داعش دەیەوێت بە 1800 چەكدارەوە پەلاماری كەركوك بدات

kirkuknow1kurdish

DA3SHبەپێی راپۆرتێكی هەواڵگیری عیراقی كەئاراستەی لیژنەی ئاسایش‌و بەرگری پەرلەمانی عیراق كراوە، داعش دەیەوێت مانگی داهاتوو بە 1800 چەكدارەوە پەلاماری شاری كەركوك بدات.

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش‌و بەرگری لەپەرلەمانی عیراق، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە “پێش شەڕی موسڵ قەزای حەویجەی رۆژئاوای كەركوك 300 چەكداری تێدا بوو، بەڵام ئێستا 2000 چەكداری تێدایە”.

هۆشیار عەبدوڵا، ئاماژەی بەوەشكرد كە ژمارەی ئەو چەكدارانەی پێشتر هێرشیانكردە سەر كەركوك‌و دزەیانكردە نێو شارەكە 163 بۆ 169 چەكداربوون، وتی “داعش دەیەوێت ئەمجارە بە 1800 چەكدارەوەو لەمانگی داهاتوودا لەقۆڵی مەریەم بەگەوە هێرش بكات، ئەوەش بەپێی ئەو راپۆرتەی گەیشتوەتە لیژنەكەمان”.

ئامانجی سەرەكی داعش لەپیلاندانان بۆ پەلاماردانی شاری كەركوك، كەمكردنەوەی فشارەكانی سەر موسڵە كە ئێستا لەلایەن هێزە عیراقییەكانەوە بەشێكی ئەو شارە كۆنترۆڵكراوە.

سەبارەت بەچۆنیەتی خۆگەیاندنی ئەو 2000 چەكدارە بۆ ناو حەویجە لەكاتێكدا پەیوەندی ئەو شارە بەموسڵەوە بچڕێنراوە، هۆشیار عەبدوڵا وتی “بۆشاییەكی 4 كیلۆمەتری هەبووە بەشێكی زۆری ئەو چەكدارانە لەو بۆشاییەوە خۆیان گەیاندوەتە حەویجە”.

لەئێستا هێزی پێشمەرگە لەتەواوی ناوچەكانی دەوروبەری كەركوك لەحاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچ دانەوەی هەر هێرشێكی داعش.

وەستا رەسوڵ فەرماندەی میحوەری باشوری كەركوك وتی “پێشمەرگە هەموو ساتێك لەئامادەباشیدایە بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش”.

قەزای حەویجەی رۆژئاوای كەركوك كەنزیكترین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعشە لەكەركوكەوە، بڕیاربوو پێشمەرگەو حەشدو هێزە عێراقیەكان پێكەوە هێرش بكەنە سەری‌و كۆنترۆڵی بكەن، بەڵام هێرشەكە دواخرا.



سه‌رچاوه‌Kirkuk Now

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات