دامەزراوەیەکی خێرخوازی: سێیەکی منداڵانی کۆچبەری کەمپی کالاس بێسەروشوێنن

harem

لە دوای ڕووخانی کەمپی “کالاس” لە فەڕەنسا دامەزراوەیەکی خێرخوازی بە ناوی ” ڕفیوجی یوس سێرڤز” ئاشکرای کردووە کە سێیەکی منداڵان کە پێشتر لەو کەمپەدا بوون لە ئێستادا دیار نەماون.

ئەو کەمپە پێش ڕووخانی زیاتر لە ١٠ ھەزار کۆچبەری نایاسایی لەخۆگرتبوو، ژمارەیەکی زۆری منداڵی بێسەرپەرشییش لە کەمپەکەدا جێگیر کرابوون. لەئێستاشدا ئەو کۆچبەرانە بۆ سەنتەری تایبەت بە کۆچبەران لە ناوچەکانی دیکەی فەڕەنسا گوێزراونەتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، بەھۆی کەوتنەوەی ئاگرێک لە کەمپێکی کۆچبەران لە دورگەی “لیسفۆس”ی یۆنان، ٢ کەس کە یەکێکیان ژنێکی تەمەن ٦٥ ساڵە و ئەوەی دیکەشیان منداڵێکی تەمەن ٦ ساڵە گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون. بەرپرسانیش ڕایانگەیاندووە کە پێدەچێت ئەو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەیە بە ھەڵە ڕوویدابێت. زیاتر لە ٦ ھەزار کۆچبەریش لە ئێستادا لە دورگەی “لیسفوس”ی یۆنانن و ژمارەشیان بەپێی ئەو شوێنانەی بۆیان دابین کراوە زیاترە. بە کۆی گشتیش ٦٢ ھەزار کۆچبەر و پەنابەر لە یۆناندا ھەن.

ھاوکات پێکدادن لە نێوان کۆچبەران و ھێزەکانی پۆلیس لە کەمپێکی کۆچبەراندا لە شاری “ھارمانلی” لە باشوری بولگاریا ڕوویداوە. ئەو پێکدادانەش لە دوای ٢ ڕۆژ لە داخرانی ئەو کەمپە دێت بەوپێیەی مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی پێست لە نێو کۆچبەرانی ئەو کەمپەدا دەکرێت و داواش دەکرێت لێکۆڵینەوە لە ڕەوشی تەندروستی کەمپەکە بکرێت.

لە ھەفتەی ڕابردووشدا دانیشتووانی شاری “ھارمانلی” خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا و داوایان دەکرد کە ئەو کەمپە دابخرێت بەوپێیەی سەرچاوە ھەواڵییەکانی ناوخۆی وڵاتـەکە بڵاویانکردۆتەوە کە کۆچبەرانی ناو ئەو کەمپە ڕووبەڕووی نەخۆشی پێست بوونەتەوە و مەترسی بڵاوبوونەوەشی لێدەکرێت. ئەو کەمپەش گەورەترین کەمپە لە بولگاریا و نزیکەی ٣ ھەزار کۆچبەری لە خۆگرتووە کە زۆربەیان ھاووڵاتی ئەفغانین.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات