سەرۆکی تورکیا ھەڕەشەی کردنەوەی سنووری وڵاتەکەی بەڕووی کۆچبەران دەکات

harem

لەگەڵ بەردەوام بوونی گرژی و ناکۆکییەکانی نێوان ئەنقەرەو یەکێتی ئەوروپا، سەرۆکی تورکیا ھەڕەشەی کردنەوەی سنووری وڵاتەکەی بەڕووی کۆچبەران دەکات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان رۆژی ھەینی لە وتەیەکدا رایگەیاند: بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەوروپا سەبارەت بە ھەڵپەساردنی گفتوگۆکان لەگەڵ تورکیا بەمەبەستی بە ئەندام بوونی لە یەکێتی ئەوروپا، بڕیارێکی نابەجێیەو لەبەرژەوەندی ھیچ لایەکدا نییە، وتیشی: ئێمە نزیکەی سێ ملیۆن و پێنج سەد ھەزار کۆچبەرمان نیشتەجێ کردووەو رێگەمان نەداوە سنووری وڵاتانی ئەوروپا ببەزێنن، بەڵام ئەگەر یەکێتی ئەوروپا رێوشوێنی توندتر لەبەرامبەر ئەنقەرە بگرێتەبەر، تورکیاش بەشێوازی مامەڵە کردن لەگەڵ کۆچبەرەکاندا دەچێتەوەو سنوری خۆی بەڕوویاندا واڵا دەکات، بۆئەوەی بچنە ناو خاکی وڵاتانی ئەوروپا.

یەکێتی ئەوروپاو تورکیا لە ساڵی ٢٠١٦، رێککەوتننامەیەکیان ئیمزاکرد سەبارەت بە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بۆ تورکیاو لەبەرامبەردا وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا ھاوکاری دارایی پێشکەش بە ئەنقەرە دەکەن و لەھەمان کاتدا گفتوگۆکانیش بە ئامانجی بوون بە ئەندامی تورکیا لە یەکێتییەکە، چڕتر دەکرێتەوە.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات