مەکتەبی سیاسیی “ی.ن.ک” پەیامێک ئاراستەی کۆنگرەی حزبی شیوعی کوردستان دەکات

chalack

ھاورێیان و ئەندامانی تێکۆشەر لە شەشەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی کوردستان
سڵاوو رێز..
بەناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەسڵاوێکی گەرمەوە، پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەی شەشەمی حزبی دۆست، حزبی شیوعی کوردستانتان لێ دەکەین کە ئەمرۆ لە ژێر دروشمی (لەپێناو داکۆکیکردن لە بژێوی خەڵک، یەکریزی نیشتمانیی و مافی بڕیاردانی چارەنووس تێدەکۆشین) لە ھەولێری پایتەخت دەستی بەکارەکانی کردووە.
کۆنگرەکەتان لە رەوشێکی دژواری سیاسیی و تەنگژەی بژێوی و گوزەرانی خەڵک و ھەروەھا بەرەنگاری گەلەکەمان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دژی تاریکپەرستان و تیرۆرستانی داعش دەبەسترێت کە پێویستی بەیەکریزی نیشتمانی و پتەوکردنی ھاوخەباتی نێوان ھەموو ھێزە کوردستانییە ھاوئامانج و دەربەستەکان ھەیە.
بەتایبەتیش ئەوانەی دەرک بەمەترسی قۆناغەکە لە کوردستان و لە ئاستی عیراقیش دەکەن کە ئێستا بەداخەوە بزووتنەوەی دیموکراتی و مەدەنی لە عیراقدا کزو لاوازە. ئەم واقیعە ئەرکی رێکخستنەوەی ریزبەندی سیاسیی نێوان رەوت و ھێزە چەپ و دیموکراتخوازەکان دەخاتە ئەستۆی ھەموو لایەکمان.
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و حزبی شیوعی کوردستان وەک دوو حزبی دۆست و دوو ھێزی پەرۆشی ئەرکە ھاوبەشەکانی دیموکراتی و مەدەنی و چاککردنی گوزەرانی خەڵک بەرەو دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کاراکردنی یەکریزی نیشتمانیی لە پێناوی ئامانجی مافی چارەنوسی گەلەکەماندا دەتوانن رۆڵی شایستەی خۆیان لەم پێناوەدا بگێرن. بەتایبەتی کە لەگەڵ تێکشکاندنی داعشدا زەمینەی نوێ دێتەکایەوە تا لە ئاستی عیراقدا پێکەوە چارەسەری دەستووری و شەراکەتی راستەقینەو دەستەبەری ئابووری بۆ کێشە پەنگخواردووەکانی گەلەکەمان بەدیبھێنین و لەناوخۆی کوردستانیشدا حزب و لایەنەکان بەتێروانین و پەرۆشییەکی نوێوە نەک بەگیانی حزبی حوکمڕانی دابڕاو لە خەڵک یان رەخنەی حزبیی ئۆپۆزسیۆنەوە بیر لەچارەسەری کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم و کاراکردنەوەی پەرلەمان بکەینەوە بۆ بەدەستھێنانی ئیستحقاقی نوێی گەلەکەمان ، ھاوشانی چاککردنی کێشەی موچەو گوزەرانی خەڵک.
دڵنیاین کۆنگرەکەتان بەو گیانی بەرپرسیارێتییەی لە حزبی شیوعی رادەبینرێت ئەم ئەرکانەی قۆناغ دەکاتە خەمێکی سەرەکی خۆی.
جارێکی تر پیرۆزباییتان لێ دەکەین و ھەر سەرکەوتووبن
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات