان كە دەنگدانەوەی زیاتری كارە تیرۆریستیەكەیە و خولقاندنی دۆخی ناكاوە. وەك چۆن ئاراس فەتاح ئاماژەی پێ دەدات مەترسیدارترین چركە سات ئەو چركە ساتەیە كە تیرۆریستەكان بتوانن كردەوە تیرۆریستیەكانی خۆیان بە شێوەی راستەوخۆ لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بكەنەوەو لە چەند ساڵی رابردووشدا هەوڵیانداوە بتوانن ئەم كارە بكەن.

رۆژی 21 ی ئۆكتۆبەر، شەڕیك؛ لە كەركووك دەستی پێكردووە. شەڕێك لە نێوان داعش و هێزی پێشمەرگە و خەڵكی خۆبەخش. شەڕێك كە هەموومان چركە بە چركە دەمانهەوێت بزانین بە كوێ گەیشتووە. بەڵام لەم شەڕەدا بەشێكی زۆری میدیای كوردی كەوتوونەتە خزمەتی داعشەوە. ڕووداو چركە بە چركەی شەڕەكە لە شاشەكەی خۆی بڵاو دەكاتەوە. بەردەوام بەڵێنیش ئەدات كە تا كۆتایی ئەم یارییە لە گەڵمانە. ئەوەی ڕووداو و كوردستان 24  و بەشێكی زۆر لە میدیای كوردی دەیكەن، ئەو شتەیە كە داعش دەیهەوێت. نمایش كردنی شەڕەكە چركە بە چركە خولقاندنی دۆخی ناكاو و كاركردنە لە سەر زەین و مێنتاڵیتەی خەڵك بە هەمان شێوە كە داعش دەیهەوێت.

isis-media-teror-rozhnamawany

ئاخۆ ڕووداو و كاناڵە تەلەفیزیۆنەكانیتر بە چ شێوەیەك چ لۆژێكێك ئەم جەنگە لێك ئەدەنەوە؟ هێنانە پێشەوەی جەنگ لە زوومی كامێراكەوە گواستنەوەی جەنگە بۆ هەموو ماڵەكان. مەیدانی جەنگ لە كەركووكەوە دەگوازنەوە بۆ هەموو ماڵێكی كوردستان لە هەر گوند و شارێكی كوردستان. ئەم میدیایانە وەك ریكلامی یارییەكی دووگۆڵی یان وەك نمایشێكی جل و بەرگ چاو لەم جەنگە دەكەن. بەلای ئەوانەوە ئەوەی گرینگە ئەوەیە كە خەڵك زیاتر چاو لە كاناڵەكەیان بكەن و بینەریان زیاتر بێت، وەك چۆن دەكرێت بە نمایشێكی جل و بەرگ خەڵكێكی زۆر وەك بینەر بۆ لای خۆت ڕابكێشیت.

لێرەدایە ئەم میدیایانە، ئەم كاناڵە تەلەفیزیۆنیانە، ئەم ماڵپەڕە ئەنتەرنێتی و پەیجە فەیسبووكی و تویتەریانە، دەبن بە بەشێك لە راگەیاندنی داعش. هیچ پرەنسیپێك بە كاری ئەم كاناڵ و تۆڕە كۆمەڵایەتی و مالپەڕانەوە  دیار نییە. ئەو كاتەی ماڵپەڕێك دەنووسێت ئاگاتان لێیە لە فڵان شوێن پێشمەرگە چی كرد؟ وەك ئەو مانشێتەیان وایە كە دەنووسن ئاگاتان لێیە هەیفا وەهبی چ جلێكی ورووژێنەری لەبەر كردوە؟ یانی گواستنەوەی زانیاری بێ هیچ بنەمایەكی میدیایی  و جەنگ. یانی بە كاڵا كردنی ئەم جەنگە و پێشمەرگە بۆ ڕاكێشانی بینەر.

 له‌ سايتى چاودێرنيوز وه‌رگيراوه‌.

ژماره‌ی خوێنراوه‌ :10

سه‌رچاوه‌رۆژنامه‌وانی

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات