“چارەنووسی سێ هەزار ژن‌و كچی ئێزیدی دیار نییە”

kirkuknow1kurdish

vyannڤیان دەخیل، پەرلەمانتارێكی دیاری ئێزدییەكان ئاشكرایدەكات كە چارەنووسی سێ هەزار لەژن‌و كچی ئێزیدی دیار نییە، دوای ئەوەی لەساڵی 2014 لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەستگیركران‌و وەكو كەنیزەك مامەڵەیان لەگەڵدا كرا، بۆیە داوای هاوكاریی نێودەوڵەتی كرد.

ئەو وتانەی دەخیل لەمیانی پێشكەشكردنی وتارێكیدا هات لەكۆنفرانسی “چارەنووسی ئێزدیی‌و كریستییانەكان دوای شەڕی موسڵ”،  كە ئەمڕۆ هەینی لەپاریسی پایتەختی فەرەنسا دەستیپێكرد.

دەخیل وتی “دۆخی ئاوارە ئێزدییەكان باش نییەو، ئەو دۆخەی بەسەر كوردانی ئێزدیدا هاتووە، بەسەریاندا سەپێندراوە… كوردانی ئێزدی بەهۆی ئایینەكەیانەوە تووشی ئەو دۆخە هاتوون، بۆیە پێویستە هاوكاری نێودەوڵەتی هەبێت بۆ دروستكردنەوەی متمانە لەنێوان پێكهاتەكانی عێراقدا”.

لەگەڵئاماژەدان بەوەی كە لەعیراق “قەیرانێكی گەورە بۆ ئێزدیی‌و كریستیانەكان دروستكراوەو خەڵكێكی زۆری كوردی ئێزدی بەدەستی داعش كوژراون”.

داعش لەمانگی هەشتی 2014 هێرشكردە سەر قەزای شەنگال سەر بەپارێزگای موسڵ‌و كۆنترۆڵیكرد، كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی ئێزیدین‌و خەڵكەكەی روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ‌و راوەدوونان بوونەوە لەلایەن چەكدارانی داعشەوەو ژن‌و كچە ئێزیدییەكانیش رفێنران‌و وەكو كەنیزەك لەلایەن چەكدارانی داعشەوە مامەڵەیان لەگەڵدا كراو كڕین‌و فرۆشتنیان پێوەدەكرا.

دەخیل لەبارەی چارەنووسی كچان‌و ژنانی ئێزیدی ژێر دەستی داعش، وتی “تاوەكو ئێستا زیاتر لەسێ هەزار كەس چارەنووسیان دیارنییە… حكومەتی هەرێمی كوردستان نووسینگەیەكی بۆ رزگاركردنی ژن‌و كچانی ئێزدی كردووەتەوەو تاوەكو ئێستا سەدان كچ‌و ژن لەڕێگەی نووسینگەكەوە رزگاركراون”.

دەخیل كەسایەتی دیاری ئێزدییەكانەو نوێنەری قەزای شەنگالە لەپەرلەمانی عیراق، وتارەكەی لەڕۆژی كەوتنی شەنگال‌و گریانە بەكوڵەكەی لەكاتی قسەكردنی لەنێو هۆڵی پەرلەمان، كاریگەریی لەسەر بەئاگاهێنانەوەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان‌و وڵاتانی جیهان هەبوو لەسەر كەیسی ئێزدییەكان‌و مامەڵەی دڕندانەی داعش لەگەڵییان.

ڤیان دەخیل وتی “هەوڵەكان بەردەوامن بۆ رزگاركردنی ژن‌و كچانی ئێزدی لەدەستی داعش”.



سه‌رچاوه‌Kirkuk Now

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات